ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ی چاوپَكه‌وتنی له‌گه‌ڵ باوكی ژینا ئه‌مینی ئه‌نجامدا، سەرلەنوێ ده‌ستگیركرایه‌وە

نازیلا مه‌عروفیان، ژنه‌ ڕۆژنامه‌نووسی كورد، كه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ باوكی ژینا ئه‌مینی ئه‌نجامدابوو، جارێكی دیكه‌ ده‌ستگیر كرا.

نازیلا مه‌عروفیان، ژنه‌ ڕۆژنامه‌نووسی كورد، كه‌ دوای خۆپیشاندانه‌كانی سه‌هه‌ڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ باوكی ژینا ئه‌مینی ئه‌نجامدابوو، كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو ده‌ستبه‌سه‌ركرا، دوای ٧٢ ڕۆژ زیندانی كردن، سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ به‌ دانانی بارمته‌ی ٦٠٠ ملیۆن تمه‌نی، به‌شێوه‌ی كاتی له‌ زیندان ئازاد كرا.

ئه‌و ژنه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ دواتر ڕایگه‌یاند، به‌ تۆمه‌تی "پڕۆپاگه‌نده‌ دژی ڕژێمی ئێران و شێواندنی ڕایگشتی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست" سزای دوو ساڵ زیندان و ١٥ ملیۆن تمه‌ن پێبژاردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌، ئه‌مڕۆ له‌كاتی سه‌ردانی بۆ دادگای ئه‌وینی تاران جارێكی دیكه‌ ده‌ستگیركراوه‌ته‌وه‌.

ئاماده‌بوونی نازیلا له‌به‌رده‌م دادگا دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئیتلاعات چووبوونه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و بانگهێشتنامه‌ی ئاماده‌بوون له‌به‌رده‌م دادگایان ڕاده‌ست كردبوو.

مه‌عروفیان له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات، له‌كاتی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی، ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌كه‌یدا گرتووه‌.

ژ.ن