ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش ئاشکرا کرا

ئەنجامنامەی ٢٥ەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمیتەی کارو چالاکی ١٠٠ساڵەی پەیمانی لۆزان ئاشکرا کرا.

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش رۆژی ٠٣-٠٩-٢٠٢٣، ٢٥ەمین کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری کۆمیتەی کارو چالاکی ١٠٠ساڵەی پەیمانی لۆزان کرد. کۆبوونەوەکە لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل بەڕێوەچوو. ئەمە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بوو، ئەندامانی هەردوو کۆمیتەکە بەشدار بوون و پێکەوە پلانی کارو چالاکی هاوبەشیان داڕشت.

بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە سەرەتا رەوشی سیاسیی کوردستان، بە تایبەتی رۆژاوای کوردستان، رەوشی کەرکوک و دێرەزور، هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باکورو باشوور و رۆژاوا، رەوشی مەترسیدار و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەفرین، لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی " ژن ژیان ئازادی "دا، دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڕەشەکانی ئێران، گۆشەگیری لە زیندانی ئیمراڵی بەرامبەر بەڕیز عەبدولا ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسیی، دوا گۆڕانکارییەکانی کوردستان و رۆهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها رۆڵی هێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا، بە بەرفراوانی هاتنە بەر باس و شیکردنەوە.لە هەمان کاتدا لەگەڵ پلانسازیی بۆ کارو خەبات، بڕیار و ئەنجامی کۆنفرا نسی " لە سەدەمین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزاندا هەڵوێستی گەلی کوردستان " و ئەو کارو چالاکیانەی کە لە سەدەمین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزاندا پێویستە بکرێن، بە فراوانی وتووێژیان لەسەر کراو پلانیان بۆ دانرا.

لە ئانجامی وتوێژەکاندا، ئەم خالانەی خوارەوە پەسەند کران:

١. عێراق بە گشتی لە دۆخێکی نادیاردایە. ئەم رەوشە لەگەڵ خۆی مەترسی بۆ قەوارەی کوردستان بە گشتی دێنێت. لەبەرئەوەی عێراق لە قەیرانی قووڵدایە، گەلێک دەستی دەرەکیش کەوتوونەتە ناو ئەو وڵاتە. بەداخەوە هێزە کوردستانییەکان لەم دۆخە نادیارەدا هاودەنگ و تەبا نین. سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەوڵدانەکانی لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرنجراکێشن. رێک لەدوای سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، دۆخێکی نەخوازراو لە کەرکوک هاتە ئاراوەو لە ئەنجامدا چوار هاونیشتمانیی کورد شەهید بوون و ژمارەکیش بریندار بوون.

راستە پێکهاتەی وەک تورکمان، عەرەب و ئاسوری و هی دی تر لە  کەرکوک دەژین و لەو شارە نیشتەجێن. بەڵام کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان و زۆرینەی خەڵکی کەرکوک کوردن. ئەوەی لە کەرکوک رووئەدات رووداوێکی ئاسایی نییە. ئێمە نابێ بە سادەیی سەیری بکە بکەین. ئەو رووداوانە بەردەوامیی هێرشەکانی دوای ریفراندۆمن. ئەو رووداوە بەشێکە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان کە لەمیژە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دی پەیڕەو ئەکرێت. ئاشکرایە دەستی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و شۆڤێنیستانی عەرەب لەو رووداوانەدا هەن. سەرهەڵدانی ئەو رووداوانە دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەو وڵاتە، هەروا بە ڕیکەوت نییە. دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا کەرکوک وەک شارێکی تورکمانی بە ناو ئەکات. دەمێکە تورکیا دەستوەرئەداتە کاروباری ئەو شارەوە. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە هەستیارییەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەرکوک و هاونیشتمانانی کەرکوک بکەن. پێویستە هەموو پارت و لایەنەکان بەرژەوەندی کەرکوک بخەنە پێش بەرژەوەندی حزبی و شەخسی خۆیانەوە. پێویستە ئاسایشی کەرکوک بپارێزرێت و هەموو پێکهاتەکانی ئەو شارە لە ئاشتی و ئارامیدا بژین.

٢. هەر لە هەمان ئەو رۆژانەدا کە لە کەرکوک کردەوەی دژی خەڵکی روودەدەن، دوژمنانی گەلەکەمان لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریاش، لە دێرەزور بە هاوکاریی چەتەکان دەستیان بە هێرش بۆ سەر دەسکەوتەکانی شۆڕش کرد. هێرشەکان هەر بە دیڕەزورەوە نەوەستان، بەڵکو چەکان لە مینبەج، و عەین عیسا و تەلتەمریش هێرشیان کرد. هێرشکاران ویستیان ئەو رووداوانە وەک شەڕی کورد و عەرەب بناسێنن. بەڵام ئەوە هەرگیز راست نییە. بەڵکو هەر یەک لە رژێمی سوریا و ئێران و دەوڵەتی تورکیا لە پشت ئەو هێرشانەوەن. ئەوە پیلانێکە بۆ لەناوبردنی شۆڕشی رۆژاوا. ئەو پیلانە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئاستانە و سوچی داڕێژرا. ئەو پیلانە پارچەیەکە لە هەماهەنگی داگیرکەران کە لەدوای ریفراندۆمەوە بە جدی کاری بۆ کراوە. ئێمە نابێ رووداوەکانی دێرەزورو کەرکوک لە یەکتر جیا بکەینەوە. رێکەوت نییە کە لە هەمان کاتدا لە باشوور و رۆژاوای کوردستان و بە هەمان مەبەست رووداو بە هەمان ناوەرۆک بە مەبەستی لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان رێکدەخرێن. هەردوو رووداوەکە پێکەوە گرێدراون و  پیلانەکان لەیەک ناوەندەوە دائەڕێژرێن کە ناوەندی داگیرکارییە. هەروەک دوژمنانمان پێکەوە هاوکاری و جووڵە ئەکەن، پێوستە ئێمەش لە بەرامبەریان یەکێتی ناوخۆییمان پتەوتر بکەین و پێلانەکانیان پووچەڵ بکەینەوە.

لە عەفرین هێرش بۆ سەر گەلەکەمان و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامن. هەتا 6 ساڵ پێش ئێستا دانیشتوانی عەفرین نزیکە هەموو کورد بوون. بەڵام دوای ئەوەی تورکیا شارەکەی داگیرکرد، زۆرێک لە کوردەکان دەرکران. ئەوانەش کە مانەوە لەژێر گوشار و سەختییەکی زۆردا گوزەران ئەکەن. عەفرین رادەستی چەتەکان کراو بە زۆرو زۆرداری دەست بەسەر ماڵ و موڵکی کورداندا گیرا. ژمارەیەکی زۆر عەرەب و تورکمانیان بردە عەفرین، دیمۆگرافیای شارە کە گۆڕدرا. هەمان کار لە سەرێکانی و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەش کرا. ئەوەی لەو ناوچانە روودەدەن تاوانی دژی مرۆڤایەتین. پێویستە کوردستانیان ئەو رەوشە بە تایبەتی لەبەرچاو بگرن. ئەبێ ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن.

پێویستە لە دژی ئەو هێرش و پیلانانە رۆژاوای کوردستان و هەموو باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێن. پێویستە چەترێکی ناونەتەوەیی بۆ پاراستنی رۆژاوا دابین بکرێت. بۆ پاراستن لە دژی هێرشەکانی تورکیا و هەموو هێرش و دەستوەردانەکانی دوژمنان، بۆئەوەی رۆژاوا ببێتە هەرێمێکی پارێزراوو ئارام ( هەرێمێکی دژە فڕین )، پێویست بە خەباتێکی فراوان و تایبەت هەیە. هەروەها دەبێت هەموو هێزەکانی تورکیا لە خاکی رۆژاوای کوردستان بکرێنە دەرەوە. ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵ و جێگەی خۆیان. پێوستە هێزێکی ناونەتەوەیی بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنوورەکان جێگیربکرێت. ئەم بابەتە لە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانماندا بابەتێکی سەرەکییە.

٣. پاش ئەشکەنجەدانی کچە کورد ژینا ئەمینی و شەهیدکردنی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان، بە دروشمی "ژن - ژیان - ئازادی"، گەلانی ئێران ڕاپەڕین و لە دژی ستەم و زەبروزەنگی دەسەڵات خۆپیشاندانی جەماوەری و گەورە بەڕێوەچوون. لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و لەو هێرشانەدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەر کران. بەشێک لەو زیندانیانە چارەنووسیان نادیارە. زۆرێک لە چالاکوانان لەسێدارە دران و تا ئێستاش ئەو لەسێدارەدانانە بەردەوامن.

زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دێموکراتیکەکانی هەموو خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و خەڵکانی ناڕازی سەرکوت دەکات. ئێران بۆتە زیندانێکی کراوە بۆ ژنان و هەموو خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران دڵخۆش نین، ڕازی نین و ئازادی و وڵاتێکی دیموکراتیان دەوێت. ئەم خۆپیشاندانانەش نیشانەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە.

کۆبوونەوەکە داواکاری و خواستەکانی گەل بۆ ئازادی و دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات بە ڕەوا و راست دەزانێت و پاڵپشتی خۆپیشاندەران و سەرجەم چالاکوانان دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان ریسواو شەرمەزار کران.

لەم کاتەدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران لە دژی هێزەکانی کوردستان زیادی کردووە. ئێران هەڕەشە لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە تا ١٩ی ئەیلول چەک دادەنێن و بنکەکانیان لە باشوور چۆڵ بکەن. ئەمە دۆخێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە سەرجەم پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەکرێت بە زووترین کات لەناو خۆیاندا بەرەیەک پێکبهێنن و دژی هێرشەکان هەنگاو بنێن.

کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکات کە بەرەیەکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لە دژی رژێم راوەستن.

ئێستا ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن - ژیان - ئازادی" نزیک دەبێتەوە و یادەکەش لە ١٦ی ئەیلولدایە. لە ناوەوە و دەرەوە خەڵکی ئێران خۆیان بۆ ئەو یادە ئامادە دەکەن. کۆبوونەوە داوا لە کورد و هەموو خەڵکی ئێران دەکات کە بەشداری چالاکییەکانی ئەو یادە بکەن و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن - ژیان - ئازادی" بکەن. جگە لەوەش کۆبوونەوە داوا لە هێزە دێموکراتیکەکانی جیهان دەکات کە خەڵکی ئێران بە تەنیا جێ نەهێڵن و پشتیوانی لە تێکۆشەرانی دژ بە سەرکوتکاران بکەن.

٤. دەوڵەتی تورکیا، دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردە. هێرش دەکاتە سەر تەواوی کوردستان و لە هەرێمدا سەرکێشی دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەکات و لە هەموو جیهاندا دژبەری گەلی کوردە. تورکیا هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەی داگیرکاری لە باشوری کوردستان زیاتر دەکات.  ئەم هێرش و داگیرکەرییە نەک تەنها ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشینی گرتۆتەوە، لە هەمان کاتدا لە باشیکێ، شەنگال، کەرکوک، مەخمور هەتا دەگاتە پێنجوێن، چەمچەماڵ و کفریش درێژ بۆتەوە. رۆژانە هێرشی رۆژاوای کوردستانیش دەکات و ئامادەکاری بۆ داگیرکەریەکی بەرفراوان تر دەکات ئامانجی دەوڵەتی تورکیا، لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە. لە شەڕی دژی گەریلاکانی کوردستان دا تورکیا لە هێرشەکانیدا چەکی قەدەغە – چەکی کیمیایی بەکاردێنێ. تاوەکو ئێستا زۆرێک لە شەڕڤانانی ئازادی بەو چەکانە شەهید بووین.

کۆبوونەوە سەرەتا نەتەوە یەکگرتووەکان و OPCW هەروەها بانگی هەموو سازیە پەیوەندیدارەکانی ناونەتەوەیی دەکات کە لەبەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگ نەمێنن و لە دژی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و کیمیایی دەرکەون. کۆبوونەوە هەروەها بانگی هەموو هێزە کوردستانیەکان دەکات  کە لە بەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکەریەی دەوڵەتی تورکیا کاریگەرتر دەرکەون. لەناوەوە و دەرەوە زیاتر دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕن.

بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کە هێرش و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیایان پوچەڵ کردۆتەوە. کۆبوونەوە ئەم بەرخۆدانە قارەمانانەی هێزەکانی ئازادیی کوردستان بە پیرۆزیەوە سڵاو دەکات.

 ٥. پەیوەندی و ژێرباربوون بە هێزە داگیرکەرەکان هەستیارن و دەبێ ئەم پەیوەندیانە تاکتیکی بن و لەهەمان کاتیشدا لەبەرژەوەندی گەلی کورد بن. نابێت لە دژی هیج هێزێکی کوردستانی هاوکاری هێزە داگیرکەرەکان بکرێ. کۆبوونەوە دژبەرایی هێزێکی کوردستانی یان پەرچەیەکی کوردستان لە بەرژەوەندی دەوڵەتێکی داگیرکەر بە هێڵی سوور دەبینێت و مەحکومی دەکات.

٦. شەنگال پارچەیەکە لە خاکی کوردستان. ئەم شارە لە زۆر رووەوە لەژێر فشار و هێرش دایە. دەبە هەموو هێزە کوردستانیەکان لە دژی ئەو فشار و هێرشانە دەرکەون و شەنگال بپارێزن. دەبێ ناسنامەی ئێزیدیخان لە شەنگال بپارێزرێ، دەمۆگرافیی شەنگال تێکنادرێ و دەبێ رۆڵەکانی – خەڵکەکەی خۆی خۆی بەڕێوەبەرێ.

٧. ئەوا بۆ ٣٠ مانگ دەچێ هیچ خەبەرێک لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ەوە نەگیراوە. دووا جار پێش ساڵێک CPT چووە ئێمڕاڵی، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئاگاداری و پێزانینێکی نەداوە. ئەم دۆخە گەلێک مەترسیدارە. بێدەنگی CPT و کۆنسەی ئەورۆپا جێگای قبوڵکردن نیە و ئێمە بانگی ئەم سازیانە دەکەین کە بە پەلە بەرپرسیارێتیان بەجێبگەیێنن. هەروەها ئێمە پشتگیریی کامپانیای ئازادیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین و بانگی هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین کە پەیوەندی بەم کامپانیایە بگرن و زیاتر بەهێزی بکەن.

٨. ئێمە لە سەدساڵەی واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان داین. سەد ساڵ پێش ئێستا لە کۆنفەرانسێکی نێودەوڵەتیدا، نیشتیمانەکەمان پارچەکرا و لەسەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر دا دابەشکرا. پەیمەننامەی لۆزان، بۆ ئێمەی کورد بەڵگەیەکی جینۆسیدە  و خەنجەرێکی ژەهراویە لەناو دڵماندا. ئێمە وەکو گەلی کورد ئەم پەیمانەرەشە قەبوڵ ناکەین و بەهەموو هێز و توانامان لە دژی ئەو بەڵگە کوشندەیەی پەیماننامەی لۆزان دەوەستینەوە. بۆ ئەوەی ئەنجامە خەراپەکانی ئەم پەیمانە رەشە لاببرێن، بۆ ئەوەی چیدی پەیمانگەلی وەکو ئەو پەیماننامەیە بەسەرمانەوە نەسەپێنرێتەوە. لە ناو ئەم ساڵەدا زۆر کار و چالاکیمان ئەنجام دا.

دواین کار لەژێر ناوی” لە سەدەمین ساڵەی پەیمانی لۆزاندا، هەڵوێستی گەلانی کوردستان”  لە رۆژانی سەدساڵەدا لە شاری لۆزان خۆی، کۆنفەرانسێکی کوردستانی مەزنمان پێکهێنا. هەروەها لەهەمان کات و لەهەمان شاردا رێپێوانێکی گەورەی جەماوەریش ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەدا کۆنفەرانس و سەرجەم چالاکیەکانی سەدساڵەی لۆزان بە شێوەیەکی بەرفراوان نرخێندران و بۆ بڕیار و راسپاردەکانی کۆنفەرانس جێبەجێ بکرێن پلانسازیەکی توکمەی بۆ کرا. کۆنفەرانس بە گشتی سەرکەوتوانە نرخێندرا و لە ئامادەکاران و خەباتکاران و بەشداربووان سوپاس و پێزانین پێشکەشکران.

هێشتا کار و چالاکیەکانی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەردەوامن. لە نەخشەی کارەکانماندا پێکهێنانی فۆڕمێکی (کۆنفەرانس – تریبونال) ناونەتەوەیی هەیە. ئێمە لەکۆنفەرانسی لۆزان دا هەڵوێستی گەلی کوردمان گەیاندە رای گشتی. ئێستا دەمانەوێ لە ئاستی گەورەیی کۆنفەرانسی لۆزاندا فۆرمێکی جیهانیش پێکبێنین. لەم فۆرمەدا بە شێوەیەکی ئاکادێمی و یاسایی، لە سەد ساڵەی دوای لۆزان لە کوردستان و لە ناوچەکەدا بەگشتی ئەنجامەکانی ئەم پەیماننامەیە لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا  بنرخێنین و ئەنجامەکانی بە جیهان بگەیێنین.

بۆ ئەوەی سەد ساڵی تریش لەم دۆخە خراپەدا نەمێنین، پێویستە یەکێتی خۆمان خورتتر بکەین و دەنگمان بگەیەنینە هەموو جیهان. بۆ ئەمە، بانگی هەموو سازی، هێز ، دەزگا، پارتی و رێکخستنەکانی کوردستانی و هەموو گەلی کوردستان دەکەین  کە پشتگیری لە کۆمیتەی کار و چالاکیەکانی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان بکەن و بەشداری لە کار و چالاکیەکانی دژ بەو پەیماننامەیە بکەن.

٩. ئێمە لە کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشیی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی و کۆمیتەی کار و چالاکیەکانی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان، بانگی هەموو پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین کە پەیوەندی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارتی و رێکخستنە سیاسیەکانی کوردستان و کۆمیتەی کار و چالاکیەکانی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزانەوە بکەن و بۆ ئەوەی بەیەکەوە کاری دیپلۆماسیی کوردستانیی پێکبەنین و چالاکیەکانی دژی ئەو پەیماننامەیە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدەین.

دوای نرخاندنی تەواوی دۆخی سیاسی، لەسەر خەبات و کارەکانی سەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەوانەی تاوەکو ئێستا پێکهاتوون، ئاگاداری دران و بە گشتی نرخاندنیان بۆ کرا.  دوای ئەو گفتوگۆیانە، لەسەر  پلانسازی بۆ کار و چالاکیەکانی ئایندە پێشنیاز گیرانە بەر و پلانسازیان بۆ کرا.

دوای نرخاندن و خوێندنەوە و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکان کە بەگشتی شەن و کەو و تاوتوێ کران و پلانسازی بۆ کارو خەباتی داهاتوو داڕیژرا.

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا هاتووە، "کوردستان یەک نشتیمانە، گەلی کورد خاوەن مافی چارەنووسە!، ئێمە پەیمانی پارچەکردنی کوردستان، پەیماننامەی لۆزان رەد دەکەین، ژن، ژیان،  ئازادی".

هـ . ب