ئیهەدە پەیوەست بە 'قەیوم' نامەیەکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ نارد

لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی شیشلی ئەستەنبوڵ لە پێش بینای کۆمەڵەکە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە ئەرەن کەسکین و چەندین پارێزەر بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چالاکییەکەدا پانکارت بە نوسینی "نا بۆ قەیوم! ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن" دانرا و دروشمی "قەیوم دەڕوات، ئێمە دەمێنینەوە" بەرزکرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەرەن کەسکین ئاماژەی بەوەدا دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە دژی یاسایە و جەختی کردەوە لەوەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی شیشلی دەستوەردانە لە بەرانبەر ئیرادەی هەڵبژاردنی کورد و گوتی: "ئەمە دووژمنایەتییە لە بەرانبەر گەلی کورد. لە لایەک باسی پڕۆسەی نوێ دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبەر گەلی کورد دووژمنایەتی ئەنجام دەدریت."

سەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی ئیهەدە گوڵسەران یۆلەری ئەوەی بیرهێنایەوە تاوەکو ئێستا ١٢ شارەوانی دەستی بەسەردا گیراوە و ئاماژەی بەوەدا دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە دژی ڕێبازەکانی دەوڵەتی یاسایی دیموکراتیکییە.

ئیهەدە سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان نامەیەکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ نارد و لە نامەکەدا داوای کردوە ئەو بڕیارانەی دراوە دیسان هەڵسەنگێنرێتەوە و هەڵوەشێتەوە.