ئیران: رێککەوتنی ئەتۆمیمان لەگەڵ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆتایی هات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنی سێ مانگی نێوان تاران و رێکخراوی وزەی ئەتۆمی کە بۆ چاودێریکردن ئیمزاکرابوو، کۆتایی هات.

ئاژانسی فارسنیوز رایگەیاند، محەمەد بەکر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، لە ٢٢ی ئایارەوە، رێککەوتنی سێ مانگی نێوان تاران و رێکخراوی وزەی ئەتۆمی کە بۆ چاودێریکردن ئیمزاکرابوو، کۆتایی هاتووە.

کەناڵی فەرمی دەوڵەتی ئێرانیش بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نێو حکومەت وتی، "پێدەچێت بە مەرج رێککەوتنەکە مانگێکی دیکە درێژ بکرێتەوە. ئەگەر درێژبکرێتەوە و رۆژئاوا مەرجە رەواکانی ئێران قبوڵ بکەن، ئامار رادەستی رێکخراوەکە دەکرێت، بە پێچەوانەوە دیمەنەکان لەناودەبرێن."

رێکخراوی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی رۆژی پێنجشەمە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵ دەدەن، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران درێژ بکەنەوە.

ف.ق