ڕۆژنامەنووس وڵات ئاڵتن تاش سزای ساڵێک و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی (وڵات) سزای ساڵێک و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

لە دادگایی کردنی یەکەمی دۆسیەی مەحموود ئاڵتن تاش پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی وڵات لە دادگای تاوانە قورسەکانی دووەمی ئادیامان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" تۆمارکرابوو.

 لە دادگایی کردنەکەدا کە بە ناسنامە دەستی پێکرد، مەحموود لە بەرگریکردنەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەو بابەتانەی بڵاوی کردووتەوە لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکەیدایە و تاوانێکی ئەنجام نەداوە. مەحموود ڕایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەی بەرهەمی هێناوە بە تاوان هەژمار کراوە و ئەمەش پێچەوانەی ئازادی ڕۆژنامەوانییە.

دیلان گولەر، پارێزەری مەحموود ئاڵتن تاش ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتە ئامادەکراوە لەبواری یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە و بەڵکوو مەحموود ئاڵتن تاش بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکەیەوە دادگایی دەکرێت. بۆیە داوای بێتاوانی ناوبراو دەکەم.

زەلال دەمیرای، پارێزەرێکی دیکەی مەحموود ئاڵتن تاش، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بابەتانەی بڵاو کراوەتەوە، لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکاندا بووە بە پێی یاسایی ناوخۆیی و جیهانیەکان تاوان نییە.

داواکاری گشتی بۆچوونی خۆی لەسەر دۆسیەکە خستە بەردەم دادگا و داوای سزادانی مەحموود ئاڵتن تاشی کرد.

دواتر، دەستەی بڕیاردانی دادگا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" سزای ساڵێک و ٦ مانگ زیندانی بەسەر مەحموود ئاڵتن تاش دا سەپاند و سزاکەی دواخست.