ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکان: لەبریی وتەکانی خۆمان لێکدانەوەی داواکاری گشتیمان لە دژ بەکارهێنرا

ڕۆژنامەنووسانی کورد بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانی و لەسەر لێکدانەوەی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک زیندانیکران.

دیرەن یورتسەڤەر سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA)، دەنیز نازلم پەیامنێرانی MA، بێریڤان ئاڵتان، سەلمان گوزەلیوز، ئەمروڵڵا ئاجار و جەیلان شاهینلی و پەیامنێرانی ژن نیوز حەبیبە ئەرەن و ئۆزنور دەگەر لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا دەستگیرکران، نیوەشەوی ڕابردوو پەیامنێرانی MA زەمۆ ئاگگۆز و محەمەد گونهان لە لە ئۆفیسی MAی لە ئەنقەرە دەستگیرکرابوون و ئەوان بە مەرجی دەستگیرکردن لە ماڵ دا ئازادکرابوون و بڕیاری زیندانیکردن بۆ رۆژنامەنووسانی تر دەرکرا و رەوانەى زیندان کران.

ڕۆژنامەنووسان لە کاتی دەستبەسەربوونیاندا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس ئەشکەنجە درابوون و دواتر لە داواکاری گشتی وتەیان لێوەرگیرابوو. لەلێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی دا پرسیار لەبارەی هەواڵەکانیان و چاوپێکەوتنەکانیان و سەرچاوەی زانیارییەکانیان و هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتە رۆژنامەوانیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پرسیاری هاوڕێکانیان و گەڕانەکان و سەردانەکانیان لێکرابوو. ڕۆژنامەنووسان لە کاتی لێکۆلینەوەی داواکاری گشتی دا ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ئەشکەنجەدراوان، وتە نادەن.

داواکاری گشتی پرسیاری لە پەیامنێری ژن نیوز ئۆزنور دەگەر کردبوو، کە بە چ هۆکارێک هەواڵی کۆمەڵکوژکردنی ئەندامانی خێزانی دەدەئۆگیولاری لە ناوچەی مەرامی قۆنیا لەلایەن محەمەد ئاڵتونەوە دروستکردوە و بڵاوکردووەتەوە. هەروەها بابەتەکانی دەگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای دیجیتاڵی دا، کە پەیوەستبوون بە تاڵانکردنی دارستانەکانی کوردستانەوە، کرانە بیانوو بۆ ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بۆ دەربکەن و لەسەر ئەوکارە رۆژنامەنووسییانە زیندانیان کرد.

هەروەها لە دیرەن یورتسەڤەر سەرنوسەری ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA) پرسیار لەبارەی هەڤاڵەکانییەوە دەنیز نازلم و ئەمروڵا ئاجار کرا. هەروەها پەخشە ڕاستەوخۆکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا بە تاوان بۆ رۆژنامەنووسان دانرا.

 هاوکات پرسیار لە حەبیبە ئەرەن پەیامنێری ژن نیوز کرا بۆ کارکردن لە ئاژانسی میزۆپۆتامیادا ڕێنمایی لە کێ وەرگرتووە. ئەرەن-یش لەبارەی بابەتەکانیەوە لە میدیا دیجیتاڵییەکان دا وتویەتی، ئەوانەی لە لەچوارچێوەی ئازادی بیروڕادان و لەلایەن هیچ کەسێکەوە ڕێنماییان پێنەگەیشتووە بۆ کارکردن لە ئاژانسەکەدا.

هەروەها داواکاری گشتی پەخشی ڕاستەوخۆی ئاژانسەکەى لەبارەی تیرۆرکردنی ناگەهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی، کە لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان تیرۆرکرا، بە تاوان بۆ رۆژنامەنووسەکان لێکدایەوە و لە ئەرەنی پرسی، کە ڕێنمایی پێداون بۆ ئەو بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیاری و ڕاستەوخۆیانە.

دوای ئەوەی ئەرەن ناڕەزایەتیی دەربڕی و وتی، هیچ وشە و چەمکێک، کە لەلایەن منەوە نەوتراوان نابێت تۆمار بکرێن، لە دوای ئەوە داواکاری گشتی کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکەى و وتەلێوەرگرتنەکەی هێنا و پەڕاوەکانی واژۆ نەکرد.

دوای ئەو وتەلێوەرگرتنە لە داواکاری گشتی، ڕۆژنامەنووسەکان ڕەوانەى دادگا کران. لە دادگاش لە جیاتی وتەی ڕۆژنامەنووسان، لێکدانەوەکانی داواکاری گشتی لەبەرچاو گیران و کران بە بنەما لە دژی رۆژنامەنووسەکان و بەپێی ئەو لێکدانەوەیەی داواکاری گشتی بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئەو رۆژنامەنووسە کوردانە دەرکرا و ڕەوانەى زیندان کران.

ژ.ت