فیلمی «كچانی ڕۆژ» له‌ فێستیڤاڵی كان نمایش كرا

فیلمی «كچانی ڕۆژ» كه‌ باس له‌ تێكۆشانی ژنانی كورد دژ به‌ داعش ده‌كات و له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی ئێڤا هوسۆن ئاماده‌ كراوه‌، له‌ حه‌فتاویه‌كه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان نمایش كرا.

فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان ئه‌مساڵیش به‌رده‌وامه‌. له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ چه‌ندین فیلم نمایش كراون. ئێواره‌ی دوێنێش فیلمی Girls of the Sun (كچانی ڕۆژ) نمایش كرا. ئه‌م فیلمه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی هێڤا هوسۆن ئاماده‌كراوه‌ و ئه‌كته‌ری ناودار گوڵشیفته‌ فاراهانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕێت. فیلمه‌كه‌ باس له‌ شه‌ڕی ژنانی كورد دژ به‌ داعش ده‌كات.

فیلمی «كچانی ڕۆژ» دانی ئێواره‌ی دوێنێ جگه‌ له‌ كاتی ناساندندا، له‌ دوو هۆڵی دیكه‌ نمایش كرا. فیلمه‌كه‌ كاتژمێرێك و ٥٥ خوله‌كه‌، تیایدا باس له‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ش ده‌كات كه‌ ساڵی ٢٠١٤ داعش له‌ شه‌نگال كردوویه‌تی.

ئێڤا هوسۆن-ی ده‌رهێنه‌ری فیلمی «كچانی ڕۆژ» و ٣ ژنه‌ده‌رهێنه‌ری دیكه‌ له‌ پێشبڕكێدان بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی «پالمه‌ی زێڕین». له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌كان، ته‌واوی تیمی فیلمی «كچانی ڕۆژ» له‌ ژن پێكهاتووه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگی ژنی به‌ حه‌فتاویه‌كه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان به‌خشی.

s.m