لە هندستان قەدەغەى حەجکردن لەسەر ژنان لابرا

دادگاى باڵاى هندستان رایگەیاند، قەدەغەى حەجکردن لەسەر ژنانى لابردووە. راشیگەیاند، قەدەغەی حەجکردن لە ژنان دژی بنەماى یەکسانییە و لەبەر ئەوە ئەو قەدەغەکارییە سەدان ساڵەیەى هەڵوەشاندووەتەوە.

پەرستگەى ساباریما لە ویلایەتى کەرالا لە باشووری هندستان بە پاساوی داب و نەریت، حەجکردنی لە ژنانى تەمەن ١٠ – ١٥ ساڵ قەدەغەکردبوو.

ئەو قەدەغەکارییە سەدان ساڵە پەیڕەو دەکرێت و لە دواى سەدان ساڵ دادگاى باڵاى هندستان بڕیاریدا ئەو قەدەغەکارییەی سەر حەجی ژنان هەڵبوەشێنێتەوە.

دادگاى باڵاى هندستان لە شاری نیودێلهیى پایتەختى هندستان بە کۆى دەنگى هەر ٥ دادوەرەەکەى ئەو قەدەغەکارییەى هەڵوەشاندەوە.

دادگاکە رایگەیاندووە، قەدەغەکردنى حەج لە ژنان لەو پەرستگەیەدا پێچەوانەى بنەماکانى یەکسانییە و پێشێلکردنى بنەماکانى یەکسانییە.

راشیگەیاندووە، ئەو قەدەغەکارییە هیچ پەیوەندییەکى بە ئازادیى ئایینەوە نییە و دادگاش لە چوارچێوەى بنەماکانى ئازادیى ئایین دا ئەو قەدەغەکارییەی هەڵوەشاندووەتەوە.

دادگاى باڵاى هندستان لەمدوایەدا ژمارەیەک بڕیارى لەبارەى نەهێشتنى جیاکاری دەرکردووە. هەروەها بڕیارێکى دەرکردووە، کە هاورەگەزخوازەکان نابێت لەبەر هاورەگەزخوازى زیندانى بکرێن، یان زیندانەکەیان لە زیندانییەکانى تر جیا بێت.

ر.م