هه‌م شه‌ڕڤان هه‌م ڕاگه‌یاندنكار - هه‌م چه‌ك هه‌م كامێرا

چیچه‌ك دۆلێ له‌ شه‌ڕی كۆبانێدا، كاتێك له‌ ڕیزی یه‌په‌ژه‌ دژی چه‌ته‌كان تێده‌كۆشا، ڕۆژی ٨ی مارسی ٢٠١٥ بریندار بوو و باسكێكی لێ بووه‌وه‌. ئێستا به‌ كامێرا و چه‌كی خۆی به‌رخۆدانی عه‌فرین به‌ جیهان ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

ناو و واتای ئه‌مساڵی ٨ی مارس، عه‌فرینه‌. واته‌ به‌رخۆدانی سه‌رده‌م. چیچه‌ك دۆلێ له‌ شه‌ڕی كۆبانێ كاتێك له‌ ڕیزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن- یه‌په‌ژه‌ دژی چه‌ته‌كان تێده‌كۆشا، ڕۆژی ٨ی مارسی ٢٠١٥ بریندار بوو و باسكێكی لێ بووه‌وه‌. ئێستاش به‌ كامێرا و چه‌كه‌كه‌ی به‌رخۆدانی عه‌فرین به‌ جیهان ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

برینداربوونی چیچه‌ك له‌ كۆبانێ

چیچه‌ك دۆلێ به‌ كامێرای خۆیه‌وه‌ هه‌م شه‌ڕڤانه‌ و هه‌میش شه‌ڕ ئه‌رشیف ده‌كات. بۆ چیچه‌ك كه‌ ئه‌ندامی ڕاگه‌یاندنی یه‌په‌ژه‌یه‌ و به‌ چه‌ك و كامێرای خۆی له‌ به‌ره‌كانی به‌رخۆدانی عه‌فرینه‌، ٨ی مارس واتایه‌كی جیاوازی هه‌یه‌. ئه‌و وه‌ك شه‌ڕڤانێكی یه‌په‌ژه‌ به‌شدار بوو له‌ به‌رخۆدانی كۆبانێ و پاش ڕزگاركردنی ناوه‌ندی شار، له‌ كاتی به‌رخۆدانی گونده‌كاندا ڕۆژی ٨ی مارسی ٢٠١٥ بریندار بوو و باسكێكی له‌ده‌ستدا.

به‌ كامێراكه‌ی درێژه‌ به‌ به‌رخۆدان ده‌دات

دوای ماوه‌یه‌ك ته‌داویكردنی، چیچه‌ك چووه‌ ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌په‌ژه‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ڕزگاركردنی شاره‌كان له‌ ده‌ستی داگیركاریی داعش-ی به‌ كامێرای خۆی به‌ جیهان ڕاده‌گه‌یاند. دیمه‌نی ئه‌و ژنانه‌ی منبج كه‌ جله‌ڕه‌شه‌كانی خۆیان ده‌دڕاند، له‌ لایه‌ن ئه‌و و هه‌ڤاڵه‌كانی ئه‌و تۆمار كراون و پیشانی جیهان دران. ئه‌وانه‌ی شایه‌تحاڵی داگرتنی ئاڵاڕه‌شه‌كه‌ی داعش بوون له‌ ته‌بقا، چیچه‌ك و هه‌ڤاڵه‌كانی بوون. چیچه‌ك كاره‌كه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ شه‌ڕ ده‌بینێت و ده‌ڵێت: من هه‌وڵمدا هێز و ئیراده‌ی ڕزگاركه‌ری یه‌په‌ژه‌ له‌ ڕێی كامێرا و وێنه‌گرتنه‌وه‌ پیشان بده‌م.

به‌رخۆدانی سه‌رده‌م به‌ كامێراكانی ئه‌وان پیشان ده‌درێت

چیچه‌ك دۆلێ بۆ ڕووماڵكردنی به‌رخۆدانی سه‌رده‌م به‌ چه‌ك و كامێراكه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ عه‌فرینه‌ و له‌ به‌ره‌كانی به‌رخۆدان له‌گه‌ڵ ١٠ ژنه‌شه‌ڕڤانی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندنی یه‌په‌ژه‌ بووه‌ به‌ ده‌نگی یه‌په‌ژه‌.

چیچه‌ك له‌ بری چیرۆكی خۆی، ده‌یه‌وێت زیاتر باس له‌ چیرۆكی یه‌په‌ژه‌ بكات. سه‌ره‌تا باس له‌ ٤ی نیسانی ٢٠١٣ ده‌كات كه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن - یه‌په‌ژه‌ دامه‌زراوه‌. 

«كاتێك شۆڕشی ڕۆژئاوا ده‌ستیپێكرد، یه‌په‌ژه‌ هێشتا گرووپێكی بچووك بوو. ڕێكخستنی پاراستنی ژن یه‌كێك بوو له‌ هێماكانی شۆڕش. به‌پێی كات گه‌وره‌ بوو و به‌رخۆدانی ژن له‌ هه‌موو بواره‌كان به‌رفره‌وان بوو.»

ئه‌و ژنه‌شه‌ڕڤانه‌ ده‌ڵێت، له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه‌ چه‌ته‌كان به‌رده‌وام هێرشیان ده‌كرد و هه‌وڵیانده‌دا كه‌ شۆڕش بخنكێنن.

یه‌په‌ژه‌ هه‌ر كه‌ شه‌ڕی كرد به‌هێز بوو

چیچه‌ك دۆلێ وه‌بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ یه‌په‌ژه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان بنیاتنرا و به‌ره‌نگاری هه‌ر هێرشێك بوویه‌وه‌ كه‌ كرایه‌ سه‌ر ڕۆژئاوا.

«داعش، ئه‌لنووسره‌ و هه‌موو چه‌ته‌كانی دیكه‌ی ئه‌لقاعیده‌ له‌ ڕۆژئاوا شه‌ڕیان كرد. ئێستا هێرش به‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كرێت. سه‌ره‌تا ئه‌زموونی ئێمه‌ كه‌م بوو، به‌ڵام به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات له‌ بواری ژماره‌ و ته‌كنیك خۆمان به‌هێز كرد.»

به‌ گه‌وره‌بوونی یه‌په‌ژه‌، هه‌ناسه‌ هاته‌وه‌ به‌ر ژنان

«دوای ماوه‌یه‌ك ژنان یه‌په‌ژه‌یان وه‌ك شوێنێك بینی كه‌ بتوانن لێیه‌وه‌ هه‌ناسه‌ وه‌ربگرن و به‌دوای ئازادیی خۆیان بكه‌ون. له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ ئێمه‌ چووین و ڕزگارمان كرد، ژنان ئارامییان دۆزیه‌وه‌. ئه‌و ژنانه‌ی یه‌په‌ژه‌ خۆی گه‌یاندوونه‌تێ، بوونه‌ خاوه‌نی هۆشمه‌ندیی ئازادی. خه‌ون و خه‌یاڵی ئازادیی ژنان سه‌ریهه‌ڵدا و بوو به‌ سمبول. ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خۆیان ڕێكخست، كاریان كرد، به‌رهه‌میان هێنا، پشتی خۆیان به‌ یه‌په‌ژه‌ به‌ست و هێزیان لێ وه‌رگرت. له‌ ڕۆژی ده‌ستپێكی دامه‌زراندنییه‌وه‌، یه‌په‌ژه‌ شه‌ڕ ده‌كات... به‌شداری هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌كانی كرد. ژماره‌یه‌كی زۆری ژنه‌هه‌ڤاڵمان ته‌سلیمبوونیان قبووڵ نه‌كرد و قاره‌مانانه‌ شه‌ڕیان كرد.»

جێده‌ستی ژنان له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین

چیچه‌ك ده‌رباره‌ی به‌رخۆدانی سه‌رده‌م له‌ عه‌فرین ده‌ڵێت: ئه‌و شه‌ڕه‌ی لێره‌ ڕووده‌دات، شه‌ڕێكی ئاسایی نییه‌. ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ چه‌ته‌كانی خۆی به‌ هه‌موو جۆره‌ ته‌كنیكی سه‌ربازی شه‌ڕ ده‌كات. یه‌په‌ژه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا له‌ دژی هه‌موو هێرشه‌كان، تاكتیك ده‌ئافرێنێت و له‌ هه‌موو به‌ره‌كان شه‌ڕ ده‌كات. هه‌ڤاڵ ئاڤێستا خابوور بوو به‌ سمبولی به‌رخۆدانی عه‌فرین. قاره‌مانی هه‌ڤاڵ ئاڤێستا خابوور نیشانه‌ی ئاستی یه‌په‌ژه‌یه‌. له‌ به‌رخۆدانی سه‌رده‌مدا ژنان به‌ به‌رخۆدانی یه‌په‌ژه‌ سه‌رله‌نوێ خۆیان ده‌سه‌لمێنن.

ئێمه‌ بووین به‌ ڕێكخستنی هه‌موو ژنانی جیهان

چیچه‌ك دۆلێ ده‌ستنیشانی كرد، یه‌په‌ژه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ ژنانی كورد یان ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو ژنانی جیهان بوو به‌ ڕێكخستنێكی گه‌ردوونی. 

«یه‌په‌ژه‌ ته‌نها ڕێكخستنێكی شه‌ڕكه‌ر نییه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو بواره‌كان خۆی ڕێكده‌خات. هاوكات له‌گه‌ڵ شه‌ڕ، له‌ هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ دژی دواكه‌وتوویی تێده‌كۆشێت. یه‌په‌ژه‌ بووه‌ به‌ ڕێكخستنێكی گه‌ردوونی كه‌ ژنانی سه‌رانسه‌ری جیهان جێگه‌ی تێدا ده‌گرن. ٨ی مارس ڕۆژێكی پیرۆزه‌ بۆ هه‌موو ژنانی جیهان. له‌ هه‌ر چوار لای جیهان و له‌ هه‌رێمی ئێمه‌ ژنان ده‌كوژرێن و خاكه‌كه‌یان تاڵان ده‌كرێت.»

ژنه‌شه‌ڕڤان و ڕاگه‌یاندنكاری یه‌په‌ژه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌ ئه‌مڕۆ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین، سه‌ره‌تا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ژنان.

«بنواڕن، فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان بۆمبارانی ژن و منداڵه‌كان ده‌كه‌ن. پێویسته‌ هه‌موو ژنان خاوه‌نداری له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین بكه‌ن. ژنان له‌ ڕێی یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌توانن ڕێگری له‌م كۆمه‌ڵكوژی و هێرشانه‌ بكه‌ن. سڵاو له‌ هه‌موو ژنانی جیهان. ٨ی مارس له‌ هه‌موومان پیرۆز بێت.»

s.m