پۆلیسی توركیا هێرشی كرده‌ سه‌ر دایكانی شه‌ممه‌؛ ١١ كه‌س ده‌ستگیركران

ڕژێمی ئاكه‌په‌ چالاكیی هه‌فته‌ی ٧٠٠هه‌مینی دایكانی شه‌ممه‌ی له‌ مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای قه‌ده‌غه‌ كرد و ئه‌مڕۆ هێرشی كرده‌ سه‌ر دایكان و ١١ كه‌س ده‌ستگیركران. 

وه‌زیری ناوخۆی توركیا چالاكیی دایكانی شه‌ممه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد كه‌ ئه‌مڕۆ چالاكییه‌كه‌ ٧٠٠ هه‌فته‌ی تێپه‌ڕاند. به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری ناوخۆ پۆلیسی توركیا هێرشی كرده‌ سه‌ر چالاكیی دایكانی شه‌ممه‌ له‌ مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای ئیسته‌نبووڵ و ١١ كه‌سیان ده‌ستگیركرد.

به‌سنا تۆسون كچی فه‌همی تۆسون ناڕه‌زایی له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی پۆلیس ده‌ربڕی و گوتی: «ئێمه‌ ٢٣ ساڵه‌ دێینه‌ ئه‌م مه‌یدانه‌، من به‌دوای باوكی خۆمدا ده‌گه‌ڕێم. ئه‌م مه‌یدانه‌ هی ئێمه‌یه‌ و ئاوێنه‌ی ئێوه‌یه‌.»

دایكانی شه‌ممه‌ پێكهاتوون له‌و دایكانه‌ی كه‌ ڕۆڵه‌كانیان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ بێسه‌روشوێن كراون و تا ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌. هه‌موو ڕۆژانی شه‌ممه‌ ئه‌و دایكانه‌ له‌ مه‌یدانه‌كانی باكووری كوردستان و توركیا كۆده‌بنه‌وه‌ و داوای ئاشكراكردنی چاره‌نووسی ڕۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن. له‌م شه‌ممه‌یه‌دا ئه‌م چالاكییه‌ی دایكانی شه‌ممه‌ ٧٠٠هه‌فته‌ی ته‌واو كرد.

دایكانی شه‌ممه‌ ویستیان له‌ هه‌فته‌ی ٧٠٠ هه‌میندا ئاپۆڕائاسا به‌رده‌وامی به‌ چالاكییه‌كه‌یان له‌ مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای ئیسته‌نبووڵ بده‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان له‌ لقی ئیسته‌نبووڵی كۆمه‌ڵه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ كۆبوونه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌یدانی گاڵاتاسه‌رای ڕێپێوانیان كرد. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی وه‌زیری ناوخۆ مۆڵه‌تی به‌ چالاكییه‌كه‌ نه‌دا، پۆلیس هێرشی كرده‌ سه‌ر چالاكییه‌كه‌ و ١١ كه‌سی ده‌ستگیر كرد.

«بڕۆنه‌ شوێنی داخراو!»

پۆلیس به‌ دایكانی شه‌ممه‌ی ڕاگه‌یاند، مه‌یدانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ڕێگریان كرد‌ كه‌ بچنه‌ مه‌یدانه‌كه‌. گوتیشیان: «ئێره‌ كۆڵانی ئیستیقلاله‌، مه‌یدانی كۆبوونه‌وه‌ نییه‌. بڕۆنه‌ شوێنێكی داخراو و له‌وێ چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن.»

«ئێمه‌ ٢٣ ساڵه‌ له‌م مه‌یدانه‌ین»

به‌سنا تۆسون كچی فه‌همی تۆسون ناڕه‌زایه‌تی پیشاندا له‌ به‌رانبه‌ر ڕێگری پۆلیسی توركیا و گوتی: «٢٣ ساڵه‌ ئێمه‌ دێینه‌ ئه‌م مه‌یدانه‌ و پرسیاری چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنه‌كان ده‌كه‌ین. من له‌م مه‌یدانه‌ به‌دوای باوكی خۆمدا ده‌گه‌ڕێم. ئێره‌ مه‌یدانی ئێمه‌یه‌. ئاوێنه‌ی ئێوه‌یه‌.» خزمێكی دیكه‌ی بێسه‌روشوێنه‌كان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و گوتی: «ئه‌م مه‌یدانه‌ ئاوێنه‌ی ئێوه‌یه‌، باش سه‌یری ئاوێنه‌كه‌ بكه‌ن. ئێوه‌ ئێمه‌تان كوشت. ئێستاش لێره‌ دوورمان ده‌خه‌نه‌وه‌.»

به‌ لێدان ده‌ستگیریان كردن

كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنه‌كان ڕووبه‌ڕووی هێرشی پۆلیس بوونه‌وه‌. هێزه‌كانی پۆلیس به‌ لێدان ١١ كه‌سیان ده‌ستگیركرد كه‌ له‌ناویاندا ماسده‌ ئۆجاك، عه‌لی ئۆجاك، حه‌سه‌ن كاراكۆچ، سه‌بلا ئارجان و فاروق ئه‌ره‌ن هه‌ن. پۆلیس ویستی به‌سنا تۆسون و دایكی حه‌سه‌ن ئۆجاك ئه‌مینه‌ ئۆجاك ده‌ستگیر بكه‌ن و لێیاندان، به‌ڵام به‌هۆی كاردانه‌ی ئاماده‌بوان ناچار بوون ئه‌مینه‌ ئۆجاك ئازاد بكه‌ن. ئه‌مینه‌ ئۆجاك دواتر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی و گوتی: «ئێوه‌ چیتان له‌ ئێمه‌ و منداڵه‌كانمان ده‌وێت؟»

«ئه‌مه‌ زوڵمه‌»

په‌رله‌مانتاری جه‌هه‌په‌ (پارتی گه‌لی كۆماری) له‌ ئیسته‌نبووڵ سه‌زگین تانریكولو ناڕه‌زایه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی پۆلیس ده‌ربڕی و گوتی: «ئه‌مه‌ زوڵمه‌»

s.m