حكوومه‌تی نه‌رویج سه‌ره‌ڕای پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له توركیا و هه‌نگاوه‌كانی دژ به مرۆڤایه‌تی له به‌رانبه‌ر زیندانییان له‌و وه‌ڵاته، ڕۆژی ٤ی ته‌مووز چالاك و سیاسه‌تمه‌داری كورد گوڵیزار تاشده‌میری ڕاده‌ستی توركیا كردووه.
تاشده‌میر ساڵی ٢٠١٥ داوای مافی په‌نابه‌ره‌تی له نه‌وریج كرد. داواكارییه‌كه‌ی تاشده‌میر به بیانووی «تۆ سیاسی نیت، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیه‌وه توركیا هیچ مه‌ترسییه‌كت له‌سه‌ر نییه» په‌سه‌ند نه‌كرا. دواتر ده‌ركه‌وت كه‌و داواكارییه‌كه‌ی تاشده‌میر ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
گوڵیزار تاشده‌میر دوای ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی په‌نابه‌ره‌تی له نه‌رویج ته‌واو بوو، ده‌ربازی ئه‌ڵمانیا بوو و له‌و وه‌ڵاته داوای مافی په‌نابه‌ره‌تی كرد. ئه‌ڵمانیاش به بیانووی په‌یمانی دوبلن تاشده‌میری وه‌رنه‌گرت و ٢ی ته‌مووز ڕاده‌ستی نه‌رویجی كرده‌وه.
كوردستانیانی نه‌رویج و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ژنان ڕۆژی ٣ی ته‌مووز له ڕێی پارێزه‌رانه‌وه ئاگاداری بارودۆخی تاشده‌میر بوون. ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌ی مافی مرۆڤ و ژنان ده‌رباره‌ی بارودۆخی ته‌ندرووستی تاشده‌میر هه‌وڵه‌كانیان خسته‌گه‌ڕ و چه‌ندین نامه‌یان نووسی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ناوبراو ڕاده‌ستی توركیا كرایه‌وه.
نه‌خۆشی دڵ و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ی هه‌یه
گوڵیزار تاشده‌میر كه به‌رده‌وامی به پڕۆسه‌ی ماوه‌درێژیی په‌نابه‌ره‌تی ده‌دا له نه‌رویج، ته‌داویش ده‌كرا. ده‌ركه‌وت كه جگه له هه‌بوونی نه‌خۆشی دڵ، جه‌سته‌شی خوێن دروست ناكات. ئاشكرا بوو كه به‌ر له‌وه‌ی له ئه‌ڵمانیاوه ڕاده‌ستی نه‌رویج بكرێته‌وه، نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه.
ئایدار: بڕیاره‌كه سیاسییه
سیاسه‌تمه‌دار سه‌حه‌ر ئایدار ده‌رباره‌ی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی تاشده‌میر قسه‌ی كرد و گوتی: «نه‌رویج ده‌ڵێت كه بڕیاره‌كه‌یان ته‌كنیكییه. به‌ڵام دیاره كه بڕیاره‌كه سیاسییه. له زۆر شوێنه‌وه په‌نابه‌ران ڕوویان له نه‌رویج كرد، به‌نزیكایه‌تی داوای هه‌موویان په‌سه‌ند كرا. هه‌رچه‌نده نه‌رویج ئاگاداری بارودۆخی توركیایه، به‌ڵام تاشده‌میری ڕاده‌ستی توركیا كرده‌وه.»
ئایدار بڕیاره‌كه به سیاسی داده‌نێت و گوتی: «له توركیا ئه‌گه‌ر له بواری سیاسی زۆر چالاكیش نه‌بیت، به‌ڵام هاوسۆزیی ئه‌ردۆغان نه‌بیت ئه‌وه ده‌بێته بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بخرێته زیندان. ئه‌م ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یه بڕیارێكی سیاسییه.»
سه‌حه‌ر ئایدار ده‌ستنیشانی كرد كه نه‌رویج ویستویه‌تی چاودێری بارودۆخی تاشده‌میر له توركیا بكات و گوتی: «ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ژنان ده‌رباره‌ی دۆخی ته‌ندرووستیی تاشده‌میر و بارودۆخی له زیندان داوای زانیاری ده‌كه‌ن.»
s.m