ژنان لە فێستیڤاڵێ فیدان دۆغاندا لە دەوری یەک کۆبوونەوە

فێستیڤاڵی ژنانى کورد بۆ فیدان دۆغان (رۆژبین)، کە بۆ یادی فیدان دۆغان رێکخرابوو لە پارکی کرێتیەل پۆمپادۆور ڤال دو مارن لە شارى پاریسی پایتەختى فەرەنسا بەڕێوەچوو.

ژنانى کوردستانی و فەرەنسى بەشدارى فێستیڤاڵەکە بوون و جارێکیتر داواى "دادپەروەری و روونبوونەوە"ی کوشتارەکەى پاریسیان کرد، کە ساکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) تیادا شەهیدبوون.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن بزووتنەوەى ژنانى کورد لە فەرەنسا (TJK-F) رێکخرا و چەندین پۆستەر و وێنە و لافیتەیان لە گۆڕەپانى فێستیڤاڵەکەدا بەزرکردبووە. هاوکات پۆستەر و لافیتە و وێنەى حیزبى کۆمۆنیستى فەرەنسا، رێکخراوى جیهانیى ژنان و رێکخراوەکانیSKB   و  FEDAلەگەڵ وێنەکانى ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز و ئەو ژنە سیاسییانەى کە لەم ساڵانەى دوایدا لە سەرتاسەرى جیهان کوژرابوون، هەڵواسرابوون.

هاوکات چەندین پەرلەمانتاری فەرەنسى و بەڕێوەبەرى شارەوانى لە ناوچە جیاجیاکانى فەرەنساوە بەشداریى فێستیڤاڵەکەیان کرد.

فێستیڤاڵەکى بە خولەکێک رێزگرتن دەستى پێکرد. دواى ئەوە شەنگول کاراجا بە ناوى بزووتنەوەى ژنانى کورد لە فەرەنسا وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، سەربەرزن بە ناوی رۆژبین (فیدان دۆغان)ەوە فێستیڤاڵێکى بەمجۆرە بەڕێوەدەبەن. کاراجا راشیگەیاند، دەبنە درێژە پێدەری رێگاى تێکۆشانەکەى رۆژبین (فیدان دۆغان)، ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و تاوەکو ئەو کاتەى کۆمەڵکوژکردنی ئەو ژنە تێکۆشەرانە روون دەبێتەوە، دواى دۆسییەکەیان دەکەون و دەستبەرداری دۆسیەکەیان نابن.

لاورێنس کۆهێن سیناتۆری ناوچەی ناوچەى ڤاڵ دو مارن، سیلڤییە ژان سەرۆکى کۆمەڵەى فەرەنسا – کوردستان وتەیان پێشکەش کرد و رایانگەیاند، دادگایى نەکردنى ئەو هێز و کەسانەى لە پشت کۆمەڵکوژییەکى پاریسەوەن، بۆ فەرەنسا مایەى شەرمە، لەبەر ئەوەش بەشدار دەبن لە تێکۆشانى ژنانى کورد دا بۆ روونکردنەوەى ئەو کۆمەڵکوژییە و دادگایکردنى تاوانباران.

دۆستانى کورد باسى گرنگیى هەڵبژاردنیان کرد بۆ تێکۆشان لە دژى رژێمى ملهوڕ و دەسپۆتی ئەردۆغان و رایانگەیاند، لە ٢٤ى حوزەیراندا گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکانى تورکیا بەشێک دەبن لەو پرۆسەیە بۆ گۆڕانکاری.

هاوکات دەستەى بەڕێوەبەرى کۆما ژنانى کوردستان (کەژەکە) پەیامێکى بۆ فێستیڤاڵەکە ناردبوو و تیایدا سڵاو لە ئامادەبوان کرابوو و رایانگەیاندبوو "ئەو ژنانەى هێزى پێشەنگى شۆڕشن، گرنگە لە راستیى سیستمى ئەوروپا باش تێبگەن و پێویستە لەسەر بنەماى دڵسۆزى بۆ یادکردنەوەى شەهید سارا، رۆژبین و رۆناهی بە هێزەوە بە ئەرکی پێشەنگایەتیى خۆیان هەستن.

هەروەها نوێنەرانى SKB   و  FEDAو ڕێکخراوى جیهانیى ژنان لە فێستیڤاڵەکەدا وتەیان پیشکەشکرد و باسیان لە گرنگیى تێکۆشانى ژنان کرد. باسیشیان لە پێگەى ژنى کورد لەو تێکۆشانەدا کرد و راشیانگەیاند "پێویستە لە دژى نەژادپەرستى، فاشیزم، کوشتارى ژن و سیستمى باوکسالاری خەباتى هاوبەش بەڕێوە ببەن".

تیپى ژنانى تەڤ چاند (TEV-ÇAND')، کەوانى زێڕین، یەلدا عەباسی، ئۆزلەم باگلایان، نوارین، تیپى رۆژ ئاریا بۆ هەڵپەڕکێ و تیپی مۆسیقاى تیگەری ئوزای جەزایری لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین گۆرانی و بەرهەمى هونەری و هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد و فێستیڤاڵەکە بە دروشمى "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایى پیهات.

ر.م