'بوونی یەپەژە لە هەرێمەکەدا متمانە و بڕوابەخۆبوون بە ژنان دەبەخشێت'

فەرماندەی یەپەژەی ئەیالەتی هەجین، ئاخین قامیشلۆ ئاماژەی بەوەدا حکومەتی شام و دەوڵەتی تورک لە پشت هێرشەکانی سەر دێرەزورەوەن و وتی: "بوونی یەپەژە لە هەرێمەکەدا بووە بە جێگەی متمانە و باوەڕی ژنان."

فەرماندەی یەپەژەی ئەیالەتی هەجینی کانتۆنی دێرەزور، ئاخین قامیشلۆ لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی شام و گروپی دیفاع وەتەنی کە لە ٧ی ئاب دەکرێتە سەر دێرەزور بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و هەڵسەنگەناندی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربارەی ئەو هێرشانەکرد.

لەدەستپێکی قسەکانیدا ئاخین ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشی زۆر قورس لەدژی دێرەزور ئەنجامدرا و وتی: "لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دژی شێتات کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا، لەو کاتەدا قەسەدە دەستوەردانیکرد و گورزێکی گەورەی لە دوژمن دا. هەروەها لە باغۆز  چەتەکانی خۆیان جێگیرکردبوو. بۆیە قەسەدە لەوێ گورزی کۆتایی خۆی لە داعش دا. هەر لەو کاتەوە هێرشەکان بۆسەر دێرەزور بەردەوامە."

'بە وەڵامدانەوەی بەهێز هێرشەکان تێکشکێندران'

ئاخین لە قسەکانیدا سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی ٧ی ئاب بەم شێوەیە باسیکرد: "هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد. لە پێش دەستپێکردی هێرشەکانەوە بە ڕاگەیاندراو ئاماژەیان بە دەستپێکردنی هێرشەکان کرد. لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بۆ ئۆپراسیۆنەکە ئامادەکردبوو. بەڵام هێرشەکانیان زۆر بە زووی لە لایەن هێزەکانمانەوە بەرپەرچ درانەوە و تێکشکێنردران.

لە هێرشەکاندا لە لایەن هێزەکانی دیمەشقەوە جێگە و ماڵی مەدەنی بۆردوومانکران. بە تایبەت بۆسەر شارۆچکەی دەحلای و چەندین مەدەنی شەهید و بریندار بوون. بەڵام وێڕای هەموو هێرشەکان گەل پشتیوانی بۆ قەسەدە دەربڕی، چونکە خەڵکی ناوچەکە زۆر باش لە حەقیقەتی دووژمن تێگەشتوون، لەوە تێگەشتوون ئەو هێزانە تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان بۆ گرنگە. ئەو هێرشانە بەردەوامی هەبوو، بە هێرشکردنی چەتەکان کە دەوڵەتانی هەرێمی بە تایبەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و حکومەتی شام لە پشتیەوەبوون. هەموو خواستی ئەو هێزانە بۆ نانەوەی ئاژاوەیە لە ناوچەکەدا و شکاندی متمانەی گەلە بە هێزەکانی قەسەدە. بۆیە هەموو هەوڵەکانیان شکستی هێنا و گەل باوەڕی خۆی بۆ قەسەدە دەربڕییەوە. تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا گەل شانبەشانی قەسەدە چەکییان هەڵگرت و لە دژی هێرشەکان وەستنانەوە.

بەرفراوانی هێرشەکان بەزۆری لە ئەبوو حەمام و قرانیچ هەبوو، چونکە لەو جێگانەدا شانەی شاراوەی ئەو چەتانە هەبوو. بەم شێوەیە هێرشەکانیان بەرفراوانترکرد بەڵام دیسانەوە شکستییان خواردەوە. لە ئۆپراسیۆنی هێزەکانماندا لەو ناچانە چەندین شانەی شارەوای ئەو هێزانە تێکدران و ئەندامانی دەستگیرکران، دانیان بەوەدا نا کە لە لایەن حکومەتی شام و دەوڵەتی تورکەوە بە ڕێکخستن کراون و پاڵپشتی لۆجستییان بۆ دابینکراوە."

'یەپەژە کلیلی کردنەوەی ڕێگەی هیوامانە'

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاخین باسی لەوەکرد کە ژنانی دێرەزور یەپەژە وەک تاکە هیوای خۆیان دەبینین و وتی: "لە هەرێمەکەدا عەقڵێتی فیوداڵی و خێڵەکی لەناوچەکەدا چەندین ساڵە بڵاوبووەتەوە، بە هاتنی داعشیش دۆخی ژنان خراپتر بوو. گوشارێکی زۆر لەسەر ژنان هەبوو. لە راستییدا لە دێرەزور عەقڵێتی هۆزگەرایی زۆر بەربڵاوو، بۆیە هەمیشە ژنان لە ژێر گوشاردان و بە بچوک تەماشا دەکرا. بەڵام دوای ڕزگارکردنی ناوچەکە لە دەستی داعش، ژنان بەرەو خەبات و گەشەبەخۆدان هەنگاوییان هەڵگرت. دامەزراو و ڕێکخراوی خۆیان هەیە. لەوێ یەكێتی ژنانی زەنوبیا هەیە. ژنان هەوڵدەدەن خۆیان بەڕێکخستن بکەن. بوونی یەپەژە لە ناوچەکەدا بووە بە جێگەی باوەڕی ژنان، کاتێک یەپەژە سەردانی ماڵەکان دەکات، پێشوازییان لێدەکرێت و دڵخۆشی خۆیانمان بۆ دەربڕن و پێمان دەڵێن 'یەپەژە کلیلی کردنەوەی ڕێگەی هیوای ئێمەی ژنانە' بۆیە ژنان بەشداری ناو یەپەژە دەبن. هەڵوێستی بەهێزی یەپەژە هیوا بەخشی ژنانە. بۆیە دڵنییان دەکەینەوە وەک یەپەژە و قەسەدە هەموو کاتێک لە پشتی گەلی دێرەزورین. لە هەموو هێرشێکییان دەپارێزیین. وەک یەپەژە چۆن لە دژی زهنیەتی تاریکپەرستی داعش جەنگییان تێکمان شکاندن، لە دژی زهنێتی پشت هێرشەکانی ئێستاش دەجەنگین و بەردەوام دەبین تا ڕزگارکردنی ژنان لە دەستی ستەم و زۆرداری."