خالیدە تورکئۆغلو: چارەسەری شەڕ بە گۆڕانی بنەڕەتی دێتەدی
وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند شۆڕشی زیهنی پێشمەرجە بۆ ئاشتی، گوتی: "بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە، دەبێت ژنان یەکبگرن".
وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند شۆڕشی زیهنی پێشمەرجە بۆ ئاشتی، گوتی: "بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە، دەبێت ژنان یەکبگرن".
ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ژنان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لەگەڵ پلاتفۆرمی ژنانی فەتحیەی موغلا کۆبووەوە. وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ژنانی دەم پارتی بەرنا چەلیک و ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی موغلا و چەندین ژن بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
خالیدە تورکئۆغلو لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کرد و تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکەدا و ئەو وێرانکارییەی کە بەبۆنەی شەڕەوە دەرکەوتووە. هەروەها هەڵوەستەی کرد لەسەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر و ڕایگەیاند، ئەم بانگەوازە گوزارشتە لە گۆڕانکارییەکی درێژخایەن.
تورکئۆغلو جەختی کردەوە، ژنان نەوەک تەنها دژی شەڕن، هاوکات کلیلی ئاشتیین، گوتی: "ژنان بۆ نوێنەرایەتیی یەکسان و دادپەروەری تێدەکۆشن. ژنان هەڵگری ڕاستەقینەی ئاشتیین و هەر ژنان ئاشتی بنیات دەنێن".
خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند چارەسەر بە گۆڕانێکی ڕادیکاڵ دێتەدی کە تەواوی کۆمەڵگە بگرێتەخۆ، گوتی: "شەڕ تەنها کێشەی ژنانی کورد نییە. تێکۆشانی هاوبەشی ژنان، دیموکراسی ڕاستەقینە و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرپا دەکات. وەختێک ئێمە نادوێین، کۆمەڵگە بێدەنگ دەمێنێتەوە. بۆیە، بێجگە لە میکانیزمی تێکۆشان، هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە".