کۆمیتەی ژنانی ئەنجوومەنی دەیرەزۆر سیمینارێکی دەربارەی شەڕی تایبەت ڕێکخست

کۆمیتەی ژنانی ئەنجوومەنی دەیرەزۆر سیمینارێکی دەربارەی کاریگەری و ئامانجەکانی شەڕی تایبەت ڕێکخست.

سیمینارەکە لە هۆڵی ئەنجوومەنی مەدەنی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ژن لە ئەنجوومەنە خۆجێی و مەدەنی و سەربازییەکانی دەیرەزۆر بەڕێوەچوو، سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان دەستیپێکرد.

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی دەیرەزۆر شەهناز هەفەل سیمینارەکەی بەڕێوەبرد.

شەهناز تیشكی خستە سەر ئامانجەکانی شەڕی تایبەت و ڕوونی کردەوە: «شەڕی تایبەت هەڵگری ئامانجی قووڵ و درێژخایەنە، لەگەڵ شێوازێکی نەرمی داماڵراو لە ئەخلاق، دەیەوێت بە هەر ڕێگەیەک بێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت»، جەختی کردەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕی تایبەت شێواندنی خوو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و هاندانی کۆچکردنە.

هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی مەدەنی، فاتیمە مەروان ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنانی دەیرەزۆر کرد لە بڕیاردان پاش ڕزگاربوون لە دەستی داعش و خۆڕێکخستنیان. هەروەها هۆشداری دا سەبارەت بە «هەبوونی ئەجێندای دەرەکی و پیلانگێڕی دژی ژن، لەپێناو شكاندنی ئیرادە و شکستهێنان بە شۆڕشەکەی و کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا».

فاتیمە مەروان جەختی کردەوە کە ژنان خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن، دەتوانن بەرامبەر هەموو ئاستەنگ و دژوارییەکان بوەستنەوە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئازاد بنیات بنێن. 

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانان، ضحی ساڵەح ئاماژەی کرد بە سەرکەوتنی ژنان بەسەر زیهنیەتی پیاوسالاری، ئەوەش لەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ژنان دژی هەموو جۆرەکانی شەڕی تایبەت.

هـ . ب