لە شەهبا بۆ پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و ئەفغان ڕێپێوان کرا

کۆنگرەی ستار و یەکێتی ژنانی ئێزدی لە عەفرین بۆ پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و عەفرین بە درووشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" لە شەهبا ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

کۆنگرەی ستار و یەکێتی ژنانی ئێزدی لە عەفرین بۆ پشتیوانی لە ژنانی شەنگال و عەفرین بە درووشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" لە شەهبا ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا. ڕێپێوانەکە لە گوندی تەل سەوسەن تا گوندی مەرەت لە ناوچەی ئەحداس بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا لافیتەی "بە ڕۆحی ژنانی تێکۆشەر و یەکێتی ژنانی جیهان بەهێز دەکەین لە دژی زیهنیەتی باوکسالاری" و "بە خۆڕێکخستنمان، قڕکردنی ژنان دەوەستێنین و ژیانێکی نوێ ئاوا دەکەین" بەرزکرایەوە.

لە گوندی مەرەت ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە. لە گردبوونەوەکەدا، بەناوی یەکێتی ژنانی ئێزدی ڕۆژئاوا، گوڵە جەعفەر قسەی کرد، توندوتیژی دژی ژنانی ئەفغانستان و ڕفاندنی ژنانی لەلایەن داعشەوە بە توندی شەرمەزار کرد. گوڵە جەعفەر، گوتی: "ئێمەی ژنانی عەفرین و شەهبا، بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک دژی ژنان و کۆمەڵکوژییەک دژی ژنان دەوەستینەوە. ئێمە مێژووی ڕۆژی ڕەشی سەر شەنگال شەرمەزار دەکەین، سڵاو لە بەرخۆدانی ژنانی شەنگال و ئەفغان دەکەین. ئەمڕۆ ژنان لەلایەن ڕژێمەکانەوە قڕدەکرێن. هەوڵدەدەن ناسنامەی ژنان بچەوسێننەوە و زیندەبەچاڵیان بکەن. بەڵام ناگەنە ئامانج. چونکە ئەو سەردەمە بەسەرچووە".

گوڵە جەعفەر بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان کرد، پشتگیری لە هەموو ژنانی ژێر ستەم و بندەستی بکەن، بەتایبەت ژنانی ئەفغانستان کە لە مافەکانیان بێبەشن".

پاشان بەناوی کۆنگرەی ستار، نەجاح حەسەن گوتی: "سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان دەکەین، ئێمە هەرگیز ئەو کارانە لەیاد ناکەین. ئیدی بەسە کوشتن و ڕفاندنی ژنان. با هەموو ژنانی دەست بدەنە دەستی یەک و لە دژی زیهنیەتی قێزەونی داعش ژنان ڕزگاربکەن و بە ڕۆحی ژنی ئازاد ژیان بکەن".

پاشان شانۆیەک لەسەر قڕکردنی ئێزدییەکان نمایشکرا.

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.