لەماوەی دوو ساڵدا ١٦٥ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون

رۆژنامەی شەرقی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای دەکات: "لە دوو ساڵی رابردوودا ١٦٥ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە لایەن کەسوکاریانەوە کوژراون".

 رۆژنامەی شەرقی ئێران لە راپۆرتێکیدا تایبەت بە ژن کوشتن کە دوێنێ رۆژی چوارشەممە  بڵاویکردووەتەوە، باس لە ژن کوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات و ئاشکرای دەکات کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە هەر چوار رۆژجارێکدا ژنێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراوە.

 لە راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئێرانیەدا بەم شیوەیە باس لە ئامادەکان دەکات، ١٠٨ ژن لە لایەن هاوژینەکانیان، ١٧ ژن لە لایەن برایان، ١٣ ژن لە لایەن باوکیان، ٩ ژن بە دەستی کوڕیان و ١٩ ژنیش بە دەست کەسوکاری دیکەیان وەک خەزوور، برای هاوژین، مام، خاڵ و کەسانی دیکە کوژراون.

 هەروەها ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە چۆنیەتی کوژرانی ژنانیش ئاشکرای دەکات کە ٤٣ ژن بە چەک و ٤٠ ژن بە چەقۆ کوژراون، هەروەها ٣٥ ژن خنکێندراون، لێیان دراوە و سووتێندراون، هەروەها ٣٧ ژنیش بە شێوازی دیکەی وەک خستنەخوارەوە لە بەرزایی و ١٠ ژنیش بە شێوازی نادیار کوژراون، لە ١١ کەیسیشدا، بکوژ دوای کوشتنی ژنەکە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

 جێگای باسە لە راپۆرتەکەدا ناسنامەی هەر ١٦٥ ژنە کوژراوەکە و شوێنی ژیانیان ئاشکرا دەکرێت و دەڵێت، ٤١٪ی ژنانی کوژراو لە پارێزگای تاران بوون و ئەوانی دیکەیان لە پارێزگاکانی دیکە، لەوانەش پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ورمێ، ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

هەروەها لە راپۆرتەکەدا کەسانی پەیوەندیدار بەو کەیسانەوە قسەیان کردووە و ئاشکرایان کردووە کە ئەو ئامارانەی میدیای ئێران لەبارەی ژن کوشتن بڵاویان دەکاتەوە، زۆر کەمترن لە ئامارا ڕاستیەکانی ژن کوشتین.

هـ .ب