تەژەکە-ئە: لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا بەرخۆدان بەرفراوان دەکەین

تەژەکە-ئە لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی ناڕەزایەتی دەربڕی و داوایکرد لە هەموو دەڤەرێکی ئەوروپا تێکۆشان و بەرخۆدان بەفراوان بکرێت.

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بە ڕاگەیاندراوێک لە دژی سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند: "لەدوای شارەوانی ئەسەنیۆرتی ئەستەنبوڵ ئەمرۆش قەیوم سەپێندرا بەسەر شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی  و بەم شێوەیە هەوڵدەدرێت ڕەوایەتی بدرێت بە سیاسەتەکانی ڕەگەزپەرستی، نەتەوەپەرستی و فاشیست."

'ڕووی ڕاستەقینەی حکومەتی شەڕی تایبەت دەرکەوت'

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە دەسەڵاتداری بۆ ڕزگاربوون لە شکستەکانی ئەم هەوڵدانە نایاسایانە دەگرێتەبەر و هاتووە: "دەرکەوت هەموو بانگەشە و قسەڵۆکەکانی دەسەڵاتداری لەمەڕ چارەسەری درۆیە و کۆنسپێتیكی دیکەی شەڕی تایبەتە." راشیگەیاندووە، سزای دیسپلینی نوێی ٣ مانگە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و سیاسەتی سەپاندنی قەیوم دژی ژن و گەلانی کوردستانە و بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستانە.

'بەرخۆدان ژیانە'

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا تەژەکە-ئەبانگەوازی بۆ ئەنجامدانی چالاکی لە ئەوروپا کردووە و رایگەیاندووە: "ژنان لە خاوەنداریکردنی ئیرادە و مەزنترکردنی بەرخۆدان لە دژی شەڕی تایبەت ئەرکی زیاتریان دەکەوێتە ئەستۆ. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە گەنجان، ژنان، گەلی وڵاتپارێز و لایەنە دیموکراتیک خوازەکان دەکەین بە ڕۆحی بەرخۆدانی وانەوە لە هەموو دەڤەرێکی ئەوروپا چالاکی بکەن و بەرخۆدان و تێکۆشان مەزنتربکەن.

بەرخۆدان ژیانە!."