'ئاڤرین، ئاخین، کۆچەرین و رۆزا لە سەر رێبازی غوربەتلی و خەلیل داغەکان بوون'

ناوەندی راگەیاندنی یەژاستار بۆ یادی شەهیدان ئاڤرین مەعسوم، ئاخین عامودێ، رۆزا رێناس ئامەد و کۆچەرین رۆژین پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "میراتی ئازادی کە ئەوان بۆیان جێهێشتووین، بە دڵنیاییەوە دەگەیەنینە سەرکەوتن".

یەژاستار بۆ یادی لەیلا تورگوت (کۆچەرین رۆژین)، دڵسۆز حەبیب (ئاخین عامودێ)، سۆنگول تارنجی (رۆزا رێناس ئامەد)، بێریڤان مستەفا (ئاڤرین مەعسوم) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"ئێمە بە سەربەرزی و شکۆمەندیەکی گەورەوە پێشوازی لە شەهیدبوونی هاوڕێیانمان و خەباتکارانی راگەیاندنی یەژاستار و ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاڤرین مەعسوم، ئاخین عامودێ، رۆزا رێناس ئامەد و کۆچەرین رۆژین دەکەین، لە کەسایەتی هاوڕێیان ئاڤرین، ئاخین، رۆزا و کۆچەریندا سەرجەم شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد بە بیردەهێنینەوە و بەژنی خۆمان لە بەردەم یادی شکۆمەندی ئەوان بە رێزەوە دادەنەوێنین.

سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شکۆمەندی ئەوان دەکەین لە پێناو هاوڕێیانماندا رەنجیان کێشا، ئەوانیان بە بەهای وڵاتپارێزیی و کولتوری کوردەواری گەورە کرد تاکو لە شۆڕشی مرۆڤایەتیدا پشکیان هەبێت. بەڵێن بە تەواوی گەلەکەمان، بنەماڵەی شەهیدانمان دەدەین کە لەپێناو تێکۆشانی ئازادیدا قوربانیان داوە، هەرگیز رەنجی هاوڕێیانمان لەبیرناکەین و دەبینە رێبواری تێکۆشانی ئەوان بۆ ئەوەی بەهێنانەدی خەونەکانیان ئاڵای سەرکەوتن بشەکێنینەوە.

هاوڕێمان ئاڤرین مەعسوم لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز بە کولتورێکی رەسەنی کوردایەتییەوە گەورەبوو، ساڵی ٢٠١٤ لە عەفرین بەشداری لە شۆڕشی ئازادیی رۆژئاواکرد و لە خەباتی راگەیاندنی ئازاددا بەشداربوو، تا ٢٠٢٠ لە ناو خەباتی ناوەندی راگەیاندنی یەپەژەدا مایەوە. لەو ساڵەدا چەک و کامێراکەی هەڵگرت و رووی کردە چیاکانی کوردستان و دوای پەروەردەی بیردۆزی لە خەباتی راگەیاندنی یەژاستاردا بەشداری کرد. بە پێی ئەو ئەزمونە چەند ساڵەیەی لە بەرەکانی شۆڕشدا هەیبوو لە گۆڕەپانەکانی مەتینا و هەڵمەتی جەنگی خابوردا رۆڵی گرنگی گێڕا.

هاوڕێمان ئاخین عامودێ لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و قوربانیدەر گەورەبوو. خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسی بوو لە زانکۆی دیمەشق و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا گەڕایەوە و بەشداری لەو شۆرشەکرد و وەک مامۆستای زمانی کوردی دەستبەکاربوو. ساڵی ٢٠١٦ رووی کرد چیاکانی کوردستان و لە ناوەندی راگەیاندنی یەژاستار و هەپەگە چەندین ساڵ رەنجی کێشا و خەباتی کرد. لەم دواییەشدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بۆ ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیست و بەرخودانی مێژویی گەریلا بەڵگەمەند بکات و بۆ رای گشتی بگوازێتەوە لە کار و ئەرکدابوو.

هاوڕێمان کۆچەرین رۆژین لە قەرس لەدایکبوو. لەناو کۆمەڵگادا بەشداری لە کاروباری خەباتی گەنجاندا کرد و چەندین جار دەستگیرکرا. ساڵی ٢٠١٣ رووی کردە ریزەکانی گەریلا. لە ئاڤاشین و زاپ خۆی وەک گەریلایەکی ژن سەرلەنوێ ئافراندەوە و لە مەخموریش بەشداری لە پارێزگاریکردن لە شکۆی گەل کرد. لە خەباتی گرنگی بڕیارگەی ناوەندیدا بەشداری کرد ولەم دواییەشدا لە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگەدا ئەرکدار کرا. هەندێک جار بە چەک و هەندێک جار بە پێنوس، جار جاریش بە کامێراکەی بەشداری لە شەڕی ئازادیدا کرد. بەڵام بە چ کەرستەیەک دەبێت با ببێت بەردەوام لەم شەڕەدا گورزی لە دوژمن وەشاند، بێ دوودڵی لە هەموو کارەکاندا رێکخستندا لە بەرەکانی پێشەوە جێیگرت.

هاوڕێمان رۆزا رێناس ئامەد لە ئامەد لەدایکبوو. لە ناو بنەماڵەکەیدا بە کولتوری وڵاتپارێزی و پەیوەستبوون بە خاکەوە گەورەبوو. هەر لە سەرەتای منداڵیەوە لە هەوڵەکانی کۆمەڵکوژکرانی کوردان و ئازارەکانی گەلەکەی لە پێناو ئازادی تێگەیشت و درکی پێکرد و بەو هەست و تێگەیشتنەوە رووی کردە ریزەکانی پەکەکە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا کاتی شەهیدبوونی لە رۆژئاواوە تا قەندیل لە کوێ پێویست بوایە، رووی دەکردە ئەوێ و بەپرسیارێتی شۆڕشی جێبەجێ دەکرد. شایەتی زۆر رووداو و بەرخودان بوو لە چیاکانی کوردستان و بەردەوام بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئەو بەرخودانانە بە وشیارییەوە جوڵایەوە. لە ساتی شەهیدبوونیشدا لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی لە راگەیاندن لە سەر ئەرک بوو. هەڤاڵمان رۆزا لە گواستنەوەی راستی شەڕی گەریلادا رۆڵی گەورەی گێڕا.

هاوڕێیانمان ئاڤرین، ئاخین، کۆچەرین و رۆزا لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا چوونە پێشەوە و شەڕی تایبەتی دەوڵەتی داگیرکەریان بەبەڵگە تۆمار کردلە ناو گۆڕەپانەکانی گەریلا پەیامنێری، لە ناو شەڕێکی بێ پێوانی بەو جۆرەدا کۆمەڵگا کردنەە شایەتی بەرخودان و سەرکەوتنی گەریلا کارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام هاوڕێیانمان ئەوەیان کرد و بە دڵ و مێشکێکی گەورەوە بەجێیان گەیاند. تەواوی گەلەکەمانیان لە دڕندەیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئاگادار کردەوە و قارەمانانی ئەم وڵاتەیان لە قۆڵایی یادگەی ئەم کۆمەڵگایەدا نەخشاند. ئەوان بە تۆمارکردن و بەڵگەکردنی شەڕ، بە گواستنەوەی شەڕ، لە ناو مێژووی کوردستاندا بوونە نوسەرانی مێژوویەکی نوێ.

ئەوان ئەوینداری راستی بوون. ئەوان وەک پەیامنێرانی شەڕ بەشدارییان لە قۆناغەکەدا کرد و رۆڵی بنچینەییان گرتە ئەستۆ. لە بەرەکانی شەڕدا، لە ژێر بۆردومانی فڕۆکەی شەڕ و سیخوڕیدا بە بێ سڵکردنەوە لە مەترسی لە گواستنەوەی راستییەکان هەنگاویان بۆ دواوە نەنا. ئەوان بە ئازایەتی و بە خاکەڕایی و لێبوردەیی و هەڤاڵێتی خۆیان هێڵی راگەیاندنی ئازادیان پاراست. وەک ژنانی شۆڕشگێڕ لە هێڵی راگەیاندندا پەڕەیەکی نوێیان هەڵدایەوە و ناوی خۆیان بە پیتی زێڕێن لەو پەڕەیەی راستیدا نوسیەوە. وەک ئەندامانی یەژاستار لە بەشدارییان لە ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەژاستار و هەپەگەدا، شەهیدانی دۆزی ئازادییان بە هەموو کەس ناساند، ژیانی گەریلایان سات بە سات گواستەوە و بۆ گەلەکەمانیان بڵاوکردەوە. هاوڕێ ئاڤرین، کۆچەرین، ئاخین و رۆزا بە رەنجی گەورەی خۆیان لە چیاکان هەم وەک گەریلا، هەمیش وەک پەیامنێرانی ژن لە دڵ و مێشکی هەڤاڵان و گەلەکەیاندا بۆ هەتاهەتایە دەمێننەوە.

هەر چوار هاوڕێکەمان لەبەر ئەوەی راستییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان دەخستەڕوو، کرانە ئامانجی داگیرکەری و کاتێک بە گیانی فیداییەوە بەدوای راستیدا دەچوون گەیشتنە کاروانی نەمران. ئەوان هەم بە دەنگی خۆیان، هەم بە کامێراکەیان، هەم بە تێنوس و پێنوسی خۆیان، هەمیش بە چەکەکەیان لەپێناو رزگارکردنی راستیدا شەڕی گەورەیان کرد. ئەوان لە سەر رێبازی ئارژین ئامەد، نوژیان ئەرهان، ساریا ئۆنور، دەنیز پەنابەر، عەلی کانیرۆژ، خەمگین ئامەد، هندستان پەنابەردا وەک دلۆڤان مەزڵوم، وەک ژیان ئامارگی، وەک زەلال سیدەم، وەک ئەکین وان، وەک ئامارا رۆناهی رێیان کرد و بە سەرکەوتنی خۆیان رێگایان بە هەموومان نیشاندا. ئێمە وەک ئەندامانی راگەیاندنی یەژاستار و هاوڕێیانی ئەوان بەڵێن دەدەین کە خاوەنداری لە وتە و چەکی ئەوان بکەین. وەک قەرزێکی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد لەسەرمانە کە نەهێڵین راستی هەرگیز کپ بکرێت و لە تاریکیدا بمێنێتەوە. ئەوان لە پێناو راستیدا گیانی خۆیان بەخشی، تا راستی دەبێت روخساری جیهان ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین خاوەنداری لە خەون و ئاواتەکانی هاوڕێیانمان دەکەین.

بژی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد!

بژی هێڵی ئازادیی ژن کە لەپێناو راستیدا گیانی خۆی دەکاتە قەڵغان!

شەهید نامرن".

هـ . ب