ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە: مەلەک ئیپەک مافی خۆپاراستنی بەکارهێناوە

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاند، مەلەک ئیپەک مافی خۆپاراستنی بەکارهێناوە و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێت.

ئەنجوومەنی ژنانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) راگەیاندراوێکی لەبارەی مەلەک ئیپەک بڵاوکردەوە، کە بە بەردەوامی لەلایەن رەمەزان ئیپەکی هاوسەرییەوە خۆی و منداڵەکانی ئەشکەنجە دەکران، مەلەک ئیپەک بۆ پاراستنی خۆی و منداڵەکانی مافی خۆپاراستنی بەکارهێناوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتووە، "مەلەک ئیپەک ناچاربووە خۆی و منداڵەکانی بپارێزێت و لەبەر ئەوەش دەستگیرکراوە. لەم وڵاتەدا، کە هەموو رۆژێک بەلانیکەمەوە ٥ ژن لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن، سەدان ژنی وەک مەلەک توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٣٠٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و ١٧١ ژنی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە".

بڕیارەکەی دادگا زاڵمانەیە

لە بەردەوامی راگەیاندراوکەى هەدەپەدا هاتووە، "سیاسەتەکانی سزا نەدانی کەسانی تاوانبار بەردەوامە. سەرباری ئەوەى تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی ئالیەن چاکر، ئومیدجان ئویگیون بوو، بەڵام دادوەری پیاو بە پاساوی ئەوەى ئویگیون 'تلیاکی بەکارهێناوە' نەک دەستگیری نەکرد، بەڵکو ناویشی وەک تاوانباری کوشتن لە دۆسیەکەدا نەهێناوە. سیاسەتی سزا نەکردنی کەسانی تاوانبار لەلایەن دادوەرە پیاوەکانەوە، نەک تەنها بۆ مەلەکەکان، کە مافی خۆپاراستن بەکاردەهێنن، بەڵکو بۆ بکوژانی ژنان بەکار دەهێنرێت. بەڵام ئێمە باش دەزانین، دادوەری پیاو تەنها و سەربەخۆ ئەو بڕیارانە نادات، بەڵکو بەهۆی هاوپەیمانیی ئاکەپە و مەهەپە ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیە لە دژی دژنان بەڕێوەدەچێت".

ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە راشیگەیاندووە، "مەلەک ئیپەک مافی خۆپاراستنی بەکارهێناوە و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێت. ئێمە داوا لە هەموو ژنان دەکەین، کە بۆ مەلەک ئیپەک و ئەو ژنانەى دەکرێنە ئامانجی توندوتیژی و لە پێناو دادپەروەرییەکی راست و دروست دا تێبکۆشن".

ژ.ت