ژنانی زنوبیا یادی شەهید زیلان دەکەنەوە

کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا بە هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی هیلالی زێڕین لە ڕەقە، چالاکییەکیان ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی شەهیدان زیلان و سەما یوجا، بەڵێن دووپاتکرایەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان تا سەرکەوتن.

شەهید زیلان (زەینەب کیناجی) لە ٣٠ ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە شاری دێرسیمی باکوری کوردستان، چالاکییەکی فیداکاری ئەنجامدا لەنێو بنکەی سەربازانی داگیرکەری تورک دژی هەوڵەکانی دەزگای میت بۆ کوشتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٦ ی ئایاری ١٩٩٦ لە دیمەشق.

ئەندامانی نوسینگەی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا  و بزووتنەوەی هیلالی زێڕین و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان ئامادەی مەراسیمەکە بوون.

چالاکییەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی کۆمیتەی فۆلکلۆری میللی هیلالی زێڕین، سەمەر جومعە گوتاری پێشوازی خوێندەوە. دواتر، ڕاوێژکار و ئەندامی مەجلیسی مەدەنی ڕەقە، لالەشین عەبدوڵا باسی لە ژیان و بەرخۆدانی شەهید زیلان کرد.

پاشان بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی شەهید زیلان پیشاندرا و شانۆگەرییەک لەلایەن گرووپی هیلالی زێڕین پێشکەشکرا دەربارەی ژیانی شەهید زیلان.

لەکۆتایی چالاکییەکەدا، گرووپی هێلین جودی سەر بە بزووتنەوەی هیلالی زێڕین لە ڕەقە، هەڵپەڕکێ و سترانی میللی و فۆلکلۆریان پێشکەشکرد.