ئاسایش بارەگاى تەڤگەری ئازادیى لە کۆیە داخست

هێزەکانى ئاسایش بارەگای تەڤگەری ئازادی-یان لە کۆیە داخست. ئاسایشی گەرمیانیش هەوڵ دەدات بارەگاى تەڤگەری ئازادی لە کەلار دابخات.

هیزەکانى ئاسایش لە قەزای کۆیەى سەر بە پارێزگاى هەولێر، ئەمڕۆ چوونە سەر بارەگاى تەڤگەری ئازادی و داواى مۆڵەتى تۆماری حیزبەکانیان لێکردن. بەڕێوەبەرایەتیى تەڤگەری ئازادی بەڵگەى فەرمی-یان بە بەرپرسانى ئاسایش نیشاندا، کە مۆڵەتى کارکردنە بۆ سەرتاسەری عێراق.  

هەروەها بەڕێوەبەرانی تەڤگەری ئازادی بەو هێزەى ئاسایشیان راگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە داوای مۆلەتیان پێشکەشی وەزارەتى ناوخۆی هەرێمیش کردووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا وەڵامى نەداونەتەوە.

بەرپرسانى ئاسایش لە بەرامبەردا رایانگەیاندووە، تاوەکو مۆڵەتەکەتان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە تۆمار نەکرێت ناتوانن رێگایان پێبدەن بارەگاکەیان کراوە بێت و تابلۆی بارەگاکەیان لابرد.

ئاسایشی گەرمیان-یش دەستبەکار بووە

هاوکات ئاسایشی گەرمیان دەیەوێت بارەگای تەڤگەری ئازادی لە کەلار دابخات.

تەڤگەری ئازادی تاوەکو ئێستا رێگای نەداوە بارەگاکەى لە کەلار دابخرێت و پێداگری دەکەن لە دانەخستنى بارەگاکەیان.

خزمەت بە داگیرکەران دەکات

محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی لەبارەى گەمارۆدانى بارەگا و رێکخراوەکانیانەوە وتی "دەسەڵاتى باشووری کوردستان دەیەوێت خۆی رادەستی داگیرکەران بکات. لەبەر ئەوەش دەیانەوێت رێگری لە کار و تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی بکەن".

ر.م