ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لە باکووری کوردستان؛ چەندین کەس دەستگیرکران

لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی گەلی کورد، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرانی تەژەئا و کۆمەڵەى ژنانی رۆسا و چەندین کەسیان لێ دەستگیرکردن.

لە چوارچێوەى ئەو لێکۆڵینەوانەی دەوڵەتى تورک بۆ پاکتاوی سیاسیی گەلی کورد بەڕێوەی دەکات، پۆلیسەکانى تورک  لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانى ئەمڕۆدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چالاکوانانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا) و کۆمەڵەى ژنانی رۆسا لە باکووری کوردستان بۆ ماوەى چەند کاتژمێر لە ماڵەکاندا مانەوە و هەموو کەلوپەلی ناو ماڵەکانیان تێکوپێکدا و چەندین کەسیان دەستگیرکرد.

لە ناوچەى کاراکۆپرو لە رحا لە ئۆپراسیۆنى هەڵکوتانە سەر ماڵاندا چەندین کەس دەستگیرکران، کە ناوی بەشێکیان بریتییە لە نارین گەزگۆر ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەى ژنانی رۆسا، ئایلا ئاکات ئاتا ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەى ژنانی رۆسا لە ئامەد، عەدالەت کایا سەرۆکی کۆمەڵەى ژنانی رۆسا و گولجیهان شیشمەک چالاکوانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد دەستگیرکراون.

نارین گەزگۆر لە رحا لە دواى دەستگیرکردنەکەى و پشکنینی تەندروستی، بڕیارە رەوانەى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد بکرێت.

ئاماژە بەوە دەکرێت، ئاماری ئەو ژنانەى لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستگیرکراون روو لە زیادبوون دەکات.

ژ.ت