ئاژانسى هەواڵى رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ-دا بارەگاکانى حزبى دیموکراتى كوردستان (حدك) و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) لە شارۆچکەى کۆیەى سەر بە پارێزگاى هەولێر لەڕێگەی مووشەکەوە بۆردوومان کران.
فوئاد خاکى بەیگى، نوێنەرى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە سلێمانى، بە ڕۆژنیوزى وت:" لە کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بنکەو بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران کەوتووەتە بەر بۆردوومانى موشەکەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، زۆرێک لە بنکەو بارەگاکانمان بۆردوومان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانمان دیار نییە، لە ماوەیەکى کورتدا ڕاگەیەندراو لەو بارەیەوە بڵاو دەکەینەوە".
ناوبراو وتیشى، کە ئەو شوێنەى کە موشەکەکانى لێوە هەڵدەدرێت نزیک لە بارەگاکانى ئێمەن، بۆ ئەوەش حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت ئەوە دیارى بکات کە شوێنى هاویشتنى ئەو موشەکانە لەکوێدایە.
بەپێی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی کۆیە، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بریندارن. بە وتەى بەرپرسانى حدک، بۆردومانەکاتى لە کاتى بەستنى پلیۆنیومى ئەو حیزبەدا روویداوە.
هەوروەها بەهۆی بۆردومانەکەوە مستەفا مەولودی سکرتێرى گشتیى حدک و خالید عەزیزی سکرتێرى پێشووى حدک بریندار بوون.
هاوکات تۆپخانەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەستیان کردووە بە تۆپبارانەکانى ناوچەکانى دەورووبەرى چۆمان لە پارێزگاى هەولێر. تاوەکو ئێستا زیانى تۆپبارانەکانى ئێران بۆ ناوچەکانى دەورووبەرى چۆمان روون نییە.
ر.م