ئەرزینجان: پێویستە بە بڕوابوون بە یەکتر تێکۆشان گەش بکەین

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگە لە دژى ڕفاندن و کوشتنی منداڵان کاردانەوەیەکى توندی هەبێت، چونکە ئەو رووداوانەوە، رووداوى بە رێکەوت نین و لەلایەن دەوڵەتەوە رێکخراوە.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە لەبارەى سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى سیستمى ناوەندیی جیهانی شیکردنەوەیەکى بۆ ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF) خستەڕوو.

 "دۆخى ئێستاى سیستمى ناوەندیى جیهان سەرچاوەی خراپەییەکانە بەرامبەر بە ژن"

ئەرزینجان رایگەیاند، دۆخى ئێستاى سیستمى ناوەندیى جیهان سەرچاوەى خراپەییەکان بەرامبەر بە ژنان و وتى "ئێمە لە سەردەمێکداین کە سیستمى باوکسالاری دەیەوێت خۆی بە شێوازى جۆراجۆر رێکبخاتەوە. دەیانەوێت لەو سیستمەدا ژن لە رووی ئازادی و لە رووی جەستەییەوە بکەنە بابەت و کاڵایەک".

ئەرزینجان سەرنجى خستە سەر ئەو بابەتە کە دەڵێت 'لە سیاسەتى جیهانیدا ئاراستەى راستڕەوی باڵادەستە' و رایگەیاند، پێویستە ئەو بابەتە بە قوڵی شیکردنەوەى بۆ بکرێت و لەوبارەیەوە وتى "باشە بەڕاست لە ناو کۆمەڵگەى جیهانیدا ئاراستەى راستڕەویى باڵادەستە؟ بە بڕواى من ئەو لێکدانەوەیە راست نییە. کاتێک ئەو لێکدانەوەیە دەکرێت، لیکدانەوەکە پشتى بە چى بەستووە؟ پشتبەستووە بە پەرلمان و حکومەت، بۆیە پێویستە ئێمە شیکردنەوەش بۆ سیستمى پەرلەمانی بکەین، چونکە ئەو سیستمە پەرلەمانتارییەى کە باسی لێدەکرێت، دەنگ و نوێنەرایەتیى کۆمەڵگە نییە. لەبەر ئەوەش پێویستە سیستمێکى دیموکراتیکى لەو جۆرە بێتە ئاراوە، کە دەنگى کۆمەڵگە بە باشی بخاتەڕوو. ئێمە بەو سیستمە دەڵێین، کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتیک".

ئەرزینجان وتیشی "یارییە ساختەکارانەکەى ئێستا، سیستمى پەرلەمانى و رێکخراوى نێودەوڵەتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانى ئەوروپایان سڕ کردووە. هێزى باڵا ئیتر پێویستى بە رێکخراو و دامەزراوەى لەو جۆرە و ئەو رێککەوتنە نێونەتەوەییەیانە نییە، چونکە ئەو دامەزراوانە ناتوانن ٥%ى ئەوەى دەیڵین جێبەجێى بکەن. دەیانەوێت ئەو دەمامکە بگۆڕن بۆ ئەوەى راستەوخۆ کۆمەڵگە بە دەوڵەت و سیستمى دەسەڵاتەوە ببەستنەوە. ئیتر دەیانەوێت بەبێ ئەو دەمامکانە و بە شێوەیەکى دڵڕەقانە و دڕندانەوە باڵادەستیی خۆیان بچەسپێنن".

"نەتەوەپەرستەکان لە رێگەى دەستوەردانى هێزە جیهانییەکانەوە دەبنە دەسەڵاتدار"

بەسێ ئەرزینجان رایگەیاند، لەو ڕووەوە دەسەڵاتى ئێستا و دەوڵەتەکان نوێنەرایەتیى ئاراستەى راستڕەو دەکەن و راشیگەیاند "باشە ئەوانە چۆن دەبنە دەسەڵات؟ کاتێک کە هەموو تواناکانى دەوڵەتیان خرابێتە بەردەست، ئەوا پێش هەڵبژاردن هەموو شتەکان ئامادە و لەبار دەکەن بۆ سەرکەوتنى خۆیان. هێزە جیهانییە دەسەڵاتپارێز و دەوڵەتپارێزەکان بە چەندین شێواز دەستوەردان لە هەموو پەرلەمان و هەڵبژاردنەکانى ناو هەموو وڵاتەکاندا دەکەن و رێگایان بە ڕوودا دەکەنەوە. هێزە نەتەوەپەرست، رەگەزپەرست و ئایینپەرستەکانی هەموو وڵاتەکان بەپێى ئەو عەقڵییەت و توانا و ئیمکانیەتەی دەوڵەتەکانى تر خۆیان بە یەک دەگەیەنن و پێکەوە کار دەکەن. لەسەر ئەو بابەتە، هەموو کەس دەزانێت بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى ئەمریکادا ترامپ سەربکەوێت، پوتین دەستى بە جموجوڵ کرد. لە هەڵبژاردنەکانى تورکیادا بۆ ئەوەى ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، هێزە دەستڕۆیشتوەکانى جیهان لەگەڵ یەک رێککەوتن".

"هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان باڵادەستن، بەڵام لەبەر ئەوەى رێکخراو نین، بێکاریگەرن"

بەسێ ئەرزینجان ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، لە تورکیا و سەرتاسەرى جیهاندا ئاراستەى چەپ، سۆسیالیست و دیموکراتیک لەهەموو کات باشتر گەشەیان کردووە و لە پێشەوەن. کۆمەڵگەش لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە ئازادی و دیموکراسی هەیە.

ئەرزینجان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "گەورەترین کێشەى هێزە دیموکراتیک و ئازادیپارێزەکان ئەوەیە، کە بەرەیەکى بەرفراوانیان دانەمەزراندووە و تێکۆشانى هاوبەشیان بەڕێوە نەبردووە. سیستمى کاپیتالیست – مۆدێڕنیست لە رووی ژمارەشەوە کەمن، بەڵام خاوەنى دامەزراوە و بەرێکخستنکردنێکى بەهێزن. لەبەر ئەوەى بەرێکخستن کراون، رۆژ بە رۆژیش دەسەڵاتى خۆیان بەهێزتر دەکەن".

ئەوەشى وت "هێزە دیموکراسیخوازەکان، ئاشتیخواز و یەکسانیخوازەکان ٨٠%ى کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەڵام سەربارى ئەوەش، چونکە بە رێکخستن کراو نین ناتوانن کاریگەرییان هەبێت. لەبەر ئەوە ئێمە ئەو بۆچوونەمان قبول نییە، کە دەڵێت 'کۆمەڵگە لە سەرتارسەرى جیهاندا پشتیوانى لە ئاراستەى راستڕەو دەکات'."

بەسێ ئەرزینجان باسى ئەوەشیکرد "پێویستە هێزە ئازادیپارێز و دیموکراتیکەکان گوێ بەو قسانە نەدەن، چونکە ئەوانە درۆن و نابێت بەو حیلە و فێڵانە لە خشتە ببرێن و دەبێت کارەکانى خۆیان بە بەهێزى، تێکۆشانەکەیان بە یەکگرتوویى و چالاکانە و پەروەردەى خۆیان بە بەهێزى بەڕێوەببەن. بەرخۆدان یانى تێکۆشانى هاوبەش و بە رێکخستن کراو. ژنان و گەنجانیش پێشەنگى ئەو بەرخۆدانەن".

"بۆچوونەکانى رێبەرەکەمان لە هەموو کات باشتر و زیاتر بەسەرتاسەرى جیهاندا بڵاوبووەتەوە"

ئەرزینجان ئەوەشى خستەڕوو، بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد لە هەموو کات و سەردەمێک زیاتر بەسەرتاسەرى جیهاندا بڵاوبووەتەوە و پەسەندیش دەکرێن. لەو بارەیەوە ئەوەشى خستەڕوو "لە جیهاندا ئەکادیمییە چەپ – سۆسیالیست – دیموکراتیکەکەکان بە باشی بۆچوونى رێبەرى ئێمەیان قبوڵە و گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت. پێشنیازە سیستمی و رامانییەکانى رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى کۆمەلگە بە چڕی لەلایەن هێزە تێکۆشەرەکانەوە قبوڵکراوە".

بەسێ ئەرزینجان لە بەردەوامیى شیکردنەوەکەیدا وتى "وەک بزووتنەوەى ژنانى کورد، گەورەترین لە پێشدابوون و دەستکەوتى ئێمە ئەوەیە، کە بەپێى بۆچوون و تێزەکانى عەبدوڵا ئۆجالان دەجوڵێینەوە و کار دەکەین. هەوێنى بزووتنەوەی ژنانی کورد تێز و رامانی ئازادیى رێبەرەکەمانە. بزووتنەوەکەمان لەسەر ئەو بنەمایە بونیاتنراوە و بەرەو پێش دەڕوات".

"رفاندن و کوشتنى منداڵان سیاسەتى دەوڵەتە"

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە ئاماژەى بە رفاندن و کوشتنى منداڵان لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و لەوبارەیەو وتى "بە دڵنیاییەوە بێسەروشوێنکردنى منداڵان لەم دواییاندا سیاسەتى دەوڵەتە. هەوڵ دەدەن کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن و لەو رێگەیەوە کۆمەڵگە رادەستى خۆیانى بکەن. هێزەکانى دەوڵەت، پۆلیس رفاندنى منداڵان رێکدەخات. ئەگەر لێکۆڵینەوەى ئاشکرا ئەنجام بدرێت ئەوا بە روونى دەردەکەوێت، کە رفاندنەکان پەیوەندییان بەهێزەکانی دەوڵەتەوە هەیە. پێویستە لە دژى رفاندن و کوشتنى دڕندانە کاردانەوەیەکى بەهێز لەلایەن کۆمەڵگەوە نیشان بدرێت. ئەوانە رووداوى رێکەوت نین. توندوتیژی، رفاندن و کوشتنى ژنان، منداڵان و گەنجان، رووداوەکانى لەشفرۆشی و ماددەهۆشبەرەکان لە تورکیا لەلایەن دەوڵەتەوە پلانى بۆ دادەنرێت و رێکدەخرێن. ئەوانە بەشێکن لە کردەوەکانى شەڕی تایبەت. زۆر کەس بەهۆى کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی و لێدوانێک بۆ میدیاکان، یان بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستگیرکراون، بەڵام کەس باس لەو چەتە و مافیاییانە ناکات. بە پێچەوانەوە نەک باسیان ناکەن، بەڵکو هاوکارییان دەکەن. دەبێت رێکخراوەکانى ژنان، رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانی، رێکخستنەکانى کۆمەڵگە و گەلەکەمان لە هەموو گەڕەک و شەقامێکدا ئەو رووداوانە بە شتێکى ئاسایى نەزانن و بە دڵنیاییەوە لە دژیان رابوەستن و تێکۆشان لە دژیان ئەنجام بدەن. دواى ئەوەى منداڵى بنەماڵەیەک کوژرا، باپیرە و داپیرەکان لە ژێر زرێپۆشەکاندا پلیشێنرانەوە، باشە ئیتر چی بۆ ئەو کۆمەڵگەیە دەمێنێتەوە؟ سات و کاتى ئەو رووداوە ئەوەیە، کە سات بە سات لێپرسینەوە بۆ ژیان ئەنجام بدرێت. گرینگە گەلەکەمان، بنەماڵەکان خاوەندارى لە منداڵەکانیان بکەن. بە شێوازى جۆراوجۆر خۆیان بە رێکخستن بکەن. دەبێت هەر ژنێک بەپێى توانا و دەرفەتەکانى تێبکۆشێت. دەبێت بەرەنگاربێتەوە و هەرگیز خۆى رادەستى سیستم نەکات. نابێت هەرگیز ئەو سیاسەتە فاشیستییانە قبوڵ بکات. بە تایبەتى پێویستە لە ئیستەنبول و ئامەد، لە هەموو گەورە شارەکانى تری تورکیا و لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان رێکخراوەکانى ژنان لە دژى رژێمى فاشیست تێکۆشانى هاوبەش بەڕێوەببەن".

ئەرزینجان ئەوەشى بە بیرهێنایەوە، بزووتنەوەى ژنان بە شێوازەکانى پێشوو ناتوان تێکۆشانى ئازادیى ژن بەڕێوە ببەن و وتیشی "دەبێت شیکردنەوە بۆ هەموو بارودۆخەکان بکرێت. ستراتیژیى تێکۆشان دەستنیشان بکرێت، بە رێکخستنکردن، پەروەردە و چالاکىیى نوێی بەهێزتر بکرێن".

"پێویستە بڕوامان بە یەکتر هەبێت و تێکۆشانەکەمان گەش بکەین"

بەسێ ئەرزینجان لە کۆتایى قسەکانیدا وتی، دەبێت ئەوان تێکۆشانەکەیان بە بڕیار و خوڵقکارى لە هەموو بەرەکان بەرەوپێش ببەن و وتیشی "ئێمە لە سەردەمێکى گرنگى ئازادیى خۆمانداین. ئێمە دەتوانین لەم سەردەمەدا بە بڕیارمەندی بۆ ئافراندنى ژیان و بەرخۆدان سەر بکەوین. بە راستکردنەوە و پەروەردەکردن و بە رێکخستنکردنی خۆمان، ئێمە دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین. دەبێت هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆن و ئازادیپارێزەکان ببنە یەک و تێکۆشانى یەکگرتووانە بەڕێوەببەن. گرینگە ئێمە پێکەوە خاوەنداری لە داخوازیى گەلان، باوەڕەکان و ژنان بکەین. بە تێکۆشانی هاوبەش رژێمى دەستخوێناویى فاشیست قەڵس بکەین و بەو شێوەیە سەربکەوین. ئێمە بڕوامان بە یەکتر هەبێت و پێکەوە تێکۆشانى هاوبەش گەش بکەین".

ر.م