"ئەمەریکا دەیەوێت هەمان سیناریۆى رفاندنی ئۆجالان لە دژی سەرکردەکانى پەکەکە دووبارە بکاتەوە"

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بڕیارەکەی ئەمەریکا لە دژی سێ سەرکردەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دووبارە کردنەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی ١٩٩٩-ی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانە، هەوڵ دەدەن لەم ڕێیەوە کورد بێ کاریگەر بکەن .

پێشیانوایە وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ کات جێگای متمانەنین، پێویستە هەموو لایەنەکان یەکڕیزبن و بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک لە دژی حزبەکانی هەرچوار پارچە بێنە جواب. ئەو کات مامەڵەی وڵاتان دەگۆڕدرێت لەگەل کورد.

بورهان حاجی سلێمان چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا جێگای متمانە نین بۆ دۆستایەتیکردنى کورد و دۆستایەتیکردنی گەلە چەوساوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستا گۆڕانکارییەکی هەرێمی لە هەڵوێستی ئەمریکادا روویداوە و ئەبینین کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پشتگیری لە کورد دەکات، بەڵام وەزارەتی دەرەوە، کە سیفەتی دیپلۆماسی پەیڕەو دەکات ئەو بڕیارەی دەرکردووە، کە تەنها بۆ رازیکردنی دڵی تورکیایە".

 

ڕاشیگەیاند: "زۆر پێویستە ختابێکی کوردیی یەکگرتوو هەبێت و بڵێین کورد سەرکردەکانی خۆی نافرۆشێ، پێویستە هەموو لایەنەکان یەکڕیزبن بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بەرامبەر حزبەکانی هەرچوار پارچە و بکرێ بێنە جواب ئەو کات مامەلەی وڵاتان دەگۆردرێت لەگەل کورد".

رەوان تاڵب چاودێری ساسی لەسەر هەمان بابەت وتی: "دەرکردنی بڕیار لە دژی ئەو سێ سەرکردەیەی حەرەکەتی رزگاریخوازیی گەلی کورد ڕووی راستەقینەی ئەو وڵاتە زڵهێزانە نیشان دەدات، کە تەنها لە بەرگێکی ئازادی و بەرگێکی دیموکراتیدان، بەڵام لە راستیدا ئەوان دەخوازن گەلانی تر لە ناو ببەن و خاپوور بکەن".

وتیشی: "ئەمریکا دەیەوێت بەم بڕیارە پەیوەندیی خۆی لە گەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە لە سەر حیسابی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی گەلی کورد، ئەمە هەمان سیناریۆی دەستگیرکردنی بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلانە دووبارە ئەبێتەوە، ئەم وڵاتانە تەنها بە ناو دیموکرسی و ئازادیخوازن، بەڵام لە راستیدا میلەتان قڕ ئەکەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا".

ئارام کەرکووکی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "ئەو سیاسەتەی ئەمریکا بەکاری دێنی سیاسەتێکی شکستخواردووە و بەردەوام ململانێ لە نێوان هێزەکان دروست دەکات بۆ ئەوەی هیچ هێزێ دەرنەکەوێ و نەبێتە هێزێکی کاریگەر بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بپاریزێت، بڕیارێکی لەو بابەتە خزمەت بە ناوچەکە ناکات و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕیارە بکشێنێتەوە، چونکە پەکەکە حەرەکەتێکی رزگاریخوازە لە ناوچەکە".

ڕاشیگەیاند: "پێویستە لایەنە سیاسییە کوردییەکان و حەرەکەتە دیموکراتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئەم بڕیارە بێنە جواب و ناڕەزایەتی دەرببڕن چونکە ئەگەر ئێستا کورد بەرامبەر ئەو بڕیارانە بێدەنگ ببێ ئەوە لە داهاتوودا بڕیاری قورستر دەردەچی دژی گەلی کورد. هەروەها هەوڵدەدەن لە رووی بێکاریگەرکردنی پەکەکە کور بێکاریگەر بکەن، ئەمریکا لەوە دەترسێ ئەگەر هاوکاریی تورکیا نەکات ئەوە تورکیا بچێتە بەرەی رووسیا".   

ر.م