ئەنگین: کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت پێش لە داگیرکاریی بگرێت

ئەنگین: پێویستە ئێمە نەڵێین 'هەندێک لایەن لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەییدان و هەندێک لایەنی تریش خۆیانی لێ بەدووردەگرن، ئەوە کۆنگرەی نەتەوەیی لاواز دەکات'. ئەوانەی کە ئامادەن دەبێت بێن و لەسەر ناوی نەتەوەیی بڕیارێک بدەن.

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە قاسم ئەنگین لەسەر هۆکار و بارودۆخی هێرشەکانی سەر خاکی باشووری کوردستان و ناڕەزایەتیەکانی گەل و هەڵوێستی ڕێکخستنەکان، بۆ تەلەفزیۆنی ئاریەن دوا.

 ئەنگین دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی داگیرکەر بە پێشەنگیی ئاکەپە و مەهەپە ماوەیەکی دوورودرێژە باسی بەدەستخستنی ئەو خاکە دەکات کە سنووری دەسەڵاتی عوسمانیەکان بوو. وتیشی "داگیرکردنی عەفرین تەنها داگیرکردنی ئەو شارە نەبوو، بەڵکو ئەو داگیرکاریە پیلانسازیەکە. پیلانسازیەکە کە وەکو میساقی میللی بەناوی دەکەن ئەوەیە. دەڵێن کە دەبێت حەلەب و موسڵ کە لە کاتی خۆی دوو ئەیالەتی عوسمانیەکان بوون، بەدەست بخەنەوە. لەناو ئەیالەتی موسڵی کۆندا هەر سێ پارێزگاکەی کەرکوک، سلێمانی و هەولێریش هەن. لەبەرئەوە پێویستە هەندێک زیاتر بە بەرفراوانی ئەم بابەتە ببینرێت. یان بابەتەکە تەنها ڕۆژئاوا، باشوور و باکوور نیە، بەڵکو پرسەکە بە گشتیی کوردستانە و ئەوەش بە ئاشکرا دەڵێن. ئەم هێرشانەی سەر باشووری وڵاتمان خاوەنی کۆنسێپتێکە. هێزی هاوپەیمانی فاشیست ئەمڕۆ لەسەر کوردستان و تەنانەت بە گشتیی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوین بەو مەترسیەوە دەجوڵێنەوە. وەک نموونە کاتێک کە ساڵی ۲۰۱۵ دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر جەرابلوس، هەموو کەس وەها تێگەشت کە ئەو هێرشە تەنها هێرش بوو بۆ سەر جەرابلوس و باب. بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو شارانە لەناو میساقی میللیدا جێ دەگرن."

ئێمە کەمێک لاواز دەبین بەڵام هەتا کەرکوک دەچین

ئەنگین کردەوەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی تورکیای لەسەر باشووری کوردستان وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند "دەگوترێت کە مەلا مستەفا بارزانی لە زیندانی ئامەد بینراوە. ئەوکات ئەو زیندانە لەدەستی عوسمانیەکاندا بوو. شێخ عەبدولسەلام کە دەکاتە برا گەورەی مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆکی تەریقەتی نەقشبەندیی بوو، بە دەستی عوسمانیەکان لە سیدارە درا. شێخ ئەحمەدیش کە کەسایەتیەکی دیاری ناو بنەماڵەی بارزانیە و هەم لە شێخانی تەریقەتی نەقشبەندیە، لە ساڵی ۱۹۳۰ دا بەهۆی هێرشی عێراق کە بە پشتیوانی ئینگلیز ئەنجام درا، ناچار بوو کە بچێتە باکووری کوردستان. لە باکووری کوردستان لەلایەن کەمالیستیەکانەوە دەستگیر کرا و لەگەڵ مەلا سدیقدا ڕادەستی عێراق کرانەوە. ساڵی ١٩٦٨ کاتێک کە عەبدولکەریم قاسم ویستی هەندێک بە نەرمی لە کێشەکانی کورد نزیک ببێتەوە، ئەوەی کە ئەوکات دژایەتی ئەو نەرمی نواندنەی دەکرد، دەوڵەتی تورکیا بوو. لەهەمان کاتدا ئێمە زۆر باسی سەدام دەکەین، ئێ ئەوەی کە لەگەڵ سەدام پەیمانی جەزائیری ساڵی ۱۹۷۰ هەتا ۱۹۷۵ جوڵاند، دەوڵەتی تورکیا بوو.

ئێمە زۆر دوور نەڕۆین، ڕۆژی ١٦ی  تەشرینی یەکەم/خەزەڵوەر ساڵی۲۰۱۷ ، ئەوەی کە زۆرترین سووکایەتی بە بنەماڵەی بارزانی کرد، دەوڵەتی تورکیا بوو. ئەم ڕژێمە داگیرکەرە حەز لە کورد و عەرەب ناکات. ڕاستی ئەمەیە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ۲۶ کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی بەزاندووە. ئەمڕۆ وەک ئامانج، ئێمەش نیشان دەدات. بەڵام ئێمە لە بیری نەکەین کاتێک کە ئێمە لێرە کەمێک لاواز ببین، ئەوکات هەتا کەرکوک دەچین. ئەمەش لە وتەکانی میساقی میللیەوە دەزانین کە ئەوان هەر باسی حەلەب و موسڵ و کەرکوک دەکەن، بەڵام موسڵ لە کەرکوک و سلێمانی و تەواوی خاکی باشووری کوردستان پێکدێت،

 

جێگەی داگیرکەر لە برادۆست نیە

قاسم ئەنگین ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی برادۆست لە مێژووی کوردستاندا خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە و وتیشی "لەناو ئێران، عێراق و باکووری کوردستاندا، هەرێمی برادۆست شوێنێکی سێگۆشەیی دەگرێت و ئەو سێ شوێنە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لە مێژوودا، هەر کەسێک سەروەریی بەدەست هێنابێت، سیاسەتی خۆی پەیڕەو کردووە. خاڵێکی تری مێژوویی ئەوەیە کە لەناو مێژووی کوردستاندا هیزە داگیرکەرەکان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی سەفەویدا و عوسمانیدا، نەیانتوانیوە لە هەرێمی برادۆست سەروەریی خۆیان دروست بکەن. چیرۆکی قەڵای دمدم لای هەموو کەس ئاشکرایە. وەک دەزانرێت قەڵای دمدم لە ساڵی ۱۶۰۸-۱۶۱۰ هەرێمی برادۆستە. لەبەرامبەر شا عەباسی ئێرانیدا ڕادەست نەبووە. بۆ عوسمانیەکانیش بەهەمان شێوە ڕادەست نەبووە. ئەم هەرێمە لە مێژووی نوێی خۆیدا دەزانرێت کە جوڵانەوە و بزوتنەوە کوردیەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوور لەوێوە بەڕێوەچوون و تێکۆشاون. لەبەرئەوە هیچ کات سەروەریی هێزی داگیرکەران لەم هەرێمەدا نەهاتۆتە ئاراوە.

ئەنگین جەختی لەوەش کردەوە کە برادۆست لە دژی هێزە داگیرکەرەکانی ناوخۆش هەمیشە بەرخۆدانی کردووە و ڕوونیشیکردەوە "هەندێک کەس لە هەرێمەکە، ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر ئەو هەرێمە بە تۆڵەکردنەوەیە لێکدەدەنەوە. لە بادینان سەروەریەک بۆ بارزانیەکان دروست بووە، بەڵام لە برادۆست ئەو سەروەریەیان نیە. لەوێش دیارە کە ناکۆکی نێوان برادۆستیەکان و بارزانیەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامی هەیە. لەبەرئەوەیە هەندێک کەس دەڵێن کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە، بارزانیەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی دەوڵەتی تورکیاوە تۆڵەی خۆیان لە برادۆستیەکان بکەنەوە".

وتەکانی سەفین دزەیی و نێچیرڤان بارزانی مایەی نیگەرانین

دەربارەی ڕاگەیەندرا و لێدوانەکانی سەفین دزەیی و نێچیرڤان بارزانی کە داگیرکاریەکان ڕەوا دەکەن، قاسم ئەنگین بە کورتی دەستنیشانی کرد کە ئەو وتانە جێگەی داخن و وتیشی "لە ڕووداوەکانی پاش ١٦ی تەشرینی یەکەمدا، پەکەکە لە کوێ بوو؟ کاتێک ئەوەندە بێ ڕێزیی بە ئاڵای کوردستان کرا. ئەوەندە هێرش کرایە سەر ڕیفراندۆم و هێرش کرایە سەر بەڕێز مەسعود بارزان، ئەو کاتە پەکەکە لە کوێ بوو؟ بۆچی بیرکردنەوەی ئێمە ئەوەندە تەنگە! خۆ هێشتا ساڵێکی بەسەردا تێنەپەڕیوە. نیوەی باشووری کوردستان لە دەست گەلەکەمان دەرهێنراوە. لەبەرئەوە پێویستە هەندێک کەس دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان و وەها بدوێن."

ئەم داگیرکەری فاشیستە بە ئاشکرا دەڵێت "لە حەلەب هەتا کەرکوک هی ئێمەیە". ئەو وتانەی سەفین دزەیی و نێچیرڤان بارزانی جێگەی داخن. ئەو وتانە هیچ خزمەتێک بە سیاسەتی کورد ناکەن. کاتێک کە مێژوو بە دروستی نەخوێندرێتەوە، داهاتووش ڕاست نابێت. ئێمە ئەو وتانەی ئەوان بۆ گەلەکەمان بە گشتیی و گەلەکەمان لە بادینان دەهێڵینەوە.

گەنجانی باشووری کوردستان بە ڕۆڵی پێشەنگیی خۆیان ڕابوون

قاسم ئەنگین تیشکی خستە سەر مەترسی سەر کوردان و ئەو شەڕەی کە دەکرێت بە شەڕی مان و نەمانی پێناسە کرد و وتیشی "دەوڵەتی تورکیا بۆ خۆی ئەم گفتوگۆیە دەکات و هەبوونی خۆی لەسەر بنەمای لەناوبردنی کوردان سازکردووە. لە قۆناغێکی وەهادا، ئەوانەی کە هەبوونی خۆیان لەسەر بنەمای لەناوبردنی کوردان بونیاد نابێت، بێگومان هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستانیش. من سڵاو لە گەنجانی باشووری وڵاتەکەم دەکەم و دەزانین کە ئەوە ماوەیەکە کە بۆ پشتیوانی عەفرین بە تایبەتیی و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بە گشتیی، پێشەنگیی دەکەن. لە ڕاستیشدا ئەوە جێگەی ڕێزە. سڵاوی تایبەتیشم هەیە بۆ چالاکوانان بە گشتیی و ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە قەندیل خۆیان کردووە بە قەڵغانی زیندوو.

قاسم ئەنگین وتیشی "بەڵام بە داخەوە لە هێڵەکانی وەک زاخۆ و دهۆک، ئەمە بە لاوازیی دەبینن. دەولەتی تورکیا زۆرترین بارەگای سەربازیی خۆی لە بادینان داناوە. گەلە بەرخۆدێرەکەمان لە بادینان پێویستە سەریان لەبەرامبەر ئەو داگیرکاریە بەرزبکەنەوە. دەکرێت کە هەندێک کەس لەم بارودۆخی داگیرکاریەدا، بەرەو بەرژەوەندیی ئابوری خۆیان ڕۆشتبن، بەڵام ئەمە پرسێکی ئەوەندە بچوک نیە. دەبێت ئەوەش باش بزانرێت کە سبەی دەکرێت داگیرکاریی گەورەتریش ڕوو بدات. ئەوەی تریش کە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە هیچ کەس ناتوانێت حسابی بێ هەڵوێستیی بدات لەبەرامبەر مێژوودا.

کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت پیش لە داگیرکاریی بگرێت

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە قاسم ئەنگین، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، سیاسەتی کۆنی ئینگلیز بەڕێوە دەبات کە دەیانوت 'دابەشی بکە، بڵاوی بکەرەوە و بەڕێوەی ببە'. ئەنگین وتیشی کە دەرمانی ئەو بارودۆخەی کە هەیە کۆنگرەی نەتەوەییە و وتیشی "کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی لەپێشینەیە. لێرەدا پێویستە ئێمە نەڵێین هەندێک لایەن لەگەڵیدان و هەندێکیش خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، بەوە کۆنگرەی نەتەوەیی لاواز دەبێت. ئەوەی کە ئامادەیە دەبێت بێت و لەسەر ناوی نەتەوەیی بڕیارێکی هاوبەش بدەن. خەباتی سەرەکی لەبەرامبەر ئەو داگیرکاریەدا ئەوەیە کە دەمودەست کۆنگرەی نەتەوەیی کۆبکرێنەوە. دووەم گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە ئێمە بڕژێینە ناو شەقامەکان و سێیەمیش ئەوەیە کە بتوانین فشارێک لەسەر حکومەتی عیێراقی دروست بکەین کە بتوانێت دەنگی خۆی بەرزبکاتەوە. بۆ تێکۆشینێکی گەورەتریش لە چیا شەڕ بەردەوامە و دەتوانن بەشداری ناو ئەو تێکۆشانە ببن. ئیدی ئەوانە وەک چارەسەریی دەتوانرێت چاویان لێ بکرێت."

ک-ش