تونجەر باقرخان یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەى دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.
باقرخان رایگەیاند، ئاکەپە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ خۆی کردووە بە هەل و بێ باکانە هێرش دەکات و شارەوانییەکان زەوت دەکات.
باقرخان راشیگەیاند، کردارەکانى ئاکەپە میزاجین و قبوڵنەکردنی ئیرادەى گەلە و سیستم بەو هەڵوێستەى پێداگرە لەسەر هاندان و وروژاندنی کوردان و چیی لە دەست بێت ئەنجامی دەدات. ئەوەشی راگەیاند "لە راستیدا حیزبەکەمان و نوێنەرانی حیزبەکەمان، کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، ئەوانی زۆر بێزارکردووە. چونکە ئێمە لە ئاستی بەڕێوەبەریی خۆجێیدا ئەو مۆدێلەمان چەسپاند، کە لە دونیادا هاوشێوەى نییە. هەر خۆی هۆکاری دانانی قەیوم لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەوەبوو، کە شارەوانییەکانى کاری گەلیان ئەنجام دەدا. هۆکارێکى تریشی ئەوە بوو، کە ئێمە بە کارەکانمان توانیبومان ئاکەپە و عەقڵییەتەکەى ریسوا بکەین".
'گەلەکەمان ئەوە قبوڵ ناکات'
باقرخان سەرنجی خستەسەر هەوڵەکانى ئاکەپە، کە دەیەوێت دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی شارەوانییەکان بە کارێکى رەوا نیشان بدات، بەڵام ئەوە لە ناو کۆمەڵگەدا قبوڵ ناکرێت.
باقرخان وتی "ئەگەر لە شوێنێک رێکخستنێکى ئەڵتەرناتیڤ لە دژی عەقڵییەتی تاکپەرەستی (تاک دەوڵەت، تاک ئاڵا، تاک نەتەوە، تاک زمان) و دەسەڵاتخواز هەبێت، بە خێرایی هێرشی دەکەنە سەر، چونکە لە بیروبۆچوونەکانى ئێمە دەترسن، بۆیە شێوازی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردن بەکار دەهێنن. بێگومان ئەو کارانە هەموومان لە بنەماکانى دیموکراسی دووردەخاتەوە. گەلەکەمان ئەوە قبوڵ ناکات و ناڕەزایەتیی دیموکراتیکیانەى خۆی نیشان دەدات. تاوەکو بە عەقڵییەتى تاکپەرەست و دەسەڵاتپارێزانە کار بکەن، ئێمە درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین. سەرباری ئەوەى کە هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکەمان دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا هەر لێمان دەترسن. ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە، کە ئێمە لەسەر رێگای راست و هەقین".
'هێرش دەکەنە سەر هۆش و بیری کوردان'
تونجەر باقرخان یاریدەدەری هاوسەرۆکانی هەدەپە باسی ئەوەیکرد، هێرشی ئەمدواییەى دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان بە ئەنقەست خرابوە رۆژی ١٥ی ئایار رۆژی جەژنی زمانی کورد و لەوبارەیەوە وتی "ئێمە تاوەکو ئێستا چەندین دەسەڵاتی جیاجیامان بینیوە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم دەسەڵاتەى ئێستا سیاسەتی قێزەون و چەپەڵیان بەڕێوەنەبردووە. جیاوازیی دەسەڵاتەکانى پێشتر لەگەڵ ئەمەى ئێستا زۆر نین، بەڵام دەسەڵاتێک کە بەم رادەیە گوشار لە کورد بکات، جەژنەکانیان لێ تێکبدات، دەسەڵاتێکی ئەوەندە پیس و قێزەونمان نەبینیبوو. هەوڵ دەدەن مۆنۆمێنت و یادەوەرەییەکانمان، سیمبولەکانمان بێ بەها و بی واتا بکەن. یانی هێرش دەکەنە سەر هۆش و بیری گەلی کورد. هەوڵ دەدەن بەها و سیمبولەکانى کورد لە ناو ببەن. پێشتریش ئێمە داخستنی حیزبەکان، دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران و دانانی قەیومان بینیووە. ئێمە هەوڵ دەدەین بە هەڵوێستەکانمان خاوەنداری لە دۆزەکەمان بکەن و مافی خۆی بدەیەنێ، چونکە ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و ئێمە راستی دەپارێزین. ئەوانەى ئەمڕۆ دەستیان بەسەر شارەوانییەکانماندا گرتووە بە کردەوە قێزەون و چەپەڵەکانیان یادیان دەکرێتەوە".
ژ.ت