بوڵدان: ژنان ڕێگە بە فاشیزم نادەن

بۆئەوەی نەخشەڕێگای خۆی دەستنیشان بکات، هەدەپە لە شاری وان کۆبوویەوە. هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان، باسی ئەرک و کارەکانی ئەم قۆناغە نوێیەی کرد و وتی "هیچ کات ژنان ڕێگە بە سیستمی دیکتاتۆریی فاشیست نادەن".

کۆبوونەوەی گشتیی پارتی دیموکراتیکی گەلان 'هەدەپە'، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ ئەم قۆناغە نوێیە، لە شاری وان دەستیپێکرد و بڕیارە ماوەی ٣ ڕۆژ بخایەنێت. پەرلەمانتارانی هەدەپە و هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە پەروین بوڵدان ئەمڕۆ پێکەوە کۆبوونەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پەروین بوڵدان دوا و شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پرسووسی بە بیرهێنایەوە. بوڵدان لە وتارەکەیدا وتی "کۆمەڵکوژیی پرسووس کە بە دەستی دەوڵەت و بە هاوکاریی داعش ئەنجام درا، دەبێت ئەو بەرپرسانەش ئاشکرا بکرێن، کە پلاندڕێژەرى ئەو کۆمەڵکوژییە بوون".

 

"ئێمە سەرکەوتین، بەڵام کەموکوڕیشمان هەیە"

پەروین بوڵدان، بە بیری هێنایەوە، هەڵبژاردنەکانی ۲۴ی حوزەیران/ ۳ی پووشپەڕ، لەناو شەڕت و مەرجی سەخت و قورس و باری نائاسایی دا بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەنجام درا و وتیشی "دەمەوێت بڵێم سەرەڕای ئەوەش، وەک هەدەپە ئێمە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا. لەم کۆبوونەوە ٣ ڕۆژییەدا، ئێمە کەموکورتییەکانی خۆشمان هەڵدەسەنگێنین. لە سەدا ۳۸ی نوێنەرانی ژنمان هەڵبژێردراون و ئەوەش سەرکەوتنە بۆ ئێمە. بەوەش ئێمە ۲۶ پەرلەمانتاری ژنمان هەیە و ئەوەش زۆرترین ڕێژەیە بە بەراورد بە ژنانی پەرلەمانتاری لیستی پارتەکانی تر. سەرەڕای ئەوانەش کەموکوڕیشمان هەیە. بۆ نموونە نەمانتوانی نوێنەرایەتییەکى یەکسان بەدەست بهێنین. لە قۆناغی هەڵبژاردندا ژنان و گەنجان زۆر گرنگ بوون. تێکۆشانی هەرە گەورەش لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درا. لەبەرئەوە سووپاسی هەموو ژنان و گەنجان دەکەین کە بەشداری کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بوون. هاوڕێ ژنەکانیشمان لە زیندانەوە بە ڕەنج و پەیامەکانیان لەگەڵ ئێمە بوون. سووپاسی ئەوانیش دەکەین. سووپاسی تەواوی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین".

"ژنان لە دژی ڕژێمن"

پەروین بوڵدان جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناغەدا ڕژێمی نوێ بە هەڵبژاردن هاتووەتە ئاراوە، ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی هەدەپە و وتیشی "ئێمە لە دژی ڕژێمی یەکپەرستیی و دوژمنانی ڕەنج ین. دەمەوێت بڵێم لە دژی ئەم ڕژێمە، هێزێکی باش و بەهێزی ژنانمان هەیە. بەو یەکگرتنەی ژنان، دژ بە ڕژێمی دەسەڵاتى یەک پیاوی، دەبێت تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەبچێت. لە تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی خۆماندا، ئێمەی ژنان قوربانیی گەورەمان داوە. بەم بیروباوەڕەوە ئێمە هێڵێک بۆ خۆمان دادەنێین. ئێمە سیستمی هاوسەرۆکایەتیی و نوێنەرایەتیکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاومان هێناوەتە ئاراوە. تێکۆشانی ئێمەش بۆ ئازادی ژنان، هیچ کاتێک ڕاناوەستێت، بە پێچەوانەوە ئەو تێکۆشانە گەورەتر دەبێت".

"ئێمە هیچ کات ڕێگە بە فاشیزم نادەین"

پەروین بوڵدان جەختی لەوە کردەوە، لە ڕۆژی دەستپێکەوە ئەوان وەک هەدەپە، تەواوی ئەو ناهەقییانەی بە ژنان کراوە، خستوویانەتە  ڕۆژەڤ و بەرنامەی پەرلەمانەوە و بوونەتە دەنگ و هێزی ژنان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پەروین بوڵدان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئێستایان و ئاماژەی بەوە کرد کە لە خولی ۲۷هەمینی پەرلەمانیشدا، وەک دەستەی ژنانی هەدەپە، کێشەکانی ژنان باس دەکەن و وتیشی "چەندین هەلی سەرکەوتن لەبەردەم ئێمەدا هەیە کە دەبێت بەدەستیان بهێنین، لەم قۆناغە تاریکەدا پێویستیی زیاتر بە هێزی ژنان هەیە. ژنانی ژیر و هۆشیار، هیچ کاتێک ڕێگە نادەن بە سیستمی دیکتاتۆریی فاشیست. ئێمە پێکەوە بە بەهێزییەوە تێدەکۆشین".

لە کۆتایی وتارەکەیدا، پەروین بوڵدان، دەستنیشانی کرد، دەبێت پەرلەمانتاری هەدەپە لە جولەمێرگ لەیلا گیوڤەن، دەستبەجێ ئازاد بکرێت و وتیشی "دەبێت لەیلا گیوڤەن لەناو ئێمەدا بێت. ئێمە داوا دەکەین هەموو هەڤاڵەکانمان، ئەوانەی کە بەشێوەیەکی ناهەقی و نایاسایی دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناومان".

ر.م