دەبەپە: ئاکەپە بەرپرسى کوشتنى منداڵان و ژنانە

کۆمسیۆنى ژنانى دەبەپە رایگەیاند، ئاکەپە و سیاسەتەکانى بەرپرسن لە کوشتنى منداڵان و ژنان و تاوانەکانى دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ژنان.

کۆمسیۆنى ژنانى پارتى هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لەبارەى کوشتنى منداڵان و ژنان و تاوانەکانى دەستدرێژکردنە سەر ژنان و منداڵان، کە لەم دواییانەدا لە تورکیا رووی زیادبوون کردووە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى دەبەپەدا هاتووە، ئاکەپە لە ماوەى ١٦ ساڵ  دەسەڵاتیدا و بە سیاسەتەکانى بۆ جیاکاریکردن بەرامبەر ژنان و منداڵان، بووەتە هۆى بەرزبوونەوە و قوڵتربوونەوەى قەیرانەکانى کۆمەڵگا.

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى دەبەپەدا ئەوەش هاتووە، کوشتنى ژنان و منداڵان، دەسترێژیى سیستماتیک و بە بەرنامە بۆ سەر منداڵان، ئاکەپە لێى بەرپرسە. ئەو حکومەتە ئەمڕۆ هەڵناستێت بە بەرپرسیارێتییەکانى و رێوشوێن بۆ پێشگرتن لەو تاوانانە و پاراستنى ژنان ناگرێتە بەر. پێویستە بۆ پاراستنى ژنان و منداڵان بارى نائاسایى تورکیا هەڵبوەشێتەوە و ئەوەى حکومەت بەهۆى بارى نائاساییەوە دەستى بەسەردا گرتووە، یان زیندانیکردوون، ئازاد بکات.

کۆمسیۆنى ژنانى دەبەپە لەبارەى سزاى لە سێدارەدان و خەساندنەوە رایگەیاندووە "بە بێ ئەوەى کار لە دژى هۆکارە سەرەکییەکانى قەیرانەکانى کۆمەڵگە بکرێت، ئەو یاسایانەش کە لەم وڵاتەدا هەیە، کاریان پێناکرێت. بۆیە قسەکردن لەبارەى لەسێدارەدان و خەساندنەوە وەک ئەوە وایە، کە کێشەکان بە کێشەى تاکە کەس پیناسە بکەن. ئەو بابەتە، پرسێکى ئایدۆلۆژی و سیاسییە و پەیوەندیى بە سیاسەتى ئاکەپەوە هەیە بەرامبەر بە ژنان، منداڵان و کۆمەڵگەوە".

ر.م