یەکەم:
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٤ کورد بە دوو حیزب بەشداری کرد، بەدەپە بە جیا لە کوردستان و هەدەپەش لە شارە تورکییەکان بەشدارییان کرد. ئەوسا رێژەی دەنگەکانی بەدەپە کە تایبەت بوو بەشارەکانی کوردستان (٤.٢%) بوو. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ کورد تەنها بەیەک حیزب، واتە هەدەپە، بەشداری کرد و تەنها لە شارەکانی کوردستانیش کاندیدییان هەبوو. ئێستاش دەنگەکانی هەدەپە کە تایبەتە بە شارەکانی کوردستان (٤.٢٤%)ە. بەواتایەکی تر، رێژەی دەنگی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو بەرێژەیەکی کەمیش زیادی کردووە. سەرەڕای ئەو کەمە زیادکرنە، هەدەپە ٣ پارێزگای لەدەست دا، ئەمەش مانای ئەوەیە کە زیاد و کەمی رێژەی دەنگەکانی هەدەپە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێگایەکی تر بە شێوەیەکی نایەکسان بووە.
دووەم:
لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ بەدەپە شارەوانیی سێ گەورە شاری کوردستانی بردەوە، کە بریتی بوون لە گەورە شارەکانی ئامەد (دیاربەکر)، وان و مێردین. لە ساڵی ٢٠١٩ هەدەپە توانی پارێزگاری لە هەرسێ گەورە شارەکە بکات لەوانەش لە ئامەدی پایتەخت بەرێژەی ١٠% دەنگەکانی زیاد کردووە. وەک دەبینن هێندەی لە تورکیا ململانێ لە سەر بردنەوەی گەورەشارەکانی وەک ئەنقەرە و ئەسەمبۆڵ و ئەزمیرە، هێندە ململانێ لەسەر پارێزگا ئاساییەکانی تر نییە، ئاکپارتی (ئاکەپە) لە زۆربەی پارێزگا ئاساییەکانی تورکیا براوە بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئەنقەرە و ئەستەنبول دۆڕاندوویەتی بە دۆڕاو لەقەڵەم دەدرێت. هەمان حاڵەت بۆ کوردستانیش راستە. بۆ باکوور ئامەد (دیاربەکر) و وان و مێردین هاوتای ئەنقەرە و ئەستەمبۆڵ و ئەزمیر بایەخی هەیە.
سێیەم:
ئاکەپە لە شارەکانی کوردستان هەمان ئەو سیاسەتە قێزەونەی حیزبە حاکمەکانی باشووری بەرامبەر ئەو دەنگدەرانە بەکار هێناوە کە موچەخۆری دەوڵەتن. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کاک بەکر شوانی، پسپۆڕ و شارەزا لە کاروباری باکور و تورکیا، دەسەڵاتدارانی ئاکەپە لە رێگای بەرپرسی فەرمانگەکانەوە هەموو موچەخۆرەکانی باکوری ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر دەنگ بە ئاکپارتی نەدەن و دەنگ بەهەدەپە بدەن ئەوا جگە لەوەی لەسەر کارەکانییان دەردەکرێن، تۆمەتی تیرۆریست و پەکەکە بوونییان دەخرێتە پاڵ (بەپێى یاساکانى دەوڵەتى تورک پەکەکەبوون سزای قورسی چەندین ساڵ زیندانیکردن و لەکار دەرکردن و بێبەشکردن لە زۆرێک لە ماف و کارەکانی بەدوادا دێت) و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هەر موچەخۆرێک وێنەیەکی دەنگدانەکەی بگرێت و دواتر پیشانی سەرۆکی فەرمانگەکەی بدات و بیسەلمێنێت کە دەنگی بە ئاک پارتی داوە. ئەم سیاسەتە قێزەونە سەرباری ئەو سەرکوتکارییەیە کە دەوڵەتی تورک لە دژی هەدەپەی بەکار هێنا، بەڵام هەدەپە بەقۆڵبەسراویشەوە توانی رێژەی ٤.٢% بپارێزێت.
چوارەم:
زۆرجار خوێنەری باشوور و رۆژهەڵات لە دڵسۆزییەوە ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئەوە چ کوردێکە دوای ئەو هەموو کارەساتانەی کە ئەردۆغان بەسەر کوردیدا هێنا هێشتا ئامادە دەبێت دەنگ بە پارتەکەی ئەردۆغان بدات. لە راستیدا دەنگدەرەکانی ئەردۆغان تێکەڵەیەکن لەو تورک و ئازەری و عەرەبانەی کە لە کورستان نیشتەجێن لەگەڵ ئەو کوردانەی کە بۆ ئەوان کوردبوون هیچ بەهایەکی نییە. دەمەوێت زیاتر قسە لەسەر گروپی دووەم، واتە ئەو کوردانەی کە دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن بکەم. لێرە و لەوێ باس لەوە دەکەن کە ئەوانە بەهۆکاری دینییەوە دەنگ بە حیزبەکەی ئەردۆغان دەدەن. ئەم بۆچونە ورد و دروست نییە. لەراستیدا، لە ٨٠ ساڵی رابردوودا ئەو کوردانە بەردەوام دەنگییان بەو حیزبە داوە کە لە تورکیا حاکم و دەسەڵاتدار بوون. چا ئەو حیزبە حیزبێکی عەلمانی وەک جەهەپەی ئەتاتورک بووبێت، کە تا ساڵانی حەفتاکانیش لەدەسەڵات بوو، یان حیزبێکی چەپی وەک حیزبی کۆماری چەپی بولەند ئەجەوید بووبێت، یان حیزبێکی ئیسلامی وەک ریفاهەکەی ئەربەکان و ئاکپارتییەکەی ئەردۆغان. بەواتایەکی تر، ئەگەر بەیانی جەهەپە دەسەڵات بگرێتە دەست، لەدەورەی داهاتوو ئەو کوردانە، کە ئێستا دەنگ بە ئاکەپە دەدەن، دەنگ بە جەهەپە دەدەن. بەکورتی لە پرۆسەیەکی دوورودرێژی سەرکوتکاری و ئەسیمیلەکردندا، دەوڵەت ئەوانەی نەک هەر لە ناسنامەی نەتەوەیی، بەڵکو لە ئیرادە و شکۆی مرۆییشی داشۆریوە.
پێنجەم:
گروپێک لە باشور و رۆژهەڵات بێ ئەوەی دان بەواقیعی لەسەرپێ وەستاوی و بەهێز مانەوەی هەدەپە بکەن، پێ لەسەر شکستی ئەو حیزبە دادەگرن. لەراستیدا ئەوانە دەزانن کە هەدەپە شکستی نەهێناوە، بەڵکو خوازیارن و خەون بەوەوە دەبینن کە ئەو حیزبە و تەڤگەری نەتەوەیی باکور شکست بێنێت. ئەو گروپە لایەنگری ئەردۆغان و ئایدیۆلۆژیاکەی ئەون و ئەگەر لە باکور بونایە ئەگەرێکی زۆر هەبوو کەدەنگدەری حیزبەکەی ئەردۆغان دەبووون. پێویستە ئەو گروپە لەوە تێبگەن کە شکست و مەرگی ئەردۆغان دەبینن، بەڵام شکست و هەرەسی تەڤگەری نەتەوەیی باکور نابینن.
ر.م