"دەوامنەکردنى بەرپرسان و بەڕێوەبەرانى کورد بووەتە هۆی ئەوە کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەببرێت"

دابەشبوونی کورد بۆ دوو بەش لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وایکردووە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بێ ئەنجام بێت.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پشکی کوردن و لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەڕێوە دەبردران بەجێیان هێشتون، لەو کاتەوە لەلایەن جێگرەکانیان لە نەتەوەکانی تر بەڕێوە دەبردرێت.

 

هەوڵەکان بۆ کۆبونەوەی ئەنجوومەن

ئەحمەد عەسکەری لەبارەى هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکوک وتی، هەوڵێکی زۆر هەیە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کە ٢١ کەس لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆبێتەوە و بڕیارێک بدەن لەسەر چارەنووسی ئەو ئەنجوومەنە و کارەکانی و لیژنەکان تاوەکو بەدواداچوونی پێویست بۆ کارەکانی پارێزگا بکات، بەڵام بەداخەوە واساڵێک زیاتر تێپەڕی  و ئەو هەوڵانە هیچ بەرهەمێکیان نەبوو. 

هۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەن

هۆکارى کۆنەبوونەوەکانى بۆ خودی کورد گەڕاندەوە و وتیشی، هۆکارەکانی کۆنەبوونەوە کورد خۆیەتی، کورد بووەتە دوو بەشەوە بەشێکی لە هەولێر دەوام دەکات و نایەتەوە بەشێکی لە ناو کەرکووک دەوام دەکات لەبەر ئەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێک، شوێنی کارکردن کەرکووکە نەک پارێزگایەکی تر.

دەوام ناکەن بەڵام مووچە وەرەگرن

ئەوەشى خستەڕوو، بە بیانوی ئەوەی کەرکووک شاریکی داگیرکراوە ئەندامان و بەڕێوەبەرەکانیان ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام  بە بەردەوامی مووچەکانیان وەردەگرن لە حکومەتێک، کە ئەوان ناویان ناوە داگیرکەر.

ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکرن

ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ئەوەشى وت، تەنیا ڕێگە شەرعییەکەی ئەوەیە ژمارەی پێویست کە ۲۱ کەسە ئەندامە لە کۆی ٤۱ ئەندام لە هۆڵی کۆبوونەوەکان ئامادەبێت بڕیار بدات لەسەر ڕێکخستنەوەی جارێکیتری ئەنجوومەن و کاراکردنی.

چۆڵکردنی مەیدان بۆ نەیاران

ئەحمەد عەسکەری لە درێژەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، مەیدان چۆڵکردن بۆ خەڵکانێکی نەیار بێگومان ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە ئێستا لێی کەوتۆتەوە و ئێمەی کورد مەیدانەکەمان چۆڵکردووە.

بەدەستی خۆمان بۆشاییەکمان دروست کردووە ئەو خەڵکانە هاتوون ئەم بۆشاییەیان پڕکردووەتەوە بە ئارەزووی خۆیان حکوم دەکەن.

بەشێکى زۆر لە بەڕێوەبەرەکانیش دەوام ناکەن

ئاماژەى بەوەشکرد، هەر ئەندامەکانی ئەنجوومەن نین، کە ئەنجوومەنەکەیان بە جێهێشتووە و دەوام ناکەن، بەڵکو کۆمەڵێک بەڕێوەبەر هەیە بەڕێوەبەرایەتیەکانیان بەجێ هێشتووە. ئێستا بەڕێوەبەرەکانیان بە وەکالەت بەڕێوە دەبردرێت. ئەو بۆشاییە بۆ جێگرەکە بەجێماوە چۆن پارێزگا بۆ جێگری پارێزگا بەجێماوە ئێستا زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ جێگرەکانیان بەجێ ماوە، کە لە نەتەوەکانیترن.

زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبردرین

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە کۆتایی قسەکانیدا وتى، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەوەکالەت بەڕێوە دەبردرێت لە پەروەردەوە بیگرە بۆ نەوت و غاز، تەندروستی، پۆلیس، شارەوانی،  شارەوانیەکان، ڕێگەوبان و ئاو هیچیان شوێنەکانیان پڕنەکراوەتەوە و بەوەکالەت کارەکان بەڕێوەدەبردرێن، ئەتوانین بڵێین پارێزگایەکە بەوەکالەت بەڕێودەچێت.

ر.م