رژێمى ئێران پارەى فیشەکی چەکدارەکانى لە کۆڵبەرە بریندارەکان دەسەنێت!

رژێمى ئێران پارەى ئەو فیشەکانە لە کۆڵبەرەکان دەسێنێت، کە رووبەڕووی کۆڵبەرەکان تەقێنراون و پێى برینداربوون، یان پێى کوژراون.

بەپێى کۆڵبەر نیوز، رۆژی ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ٢٧ی پووشپەڕ چەکدارەکانى پاسەوانى سنوور لە پارێزگاى ورمێ بەبێ ئاگادارکردنەوە و داواى راوەستان تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە پەیمان قولی زادە کۆڵبەرێکى کوردی تەمەنی ٢٤ ساڵ و خەڵکی چاڵدران لە قاچەوە پێکراوە و بە قورسی بریندار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە لە دادگا سزادراوە و پارەى ئەو فیشەکانەى لێسەندراوە، کە بە پەیمان و کۆڵبەرەکانەوە نراون.

 پەیمان قولی زادە رایگەیاندووە، بەهۆی برینداربوونەکەیەوە قاچی چەپی لەکارکەوتووە و ماوەى ٧ مانگە لە ژێر چارەسەریدایە و تاوەکو ئێستا قاچی چاک نەبووەتەوە.

سەرباری ئەوەش هەموو تێچووەکانى نەخۆشخانە و چارەسەری لەلایەن خۆی و بنەماڵەکەیەوە دراوە و دادگاش بڕیاری تاوانباربوونى بۆ دەرکردووە. بەو هۆیەوە سزای دارایى بە بڕی ٥ ملیۆن تمەن بەسەردا سەپێنراوە و ئەوەش بۆ ئەو فیشەکانە بووە، کە چەکدارەکانى رژێمى ئێران لەسەر سنوور پێوەیان ناوە!.

لەو هێرشەى چەکدارەکانى رژێمى ئێران لەسەر سنوور کۆڵبەرێکى تر بە ناوی نێعمەت شەهبازی لە جێدا کوژرابوو و کۆڵبەرێکى تریش بە ناوی محەمەد حسێن نەژاد بە قورسی بریندار بوو و تاوەکو ئێستا لە ژێر چارەسەریدایە.

ر.م