کەمال ئەحمەد نەژاد زیندانیى سیاسیى کورد لە زیندانى میاندوئاو تۆمەتى "ئەندامێتى لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و شەڕ لە دژى سوپاى پاسداران" خرابوویە پاڵی و سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرابوو.
ناوەندی دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، کەمال ئەحمەدی نەژاد زیندانیى سیاسی لە کاتێکدا لەسێدارە دراوە کە دۆسیەکەى بە تەواوی یەکلایى نەکرابوویەوە.
کەمال ئەحمەد نەژدا بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەختى خۆی، پارێزەرەکەى و بنەماڵەکەى بە شێوەى نهێنى و لە ناکاو و پێش ئەنجامدانى دوایین چاوپێکەوتنى لەگەڵ بنەماڵەکەى، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە زیندانى میاندواو لەسێدارەدراوە.
کەمال ئەحمەد نەژاد لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ پێنج کەسی تر بە ناوەکانى هەڵمەت عەبدوڵاهی، میلاد عەبدی، سەعید سیاهی، سولەیمان کری و مستەفا تەهازادە بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانی دژ بە کۆمارى ئیسلامى و کوژرانى هاشم زینالی ئەندامى سوپاى پاسداران" دەستگیرکرابوون و لە ژێر ئەشکەنجەى زۆر قورس و دڕندانەدا ناچاریان بە دانپیادانان کردبوون.
نزیکەى ساڵێک لە دواى دەستگیرکردنیان، کەمال ئەحمەد نەژاد سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا و بۆ هەر یەک لەو ٥ کەسەى تریش سزاى ١٥ ساڵ زیندانى بڕابوویەوە.
کەمال ئەحمەد نەژاد لەبارەى ئەشکەنجەکانییەوە لە زینداندا نامەیەکى نووسیوە و باسی لەوە کردووە، کە چۆن ناچاریان کردووە دان بەو تۆمەتەدا بنێت کە خراوەتە پاڵی.
لە نامەکەى کەمال ئەحمەد نەژاد دا هاتووە "ئەشکەنجە قورسەکانیان رۆژ بە رۆژ زیادى دەکرد و لە مستەکۆڵە لیدان و شەق لێدان تێپەڕیبوو. هەواڵسین و کێبڵ لێدان و لە دوایدا کارەبا لێدان و هەڕەشەکردن لەوەى هاوسەرەکەم و بنەماڵەکەم دەهێنن و لەبەرچاوى ئەواندا سوکایەتى بەخۆی و ئینجا سوکایەتیش بەوان دەکەن. هەر چى باسى ئەوەم بۆ دەکردن کە ئاگادارى ئەو رووداوە نیم ئەوان ئەشکەنجەکانیان زیاتر و قورستر دەکرد و لە ئەنجامدا ناچاریان کردم دان بە تاوانێکدا بنێم کە ئەنجامم نەداوە. سەربارى ئەوەش بە ئەشکەنجە و هەڕەشە لێکردن ناچاریان کردم لەسەر شاشەى پرس تیڤی قسە بکەم".
لەسێدارەدانى کەمال ئەحمەد نەژاد لە کاتێکدایە ٢ رۆژ لەوە پێش، واتە بەرەبەیانى رۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ رژێمى ئێران هەر یەک لە زانیار مورادی، لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی زیندانیاى سیاسیى کورد لە زیندانى رەجایى شارى کەرەج لە نزیک تاران لەسێدارەدا و تەرمەکانى رفاندن و ئامادە نییە تەرمی ئەو تێکۆشەرانە رادەستى بنەماڵەکانیان بکاتەوە.
ر.م