سەربازانى تورکیا کەلوپەلی خۆراکیى هاووڵاتییانى ٣٢ شاری کوردستان تۆمار دەکەن

دواى ئەوەى وەزارەتى ناوخۆی تورکیا گەمارۆی خۆراکیى خستە سەر ٣٢ شار، لە ئێستادا یەکەی تایبەتى جەندرمە دەستیکردووە بە کۆنترۆڵکردن و تۆمارکردنی ئەو خۆراکانەى کە دەبردرێن بۆ گوندەکان.

یەکەى تایبەتى جەندرمە لە چوارچێوەى بڕیارى سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆی تورکیا، کە بڕیارەکەى بۆ پارێزگارەکان، جەندرمە و ئاسایش نێردراوە، لە ناوچەی سارای وان دەستکرا بە پشکینین و تۆمارکردنی ئەو خۆراکەى دەبرێت بۆ گوندەکان.

سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆی تورکیا هەفتەیەک لەوە پێش بڕیارێکى بۆ پارێزگارەکان، ئاسایش و جەندرمەى ٣٢ شار ناردووە و تیایدا داوایکردووە "هێزە ئەمنییەکان چاودێریى فرۆشتنى کاڵای خۆراکیى مارکێت و دوکانە گەورەکان بکەن، کە بەپێى پسوڵە خۆراکەکانیان دەفرۆشن. بە تایبەتى چاودێریى خۆراکەکانى وەک ئارد، شەکر، خواردنى لەقوتو نراو، هەڵوا و مرەبا بکەن و بۆ ئەوەش قورسایى بخەنە سەر کاری هەواڵگری و سیخوڕی. هەروەها لە رێگاکان و لە خاڵەکانى پشکنیندا لێکۆڵینەوەى بەرفراوان لەو کەسانە بکرێت کە ماددەى خۆراکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندایە تاوەکو بە وردی دەربکەوێت ئەو خوراکەى لە کوێ هێناوە و بۆ کوێى دەبات و بەشی چەند کەس دەکات...".

یەکەى تایبەتى جەندرمە لەو چوارچێوەیەدا چوونە گوندی شەرەفخانە لە ناوچەی سارای پارێزگاى وان و پشکنینیان بۆ ٢ دوکانی ناو گوندەکە کرد. جەندرمە تورکەکان هەموو کەلوپەلە خۆراکییەکانى ناو دوکانەکانیان یەک بە یەک ژماردووە و تۆماریان کردوون. هەڕەشەیان لە خاوەن دوکانەکانیش کردووە و پێیان وتون "لە ئێستا بە دواوە هەر چی خۆراک و کەلوپەل دەهێنن دەبێت تۆمارى بکەن و ئێمەى لێ ئاگادار بکەنەوە".

موراد سارساچ پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان رایگەیاند، بە چەندین شێواز پاساو و بیانو بۆ گوشار خستنەسەر سەر گەلی کورد و سزادانی دەهێنرێتەوە.

سارساچ راشیگەیاند، ئەو زۆرداری و ملهوڕییە لەو گوندانەدا ئەنجام دەدەن، کە هەدەپە دەنگێکى زۆری تیایاندا هێناوە. لە ناوچەی سارای جگە لە پشکنین و کۆنترۆڵکردنى خواردن و کەلوپەلەکان کارى سیخۆڕیش بەسەر گەلدا دەسەپێنن، بەڵام بەو کردارانەیان ناتوانن گەلی کورد بترسێنن.

ر.م