قەرەسوو: بەرخۆدانی ١٤ى تەمووز بووە هۆى خوڵقاندنی سوپایەکی فیدایی

"رۆڵی بەرخۆدانى ١٤ى تەمووز لە تێکۆشانى ئێمەدا زۆر بەرز و گرنگە. ئەوان بە شەهیدبوونیان چەندین بەهای گەورەیان خوڵقاند. جەنگاوەری گەورەیان ئافراند. بەرخۆدانى ١٤ى تەمووز سوپایەکى گەورەى فیدایى خوڵقاند".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، خۆڕاگرانی مانگرتنە گەورەکەى ١٤ى تەمووز و بە شەهیدبوونیان چەندین بەهای گەورەیان ئافراند. لە درێژەى قسەکانیدا وتى "ئەو شۆڕشگێڕە گەورانە شەهید بوون. دروست نییە مرۆڤ بڵێت، ئەوانمان لە دەستدا. دروست نییە مرۆڤ ئەو شەهیدانە وەک لەدەستدان لێکبداتەوە. ئێمە ئەوانمان لە دەست نەداوە و ئەوان لە دەست نەچوون. ئەوان بوونى خۆیان کاریگەرتر کرد. ئەگەر ئێمە لێکدانەوەیەکى لەو شێوەیە بکەین ئەو کاتە لێکدانەوەکە دەچێتە سەر بنەمایەکى دروست و ماناى دروستى خۆى وەردەگرێت".  

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە یەکێک لە بەرخۆدێرەکانى ١٤ى تەمووز بوو. چاوێکەوتنێکىى قەرەسوو لەبارەى مانگرتنە گەورەکەى ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢ / ٢٣ى پووشپەڕ، لە رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا بڵاوکراوەتەوە.

"قورسترین گوشارەکان لەسەر پەکەکەییەکان بوو"

قەرەسوور لەبارەى قۆناغ و چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر مانگرتنە گەورەکەى ١٤ى تەمووز رایگەیاند "لە مێژبوو بڕیارى مانگرتنە گەورەکە تاوەکو مردن، درابوو. ٣ مانگ دواى قۆناغى بەرخۆدانى یەکەم لە ٢٦ى ئایاری ١٩٨١دا، بڕیارى مانگرتنە گەورەکە درابوو. ئەشکەنجە گەیشتبووە ئاستێک کە راگرتنى قورس بوو. بۆ ئەوەش گفتوگۆ لەبارەى بەرخۆدانەوە دەستیپێکرد. دواى کۆتایهاتن بە بەرخۆدانى ١٩٨١دا نزیکەى ١٠ هەڤاڵیان بە جیا خستبووە ژوورى تاکە کەسییەوە. لەبەر ئەوەى ئەشکەنجەکان زۆر زیادیان کردبوو، گفتوگۆ لەبارەى ئەوەوە، کە دەبێت شتێک بکەین، دەستیان پێکردبوو. لە گفتوگۆکاندا باس لە شێوازە جۆراوجۆرەکانى بەرخۆدان دەکرا. دواى ئەو گفتوگۆیانە و لە قۆناغی پاراستندا هەم لە دژى گوشارەکان و هەم بۆ ئەوەى مافى بەرگریکردن بەدەست بهێنرێت بڕیاری مانگرتن تاوەکو مردن درابوو. هەڵبەت ئێمە دەمانوت ئەوە قۆناغى پاراستنە دەبێت زوو دەستپێبکات. لەو کاتەدا هەندێک لە چەپەکانى تورک و هەندێک لە مەهەپەییەکان و کەسانى تری مەدەنى لە سێدەر دران. لەو دۆخەدا ئەوەى کە زۆرترین بەرگری و شەڕێ کرد ئێمە بووین. لە شەڕدا ژمارەیەکى زۆر پۆلیس و سەرباز کوژران. ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەوت کەوتینە شەڕەوە. لەبەر ئەوەش دەمانوت، پێویستە بە خێرایى لە کۆبوونەوەکانماندا بڕیار بدەین. ئێمە دەمانوت دواى ئەو کۆبوونەوانەوە ئەوان بڕیارى لەسێدارەدان دەردەکەن و کادێرە گرنگ و سەرەکی و ئەو هەڤاڵانەى کە لەو چالاکییانەدا بەشداربوون، لە سێدارە دەدەن. نیگەرانیى ئێمە ئەوە بوو. لەو دۆخەدا چەپەکانى تورک و مەهەپەییەکان و هەندێک کەسى ترى مەدەنى لە سێدارە دەدران. بێگومان بە توندی بە گژ پەکەکەشدا دەهاتنەوە و چییان لە دەست بهاتایە دەیانکرد، چونکە بوونی پەکەکەیان بۆ خۆیان کردبووە پاساوی ئەنجامدانی کودەتا فاشیستییانەکەى ١٢ى ئەیلول. لە ناو گروپ و لایەنە سیاسییەکاندا، قورسترین و توندترین سیاسەتیان لە دژى پەکەکەییەکان بەکارهێنا. بەڕاستیش لە هۆڵی ژمارە ٥ى زیندانى ئامەد سیاسەتێکى زۆردارانە و چەوسێنەرانەی وایان لە دژى پەکەکەییەکان بەڕیوەدەبرد، کە لە هیچ شوێنێکى تر نەبوو".

"کەمال پیر: بەرخۆدان پێویستییەکى راست و دروستە"

وەک ئەوەى بیرمان لێدەکردەوە بارودۆخى دادگاکانیان بەپێى خواستىى خۆیان رێکخست. مانگ تێپەڕی، بەڵام قۆناغى بەرگریکردن دەستیپێنەکرد. دواى ئەوەى قۆناغى بەرگریکردن دواخرا، ئێمە بەرخۆدانەکەمان دەستپێبکرد. گوشارەکانیان لەسەر زیندانییەکان قورسترکرد. هەندێک لە لایەنگران و کادێران خۆیان لە بەرامبەر ئەشکەنجەکاندا پێڕانەگیرا و بۆ ئەوەى دانپیادانان ئەنجام بدەن، گوشاریان لێکدەکردن. ئیتر هەموو رۆژێک بۆ وەرگرتنی دانپیادانان دادگاکان کەوتبوونە کار. لەو بارودۆخەدا مەزڵوم دۆغان کە لەو بڕوایەدا بوو چالاکییەکە دواکەوتووە و بۆ ئەوەى هەڵوێستى خۆى بخاتەڕوو، لە نەورۆزدا چالاکییەکەى ئەنجامدا. دواى ئەو چالاکییە محەمەد خەیرى دورموش زانیارییەکى بۆ هەموومان نارد. لەو زانیارییەدا لێکدانەوەیەکی خستبووەڕوو. لێکدانەوەکەى بریتی بوو لە: 'چالاکییەکەى مەزڵوم دۆغان پەیامەکانى گەیشتن و لە پەیامەکەى تێگەیشتین. نیشانیدا کە کاتى چالاکییە، بەڵام دەبێت لە ئێستا بە دواوە بەرخۆدانەکەى ئێمە گشتى بێت'. ئێمە هەموومان لە زینداندا گوێمان لە خەیرى دورموش و قسەکانى دەگرت. هەر کاتێکیش پرسیارێک لە کەمال پیر بکرایە، دەیوت، دکتۆر چى دەڵێت، ئەوە قسە قسەى ئەوە. هاوکات کەمال پیر هەموو ساتیک بۆ بەرخۆدان ئامادە بوو. بەرپرسیارێتیى مانگرتنەکەى ١٩٨١ لە ئەستۆى کەمال پیر بوو و ئەو رێکیخستبوو. رێبەری سروشتیى مانگرتن تاوەکو مردن بوو. ئەو ئەنجامەى لەو بەرخۆدانە چاوەڕێ دەکرا، بەدەستنەهاتبوو. لەبەر ئەوەش کاتێک گوشارەکان زیادیان کرد و کاتێک گفتوگۆ لەبارەى بەرخۆدانی نوێ و جیاواز دەکرا، کەمال پیر بە رەقییەوە دەیوت 'لە من نەپرسن، بەرخۆدان پێویستییەکى راست و دروستە'. دەیویت، 'من پێشتر فەرماندەیم کردووە و بۆ ئەوەى تەنها من فەرماندە و کەسی یەکەم نەبم، کێ دەست بە بەرخۆدانى نوێ بکات من دەبمە دووەم هەڤاڵ و لەگەڵی دەستپێدەکەم'. بەو شێوەیە هەڵوێستی خۆی دەخستەڕوو.

"دواى بەرخۆدانەکەى مەزڵوم دۆغان پێویستى بەم بەرخۆدانە دروست بوو"

مانگرتن تاوەکو مردن خاوەنى بڕیارێکى لەو جۆرە بوو. دواى شەهیدبوونى مەزڵوم پێویستى بە بەرخۆدان بەوشێوەیە دروستبوو. لەو قۆناغەدا لە ١٧ى گوڵان، چالاکیى چوارەم ئەنجام درابوو. ئەو کاتە ئێمە لە قاوشی ٣٥ دا و لە ژوورە تاکە کەسییەکاندا بووین. ئەو کاتەى ئێمە لە نهۆمى چوارەم بووین گفتوگۆمان دەکرد و کۆبوونەوەمان ئەنجام دەدا. لەو کاتەدا دەست بەسەر نامە و نۆتەکانى ئێمەدا گیرا کە بۆ یەکترمان دەنارد. ئەسەد ئۆکتای بەرپرسى ئەشکەنجەکەرەکان بۆ ئەوەى رێگرى لە گفتوگۆکانى ئێمە لە نهۆمی چوارەم بکات و بۆ ئەوەى نەتوانین نامە و نۆت بۆ یەکتر بنێرین، لە نێوانماندا ژوورێکى تاکە کەسیى بە بەتاڵی دەهێشتەوە. ئیتر بەو شێوەیە ژوورێکى تاکە کەسی کەوتە نێوان هەڤاڵان. لەو کاتەدا من گواسترامەوە بۆ نهۆمی سێیەم. کاتێک لە ١٧ى گوڵاندا ئەو چالاکییە ئەنجامدرا هەڤاڵانمان لە قاوشی ٣٣ کە چالاکیى تیادا ئەنجام درابوو، ئەشکەنجە کران. بە قسەى ئەوەى ئەوان سزا دەدرێن، قاوشەکەیان چۆڵکرد. دواى چەند رۆژ لەو چالاکییە ٢هەڤاڵی ئێمەیان هێنا بۆ قاوشی ٣٥، کە ئێمەى تیادا بوو. زانیارییەکى کورتیان پێداین. زانیارییەکە ئەوە بوو، رۆژی ١٧ى گوڵان لە قاوشی ٣٣ فەرهاد کورتای، نەجمی ئۆنەر، ئەشرەف ئاینک و مەحمود زەنگین چالاکیى ئاگربەردان لە خۆین ئەنجامدابوو. لە ئەنجامى ئەو چالاکییەدا ٢ هەڤاڵ لە شوێنى چالاکییەکە و ٢ هەڤاڵی تر لە نەخۆشخانە شەهید بوون. کاتێک ئێمە ئەوەمان بییست، هەژاین و راچڵەکیین. من خێرا زانیارییەکەم گەیاندە هەڤاڵ خەیرى کە لە نهۆمی چوارەمدا بوو. ئیتر هەڤاڵان لە نهۆمی چوارەمدا لە چالاکییەکە ئاگادار کرانەوە. دواى چالاکیى هەڤاڵ مەزڵوم، شەهیدبوونى ئەو چوار هەڤاڵە کاریگەرییەکى زیاترى لەسەرمان دروستکرد. ئیتر ئەوەمان لەلا یەکلایى بوویەوە، کە کاتى چالاکییە. ئێمە دەمانویست لە قۆناغى پاراستنەوە بپەڕێینەوە بۆ قۆناغى مانگرتن لە مردن. ئەوە بڕیارى ئێمە بوو. ئەوە وایکرد، ئیتر پێش پاراستن دەست بکەین بە بەرخۆدان.