قەرەیلان: گۆڤەند و شایی شۆڕش هێشتا بە بەهێزی دەگەڕێت

قەرەیلان رایگەیاند، دوژمن دەیخواست گۆڤەندی شۆڕش لەبەر یەکهەڵوەشێنێت، بەڵام هێشتا گۆڤەندەکە بە بەهێزی دەگەڕێت. گەریلا سەرچۆپیی گۆڤەند و شاییەکەیە. گەریلا تێکبشێت هەموو شتێک تێکدەشکێت. رژێم ناتوانێت گەریلا پاکتاو بکات و تێکیبشکێنێت.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل لەگەڵ رادیۆ دەنگی وڵات قسەى کرد.

لەبارەی کردەوەکانى ئەمدواییەى دەسەڵاتی تورکیاوە وتی "دەسەڵات لە تورکیا حکومەتێکى ئاسایی نییە. هەوڵ دەدات بە کودەتا، فاشیزم و نەتەوەپەرەستی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە و بەو شێوەیە دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. بەگوێرەی خۆی سیستمێک، رژێمێک و دەوڵەتێکى پۆلیسیی دروستکردووە. بێگومان ئەوەش بە هاوپەیمانیى لەگەڵ هێزەکانى ناو دەوڵەتدا ئەنجام دەدات. رژێمێکە، کە بە کۆبوونەوەی نێوان ئاکەپە – مەهەپە- پارتی وەتەن – ئەرگەنەکۆن – نەتەوەپەرست – فاشیست و نەژاپەرەستی دامەزراوە. ئامانجی بنەڕەتیی ئەو رژێمە ئەوەیە، کە چۆک بە هەموو کەس دابدات. هەر لە چوارچێوەى رێککەوتنی نێوانیانیاندا "پلانێکیان بۆ سەر پێ دانەواندن" هەیە. ئەو پلانەیان لە تورکیا هەندێک سەرخست، بەڵام لە کوردستان نەیانتوانی چۆک بە پەکەکە دابدەن. نەیانتوانی رێبەر ئاپۆ ناچار بە پاشەکشە بکەن. سەرباری هەموو ئەوانەش، ماوەى ٥ ساڵە بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەکەنە سەر گەریلا و ئەو ئەنجامەى کە دەیانەوێت ناتوانن بەدەستی بهێنن. هەروەها بە شێوەیەکى فاشیستیانە لە دژی گەل و سیاسەتی دیموکراتیک دەجوڵێنەوە و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە بە قورسی پەیڕەو دەکەن. سەرباری ئەوانەش ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. هاوکات لەگەڵ ئەو هەموو گوشارە قورسانە، ئەشکەنجە و پاکتاوکاری و سڕینەوەکانیان ناتوانن یەک هەنگاو پاشەکشە بە یەک کەس بکەن".

'پەیوەندی نێوان ڕژێم و سیستمی گۆشەگیری'

قەڕەیلان ڕاشیگەیاند، دەسەڵات لە ڕێگەی توندوتیژی، فشار و شەڕەوە هەوڵ دەدات تەمەنی خۆی درێژ بکات و وتی،"لەناوەندی ئەم سیاسەتەدا گۆشەگیری ئیمڕالی هەیە. ئەم ڕژێمە قڕکەرە لەسەر سیستمی گۆشەگیری ئیمڕالی دروست بووە. گۆشەگیری نە تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆیە، گۆشەگیری لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا لەسەر دیموکراسی تورکیا، لەسەر گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکەیە. گۆشەگیری لە کوردستان و هەرێمەکە دەبێتە شەڕ، لە تورکیا دەبێتە هۆی فاشیزم. واتایەکی بەم شێوەیە لە گۆشەگیری ئیمڕالیدا هەیە.

ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە لەسەر سیاسەتێکی بەم شێوەیەی قڕکەر لە ئیمرالی هەبوونی خۆیان بەردەوامی پێدەدەن. ئەمە ئاشکرایە و لەبەرچاوە. ئەم بێئەخلاقی و نادادپەروەریەی لە ئیمڕالی هەیە لە هەموو زیندانەکان بەڕێوەدەبرێت. واتە ئەم شەڕی تایبەتە کە جێگای لەناو هیچ ئەخلاق، کەلتور و یاسایەکدا نابێتەوە، لە هەموو زیندانەکانی تورکیا و کوردستان بڵاوبووەتەوە. لە ڕاستیدا ئێستا لە هەموو تورکیا هەیە."

قەڕەیلان باسی ئەوەشی کرد کە گۆشەگیرکردنی بەرانبەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەسەر یاسا، دیموکراسی تورکیا، داهاتووی کوردستان و گەلانی هەرێمەکە کاریگەری دروست دەکات.

پەیوەندی نێوان گۆشەگیری و تێکۆشانی دیموکراسی

قەرەیلان ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر لەدژی نادادپەروەری و بێئەخلاقی سیستمی گۆشەگیری ئیمڕالی تێکۆشان بەڕێوەنەبرێت، تێکۆشانی دیموکراسیش پێشناکەوێت و وتی،" تێکۆشانی دیموکراسی و تێکۆشان لەدژی گۆشەگیری ئیدی لەناو یەکتریدان. لەبەرئەوەش نە تەنها تەڤگەری ئازادی کوردستان، پێویستە هەموو کەسێکی لایەنگری دیموکراسی لە تورکیا لەدژی گۆشەگیری ئیمڕالی هەڵوێستی هەبێت، لەدژی تێبکۆشێت. تا  گۆشەگیری هەڵنەگیرێت لە تورکیا هیچ شتێک جێگیر نابێت، ماف، دادپەروەری، ئازاد و دیموکراسی بەدی نایەن. ئەوانە لەگەڵ گۆشەگیری تێکەڵن. بۆیە گەلەکەمان، گەلان تورکیا پێویستە زیاتر لەدژی گۆشەگیری تێبکۆشن."

ڕژێمێکە لە لەدژی کورد و دیموکراسیە

لەبارەی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە قەڕەیلان وتی،"ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە ڕژێمێکی کودەتاچییە. بە کودەچا لەسەر پێ ماوەتەوە. بێگۆمان لێسەندنەوەی مافی پارێزبەندی پەرلەمانتاران کودەتا و هێرشێکە لەبەرانبەر ئیرادەی گەل."

قەڕەیلان وتیشی،"لەسەر دوژمنایەتی و دژایەتیکردنی کورد دەیەوێت شەپۆلێکێ نەتەوەپەرستی – شۆڤێنی لە تورکیا دروست بکات و بە پشتگیری ئەو شەپۆلە لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. گەلی کورد و لایەنگرانی دیموکراسی لە تورکیا پێویستە ئەم راستیە بزانن. ئەم ڕژێمە دوژمنایەتی کورد دەکات، دوژمنایەتی دیموکراسی دەکات. ئەم ڕژێمە بە نەژادپەرستی دەیەوێت سوود بەدەستبهێنێت. خۆی دوژمنایەتی لەدژی کورد ناشارێتەوە. ئاکەپە بەم شێوەیە، مەهەپەی نەژادپەرستی تێپەڕکردووە."

لەیلا گیوڤەن پێشەنگی بەرخۆدانی مێژوویی یە

قەڕەیکان باسی ئەوەی کرد کە یەک بە یەک ئەوانەی ئامانجن، ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە و وتی،"ئەو پەرلەمانتارانە کەسی ئاسایی نین. وەک دەزانرێت لەیلا گیوڤەن پێشەنگایەتی بەرخۆدانێکی مێژوویی کرد. هەروەها هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیە، واتە نوێنەرایەتی ئیرادەی کورد دەکات. ئاشکرایە کە بە ئەنقەست لەیلا گیوڤەن دەکەنە ئامانج. لەبەرئەوەی کە ناچار بوو لەبەرانبەر بەرخۆدانی مانگرتنی لە خواردن کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن ئەنجامدرا، هەنگاوی بەرەو دواوە بنێت، دەیانەوێت تۆڵە بکەنەوە و لێپرسینەوەی لێبکەن. پێویستە ئەمە بەم شێوەیە شیکردنەوەی بۆ بکرێت.

فارسئۆغوللاری لە هەموو ژیانیدا، هەنگاوی بەرەو دواوە نەناوە

مووسا فارسئۆغوللاری وڵاتپێزێکی قوڵی ئامەدە. لە هەموو ژیانیدا لەدژی فاشیزم هیچ کاتێک بەرەو دواوە هەنگاوی نەناوە و خاوەنداری لە مێژووی بەرخۆدان کردووە. بەهۆی ئەو هەڵوێستەی کرایە ئامانج. واتە لە شەخسی مووسا فارسئۆغوللاری دە هێرش دەکەنە سەر هەڵوێستی تێکۆشانی پێداگر و ناسنامەی وڵاتپارێزی."

هێرشە پلانبۆداڕێژراوەکان تەواوکەری یەکترین

قەڕەیلان ئەوەی خستەڕوو کە ڕژێمی ئێستا، ڕژێمێکی بەم شێوەیەیە کە بە لەناوبردنی گەلی کورد دەیەوێت بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات، ڕژێمێکی قڕکەر و نەژادپەرستە و وتی،"لە گۆشەگیری ئیمڕالی تا دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران، لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان تا قڕکردنی سیاسی لەدژی ژنان، لە ئەشکەنجەکردنی گەنجانی کورد تا تێکدانی گۆرستانەکان، لەهێرشەکان لەدژی بەهاکانی گەلی کورد، ئەم ڕاستیە بە ئاشکرایی دەبینرێت. هێرشی پلانبۆداڕێژراون و تەواوکەری یەکترین. بارش چاکان گەنجێکی ٢٠ ساڵی کورد بوو. چی کردبوو کە بەر چەقۆ کرا؟ لەبەرئەوەی گوێی لە موزیکی کوردی دەگرت چەقۆیان لەدڵیدا و کوشتیان.

لە تورکیا نەژادپەرستیەکی مەترسیدار هەیە

نابێت هێرشەکان بەجیا شرۆڤەیان بۆبکرێت. قادر سەکچی، شیرین توسون، سەدات ئاکباش، هەروەها لە ئەستەنبوڵ سەلیم سەرهاد، ئەمراهـ گەزەر، گەنجی کورد بوون و لە لایەن فاشیستەکانەوە کوژران. لەسەر کولتور، هەبوونی کورد هێرشێکی بەم شێوەیە هەیە. ئەوەش ئەنجامی نەژادپەرستی تورکیایە. پێشتریش باسمان کردبوو، لە هەرێمی بەستا دوو وڵاتپارێزی هێژای ئەڤینداری خاکەکەیان، هورموز و شیمۆنی کە ئاشووری – کەلدانی بوون و خەڵکی گوندی مەهرە بوون بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران. لە تورکیا نەژادپەرستیەکی مەترسیدار هەیە. فاشیزمی نەژادپەرست لە تورکیا قوڵە. لەدژی کورد، کەلدانی، سوریانی، ئەرمەن، چەرکەس، ڕۆم، نەتەوەپەرستی و نەژادپەرستیەکی قۆڵ هەیە."

کوشتنی بارش ڕووداوێکی ئاسایی نییە

قەڕەیلان وتیشی، کوشتنی بارش چاکان بەهۆی گوێگرتن لە موزیکی کوردی رووداوێکی ئاسایی نییە. کوشتنی بارش بە واتای کوشتنی داهاتووی گەلەکەمان دێت. بۆیە پێویستە گەنجانی کورد ئەم هێرشە وەک هێرشێک لەدژی خۆیان ببینن و بەو پێیە هەڵوێست دەرببڕن. پێویستە گەنجانی کوردستان ئابڕۆ و شەرەفی خۆیان بپارێزن، زوڵم قبوڵ نەکەن، بێدەنگ نەبن. چۆن لە ئەمریکا ڕاپەڕین دروست بوو، گەل هەستایە سەر پێ، لەدژی کوشتنی بارشیش پێویستە بە هەمان شێوەیە وڵام بدرێتەوە و لێپرسینەوە بکرێت.

هەروەک چۆن لە ئەمریکا کەس گوێی بە کۆرۆنا نەدا...

ئەگەر لە کوردستان وڵام نەدرێتەوە، پێویستە کەموکورتیەکان ببینرێت. بۆیە ئەو ناڕەزاییەی کە پیشاندەدرێت زۆر کەمە. بەڵێ، سیاسەتمەدارانی کورد لەدژی گۆشەگیری ئیمڕالی، لەدژی کودەتای دژی پەرلەمانتاران و کوشتنی بارش چاکان دەتوانن ڕاگەیەنراو بڵاوبکەنەوە و شەرمەزاری بکەن. ئەمە پێویستە بەڵام ئەوە بە تەنها چارەسەر نییە. واتە پێویستە ئیرادەی گەل بڕژێتە کۆڵانەکان. سەیری بکەن، لە ئەمریکا  بە هەزاران کەس گوێیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدا و چوونە ناو شەقامەکان. بەهۆی ئەوەی بیدەنگی لەبەرانبەر کردەوە نەژادپەرستیەکان نابێت. ئەگەر مرۆڤ خاوەن ئابڕۆ نەبێت و مرۆڤ لەبەرانبەر هێرشی بەم شێوەیە هەڵوێستی نەبێت و نەوەستێتەوە، باشە واتای ژیانی مرۆڤ چییە؟ ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپەش بۆ چەوساندنەوەی گەل ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەکاردەهێنن. لە ئێستا بەدواوە کەس گوێ لەوە ناگرێت، لەبەرئەوەی چەقۆکە گەیشتووەتە سەر ئێسقان."

پێویستە تێکۆشان بچێتە ناو کۆڵانەکان

قەڕەیلان ڕاشیگەیاند، پێویستە ئەوە قبوڵ نەکرێت، راپەرن، تێکۆشان بەهێز بکەن و وتی،"ناوی بارشە (ئاشتی) بەڵام بەهۆی ئەوەی گوێی لە موزیکی کوردی گرت، بە چەقۆ کوژرا. بانگەوازیم بۆ گەنجانی کورد ئەمەیە: ئەوەی بەرانبەر بارش کرا پێویستە باش لێی تێبگەن و کەس بیدەنگ نەبێت. ئەگەر ناتوانن بێنە ناو شەقامەکان، ئەگەر بڵێن لێرە تێکۆشان زەحمەتە، ئەو کاتە با ڕوو لە چیاکان بکەن و بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا بکەن. پێویستە گەنجانی کوردستان بێدەنگ نەبن، بچنە کۆڵان و شاخەکان. بەم شێوەیە دەتوانن هەڵوێست لەدژی نەژادپەرستی و قڕکردن پیشان بدەن. بۆ پاراستنی ئابڕۆ و داهاتوویان ئەمە شەرتی بناغەیی یە.

بانگەوازیمان بە تەنها بۆ گەنجانی کورد نییە، بۆ گەنجانی گەلانی هەموو تورکیایە کە بەم شێوەیە هەڵوێست دەرببڕن. ئەوانەی لە تورکیا دەڵێن، 'من مرۆڤم' 'لایەنگری دیموکراسیم' پێویستە لەبەرانبەر ئەم جۆرە کردەوانە بێدەنگ نەبێت."

لەبەرچاوی جیهان پاکتاوی ڕەگەزی دەکات

موراد قەڕەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل باسی ڕفاندنی ژنانی کورد لە عەفرین و کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری کرد و بەم شێوەیە دڕێژەی بە قسەکانیدا، " ئەو شتەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین دەیکات، ڕووڕەشی مرۆڤایەتیە. لەسەدەی ٢١ دا لەبەرچاوی جیهان لە عەفرین، هەروەها  لە سەرێکانی پاکتاوی رەگەزی دەکرێت، مرۆڤ دەڕفێنرێت، ژنان دەڕفێنرێت، دەست بەسەر ماڵ و موڵکی گەلدا دەگرن. ئەوانە هەموویان پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. ڕژێمی ئەردۆغان پشت بە چی و کێ دەبەستێت؟ هەندێک هێز بەرپرسی ئەوەن. نمونە ئەمریکا و رووسا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی تورکیا بەرەو خۆیان ڕاکیشن هەوڵ دەدەن. ئەردۆغانیش سوود لەوە وەردەگرێت و لە عەفرین دڕندەیی دەکات. بەرپرسیاری ئەو کردەوانە ئەمریکا و ڕووسیان، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لەبەرانبەر کردەوەکان بێدەنگە. نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی عەفرینەوە قسەی کرد، بەڵام بە گشتی ئەو کردەوانەی کە دەکرێت، بە ڕەوای دەبینێت.

پێویستە کەس پشت بە هێزە دەرەکیەکان نەبەستێت

قەڕەیلان دەڵێت، لە کەسایەتی عەفریندا لەسەر گەلی کورد رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەیە و وتی،"لەبەرانبەر دڕندەیی بێدەنگی هەیە. پێویستە پشت بە هێزی خۆمان ببەستین و بەم شێوەیە تێبکۆشین. بێگۆمان کاتێک ئێمە ئەمە دەڵێین، ئێمە تێکۆشانی سیاسی و دیپلۆماسی لەبیرناکەین، بەڵام پێویستە بەرخۆدان هەبێت و لەدژی سیاسەتی دووڕووی هیزە نێونەتەوەییەکان خاوەن هەڵوێست بین. با کەس هیوای خۆی بە هێزەکانی دەرەوە نەبەستێت. دوای داگیرکردنی سەرێکانی، ئەمریکا و دەوڵەتی تورک ڕێککەوتبوون کە هەموو کەسێک بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی. کا ئەوە ئەنجامدرا؟ گەلی سەرێکانی توانی بگەڕێوەتەوە بۆ سەر ماڵ و موڵکی؟ واتە بۆ بەرژەوەندی قێزەونی خۆیان هەوڵ دەدەن گەلان بەم سیاسەتە دووڕوویەی خۆیان هەڵبخەڵەتێنن. لەدژی ئەمەش پێویستی بە تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی دیموکرات هەیە.

نەک چەتەکان، دەوڵەتی تورک بۆخۆی دەیکات

لەبارەی کردەوەکانی عەفرین و سەرێکانی هەندێک کەس دەلێن، چەتەکان فڵان کردەوەیان ئەنجامدا. چەتەکان نین، دەوڵەتی تورکە کە ئەو کارانە دەکات. میت ڕۆژانە راپۆرت لە چەتەکان وەردەگرێت و بەڕێوەیان دەبات. بۆیە بەرپرسیاری کردەوە دڕندەکان دەوڵەتی فاشیستی قڕکەرە. نەک چەتەکان، بۆ چ نرخێکی چەتەکان هەیە؟ کردەوەکان هەموویان لە لایەن دەوڵەتی تورک و لە لایەن ئەردۆغانەوە ئەنجام دەدرێن. پێویستە بەم شێوەیە شیکردنەوەی بۆ بکرێت.

لەبیرکردنی کردەوانی عەفرین خیانەتە

هەروەک چۆن داعش لە شەنگال ژنانی کوردی ئێزی ڕفاند و کردینی بە کۆیلە، ئێستا لە عەفرینیش دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات ژنانی کورد بکاتە کۆیلە، بیانفرۆشێت و بە هەموو شێوەیەک بیئابڕۆیی ئەنجام دەدات و دەیانڕفێنێت. هەر کەسێکی کورد کردەوەکانی دەوڵەتی تورک یەک خولەکیش لە عەفرین لەبیر بکات، واتە کەوتووەتە ناو خیانەتەوە. پێویستە گەلی کورد ئەم زوڵمەی لە عەفرین کراوە و دەکرێت هیچ کاتێک لەبیر نەکات. پێویستە تێبکۆشێت، لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی ڕزگاری عەفرین بە شێوەیەکی فراوان بەرخۆدان دەکەن، چالاکی بەهێز ئەنجام دەدەن. سڵاوی خۆم بۆ هەموویان دەنێرم، پیرۆزباییان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ فەرماندە و شەڕڤانەکانیان دەخوازم.

گەنجانی کوردستان، گەنجانی عەفرین، هەموو کەسێکی خاوەن شەرەف پێویستە ئەم دڕندەییە لەبیر نەکەن. ئەو شتەی کە گەنجی عەفرین پێویستە ئەنجامی بدات ئەوەیە کە پێویستە نەچێتە ئەوروپا و باشوور و تورکیا، پێویستە بەشداری لە هێزەکانی ڕزگاری عەفرین بکەن و خاوەنداری لە شەرەف، خاک و وڵاتەکاین بکەن."

گەریلا تێکبشکێت، هەموو کەسێک تێکدەشکێت

قەڕەیلان لەبارەی چالاکیەکانی گەریلا لەدژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بەم شێوەیە قسەی کرد، " لەدژی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری و قڕکەری تورک لە ئاستێکدا بەرخۆدان هەیە، شەڕێک بەڕێوە دەبرێت. لەگەڵ کەموکورتیەکان تا ئاستێک چالاکی ئەنجام دەدرێن. واتە گۆڤەندی شۆڕش بەردەوامە. دوژمن هەوڵیدا گۆڤەندی شۆرش بڵاو بکاتەوە، بەڵام ئەم گۆڤەندە بە بەهێزی بەردەوامە. گەریلا لەسەر گۆڤەندەکە بەردەوامە. ئەگەر گەریلا تێکبشکێت، هەموو کەسێک تێک دەشکێت. واتە ئەگەر، دوژمن تا ئێستا سەرنەکەوتووە و تێکچووە، بێگۆمان لێرەدا ڕۆڵی بەرخۆدانی شاخ و شارەکان گەورەیە."

پێویستە لەدژی سیخوڕی هەڵوێست پیشان بدرێت

قەرەیلان لەبارەی سیاسەتی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیش وتی،" دوژمن دەیەوێت ئێستا چی بکات؟ دوژمن دەیەوێت لە کوردستان گەنجان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ڕوو بکەنە کردەوەکانی دژی ئەخلاقی کۆمەڵگا و بیانکاتە سیخوڕ. پێشتر هەوڵیدەدا بیانکاتە جاش. ئیستا ئەوە بە تێرکەر نابینێت و دەیانەویت بیانکاتە سیخوڕ. جاش بێت یان نەبێت، پێویستە هەموو کەسێک لەدژی سیخوڕی هەڵویستی هەبێت. ئەوە بە تایبەتی بۆ باکووری کوردستان گرنگە. هەروەها لە باشووری کوردستانیش کاری دوژمن زیادکردنی سیخوڕە. لەدژی کاری قێزەونی سیخوڕی دوژمن پێویستە تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەببرێت."

'ئەگەر لە هەرێمەکە زانیاری پێنەگات، ناتوانێت هیچ ئەنجامێک وەربگرێت'

قەڕەیلان وتی،"پیویستە بزانن، ئەگەر هەواڵگری نەبێت هێزی هەواڵگری ئاسمانی و تەکنیکی دوژمن هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت. بێ زانیاری خۆجێیی و بە تەنها بە هەواڵگری فڕۆکەکانی کەشف ناتوانن هیچ شوێنێک دەستنیشان بکەن. هەواڵگری بنەڕەتی لە سیخوڕی خۆجێیی و چاودێرەکان وەردەگرن. لەبەرئەوەش پێوستە وڵاتپارێزەکانمان لەدژی سیخوڕەکانی دوژمن تێبکۆشن. ئەگەر رۆڵەی فیدایی ئەم گەلە گورزیان بەربکەوێت و لەناو بچن هیچ شتێکی ئەم گەلە نامێنێت. داهاتووی ئەم گەلە نامێنێت. لەبەرئەوەش پێویستە هەموو کەسێک بەرلە هەموو شتێک بیر بکاتەوە کە چۆن دەتوانن فیداییانی ئازادی ئەم کۆمەڵگایەی مرۆڤایەتی بپارێزن."

لە کۆتایی قسەکانی موراد قەڕەیلان ئەوەی خستەروو،" متمانەمان بە گەلەکەمان هەیە، وڵاتپارێزی کوردستان جەوهەری تێکۆشانمانە. ئێمە بڕوامان بە گەلەکەمان هەیە و بەم شێوەیە خۆیان فیدا دەکەن. لێرە دەمەوێت بڵێم: گەلەکەمان و وڵاتپارێزەکانمان پێویستە لەدژی کەسانی لاواز تێبکۆشن و خۆیان لە کردەوە سیخوڕیەکانی دوژمن بپارێزن. ئەگەر بەم شێوەیە کار بکەن لەم کاتە مێژووییەدا دەتوانرێت ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنرێت، دەتوانرێت پلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکرێتەوە سەرکەوتن مسۆگەر بکرێت."

ف.ق