قادر کاراباک و ئەستا ناجی یڵدرم ئەندامانی حیزبی مارکسیست لنینیست کۆمۆنیست (مەلەکەپە - MLKP) لە زیندانى جۆری ئێفی وان زیندانیکراون و بۆ ئیدانەکردنى پێشێلکردنى مافەکانیان ماوەی ٦٩ رۆژە لە مانگرتندان. ئێستا باری تەندروستیى کاراباک و یڵدرم لە مەترسیدایە.
"٢٣ کلیۆ لە کێشى کەمیکردووە"
تورکمەن کاراباک هاوسەری قادر کاراباک رایگەیاند، نیگەرانییان لەبارەى تەندروستیى هاوسەرە مانگرتووەکەی و هاوڕێکەیەوە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەبێت.
راشیگەیاند "کاتێک قسەمان لەگەڵ قادر کاراباک کرد دەنگى زۆر کز و ماندوو بوو. وتى ٢٣ کیلۆ لە کێشم کەمیکردووە. ئێمە نیگەرانى باری تەندروستیى ئەوین. لە دوایین جاردا کە پێکەوە قسەمان کرد وتى 'دادوەرێک قسەى لەگەڵ کردووین، بەڵام چاوپێکەوتنەکە هیچ باش نەبوو'. وا دیارە بەرپرسانى زیندانەکە ئامادە نین داواکانمان قبوڵ بکەن. پارێزەرەکانیش وتیان 'لە چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ بەرپرسانى زیندانەکەدا پێیان راگەیاندراوە، وان بە زیندانی فڕۆکەوانی هەڵبژێردراوە و شێوەى رەفتار و هەڵسوکەوتەکانیان بەردەوام دەبێت. لەو بڕوایەدام لە دواى ئەوەى هاوسەرەکەم و ئەستا ناجی یڵدرم باری تەندروستییان تێکچوو و بورانەوە ئەو کاتە ئاوڕیان لێدەدەنەوە".
"پیشتگیرکردنى راى گشتى گرنگە"
کاراباک باسی ئەوەشیکرد، هاوسەرەکەم و یڵدرم دەیانەوێت مافە ئاسایى و سروشتییەکانیان پارێزراو بێت. وتیشی، لەو بارودۆخەدا ئەگەر هاوسەرەکەی و هاوڕێکەى دەست لە مانگرتن هەڵگرن کێشەى تەندروستیى زۆر گەورەیان بۆ دروست دەبێت.
کاراباک ئەوەشی وت، ٢ مندأڵیان هەیە و داواى لە بەرپرسانى زیندان ئەوەیە، داوای هاوسەرەکەی و هاوڕێکەى قبوڵ بکەن.
تورکمەن کاراباک ئاماژەى بەوەشکرد، لەو بارەیەوە لەگەڵ پەرلەمانتارانى هەدەپە چاوپێکەوتنى ئەنجامداوە، بەڵام هاوکات پشتیوانیکردنى راى گشتی لەو مانگرتوانە زۆر گرنگە.
ر.م