لە تەق تەق بڕیارەکەی ئەمریکا لە دژی کادیرە پێشەنگەکانی پەکەکە ئیدانەکرا

لە بەردەوامی کاردانەوەکان بە بڕیارەکی ئەمریکا لەدژی ٣کادیرە پێشەنگەکەی پەکەکە و کەجەکە لە تەقتەق-ی سەر بە شاری کۆیە لە باشووری کوردستان، هاووڵاتیان چالاکییەک بڕیارەکەی ئەمریکایان ئیدانەکرد.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدەسپێشخەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هاووڵاتیان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی لە نزیک مۆنۆمێنتی ئەنفال لە تەقتەق، میتینگێکیان بەڕێوەبرد.

لەمیتینگەکەدا دێهات عوسمان، نوێنەری بەشداربووان بەیاننامەیەکی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: بڕیارەکەی ئەمریکا دژی پێشەنگەکانی کورد خزمەتکردنی داعشە و دوورە لە ئەخلاقی سیاسی.

ئاماژە بەوەش کرا: ئەو بڕیارەی ئەمریکا بەردەوامیی پیلانگیڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتە، کە بە بەرخۆدانی گەریلا و شەڕڤانان و پێشمەرگە پوچەڵکرایەوە، ئەم تێکۆشانە بوەتە هیوایەک بۆ گەلانی ئازادیخواز.ئەوەش هاتبوو: ئێمە بانگەوازی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و کەسیەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەین کە پێکەوە وەڵامێکی شایستە بدەنەوە دژ بەو بڕیارە.