بە دەستپێشخەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا و شەهیدکردنی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە.
ئەمڕۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ڕایگەیاند، فەرماندە قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠دا شەهیدبووە.
لە دژی شەهیدکردنی ئەو فەرماندەیەی پەکەکە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان، لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان و بە بەشداری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، ژنانی گەنجی تێکۆشەر، تەڤگەری ئازادیی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، گردبوونەوەیەکی جەماوەری دەستیپێکرد.
گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی 'شەهید نامرێ، بمرێ خیانەت، تۆڵە...تۆڵە' و بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهید قاسم ئەنگین و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای پەکەکە بەڕێوە چوو.
ز.ش