لە شیلادزێ ڕۆژنامەوانێک دەستگیرکرا بە تۆمەتی قسەکردن بۆ کەناڵێک

پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڵاتیەکی شیلادزێ دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی بۆ کەناڵی ئاسمانی ستێرک(sterk tv (قسەی کردووە.

سەرچاوەیەکی هەرێمی لە شیلادزێ  بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند کە سەرلەبەیانی ئەمرۆ ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق( پەدەکە) لە شیلادزێ ڕۆژنامەوان قارەمان  کوڕی شوکری ڕێکانی ڕۆژنامەوانی کۆچکردویان بانگ کردووە بۆ ئاسایش و بەڵام تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە ماڵ و لە ئاسایش دەستگیرکراوە.

هاوکات ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند قارەمان شوکری ڕێکانی پێشتریش چەن جارێک لە لایەن ئاسایشەوە بانگێشت کراوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە لەسەر ئەوەی بۆچی بەشداری لە کاناڵی ستێرک کردووە و ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیانی شیلادزێی بەو کەناڵە ڕاگەیاندوە.

قارەمان شوکری ڕێکانی یەکێکە لە ڕۆژنامەنوسە دیارەکانی دەڤەری شیلادزێ و کوڕی شوکری ڕێکانی ڕۆژنامەوانی کۆچکردووە، قارەمان لە ماوەی ڕابردوو لە کاتی سەرهەڵدانی گەلی شیلادزێ توانیویەتی بە شێوازێکی پیشەییانە ڕۆماڵی سەرهەڵدانی گەلی شیلادزێ بکات.

دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوان قارەمان شوکری ڕێکانی لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣ هەزار چەکداری بردووەتە ناحیەی شیلادزێ بۆ ئەوەی بنکەو بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بپارێزێ لە ناڕەزایەتی سەرهەڵدانی گەل.

لەو بارەیەوە فەرمان محەمەد ئەندامی بەڕێوبەری کەناڵی ستێرک تیڤی بە ئاژانسی هەواڵی فورات ANFی ڕاگەیاند :"دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان بە توندی شەرمەزار دەکەین لە باشوری کوردستان و بە تایبەتی دەسگیرکردنی قارەمان شوکری ڕێکانی کە پەڵەیەکی دیکەیە بە نێوچەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شیلادزێ، بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ لە پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە یاسای ڕۆژنامەوانی، ئەم دەسگیرکردنە پێشێلکردنی یاسایە و پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەگەریە لە باشوری کوردستان".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ئەمە جاری یەکەم نیە ڕۆژنامەوانان لە بادینان کە بەشداری کەناڵی ستێرک تیڤی دەبن دەستگیر دەکرێن، نەک تەنها ڕۆژنامەوانان بەڵکو چالاکوانانیش دەسگیرکراون بە تۆمەتی ئەوەی قسەی بۆ کەناڵی ستێرک تیڤی کردوە.

فەرمان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند:" ئەم ڕۆژنامەوانە کە لە لایەن پەدەکە دەستگیرکراوە دوور و نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە، وەک هەر ڕۆژنامەوانێکی دیکە لە ڕۆژی خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ چەند جارێک لە بەرنامەکانماندا بەشداری کردوە".

ڕ.ح