تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی قەسەدە شانەیەکی مەترسیداری داعشیان هەڵوەشاندەوە
قەسەدە ڕایگەیاند کە شانەیەکی داعشیان بە ئۆپەراسیۆنێک هەڵوەشاندۆتەوە، کە جبەخانە و تەقەمەنی و مادەی لۆجیستییان بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکانی ڕەقە ئامادە دەکرد.
قەسەدە ڕایگەیاند کە شانەیەکی داعشیان بە ئۆپەراسیۆنێک هەڵوەشاندۆتەوە، کە جبەخانە و تەقەمەنی و مادەی لۆجیستییان بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکانی ڕەقە ئامادە دەکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک، ئاشکرای کرد کە تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی (تۆل)ـی سەر بە قەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە شاری ڕەقە ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و شانەیەکی مەترسیداری داعشی هەڵوەشاندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە داعش دەیەوێت خۆی زیندوو بکاتەوە و ڕەوشی ئاڵۆزی ئێستە بقۆزێتەوە و ڕێکخستنی خۆی بەهێز بکاتەوە، بەڵام هێزەکانمان ڕێگە لە هێرشە تیرۆریستییەکانیان دەگرن بۆ سەر هێزە سەربازییەکان و خەڵکی سڤیل و دامەزراوەکان.
هەروەها دەڵێت: "تیمەکانی (تۆل)ـی سەر بە هێزەکانمان ئەمڕۆ (دوو شەممە) لە ناو شاری ڕەقە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کۆنتڕۆڵکراوی ئەنجامدا و شانەیەکی مەترسیداری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لەناوبرد.
پاش زانیاری ورد و چڕ دەربارەی جموجوڵ و کاری شانە تیرۆریستییەکە و شوێنەکەیان، هێزەکانمان بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە ڕەقە. ئەو ماڵە شوێنی کۆبوونەوە و دابەشکردنی ئەرکی نێوان ئەندامانی شانەکەیە. هێزەکانمان توانیان سەرچەتەی شانەکە "ئەمیر" بە ناوی عەبد عید و بە ناسناوی ئەبو زەهرە، وە چوار چەتەی دیکەی دەستگیرکرد. ناوی ئەو چوار چەتەیە بەم جۆرەیە: حوسێن محەمەد (ئەبو مەعاز، عەبد ئەل یوسف (ئەبو هادی)، جاسم ساڵەح (شەمەری) و حەمەد ئەل خەڵەف (بە هەردوو ناسناوی ئوسامە و ئەبو عومەر).
شانەکە پێشوازی دەکرد لەو چەتە داعشانەی لە دەرەوەی ڕەقەوە هاتبوون، ئەو چەتانەیان لەنێو شانە تیرۆریستییەکەدا دابەش دەکرد. هەروەها ئەو ئەندامانەی شانەکە کە دەستگیرکراون، خبەخانە و تەقەمەنی و مادەی لۆجیستییان بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی زیندانی ڕەقە پەیدا دەکرد کە گیراوانی داعشی تێدایە. بەڵام لە ئەنجامی دەستگیرکردنیاندا، ئەم پلانی هێرشکردنە هەڵوەشایەوە".