پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخچەی گەڕەکی ئیسکانی شاری كەركوك بە دروشمی (ئێوەمان ناوێت) دەستەی مامۆستایانی ناڕازی بە بەشداری مامۆستایانی داكۆكیكار گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرامبەر پێنەدانی مۆچەكەكانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
هەروەها مامۆستایانی کورد لە کەرکوک داوایان لە حکومەتی عێراق کرد مووچەکانیان بگوازێتەوە سەر حکومەتی ناوەندی عێراق.
دەسەڵاتداری هەرێم ڕەنجی تێكۆشەرانی ئەم میلەتە و ڕووباری خوێنی شەهیدانی ڕێگای رزگاری كوردستان بە فیڕۆ دەدەن
لە گربوونەوەکە دا مامۆستا (جومعە محەمەد) بە ناوی مامۆستیانەوە بەیانامەیەكی ئاراستەی دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرد و وتی:"ئێمە وەکو چینی مامۆستا و فەرمانبەران كۆڵەكەی سەرەكی ئەو كیانەنین كە نای هەرێمی كوردستانە، هەروەها ئامادەبوانی ئەم گردبوونەوەیەش پێكهاتەیەكی گرنگ و سەرەكین لەو شارەی كە بە قودس و دڵی كوردستان ناسراوە و شوناسی نەتەوەیی میلەتی كوردیشە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم وا خەریكە بەری ڕەنجی تێكۆشەرانی ئەم میلەتە و ڕووباری خوێنی شەهیدانی ڕێگای زگاری كوردستان بە فیڕۆ دەدەن و جگە لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان بە كەركوك و ناچەكانی دیكەشەوە وا خەریكە سزای برسیكردن بەسەر ئەم میلەتە بەش مەینەتدا دەسەپێنن."
لە كەركوكی چەند جار فراشراوەوە، دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرز دەكەینەوە
هەروەها مامۆستا محەمەد جومعە سەبارەت بە بڕینی قوتی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وتی:"دوای٢٩ ساڵ لە حكومڕانی خۆماڵی تازە بە تازە ئەیانەوێت بە ناوی كوردایەتیەوە قوت و نانی منداڵەكانمان ببڕن و مەرگی ئازیزانمان بە چاوی خۆمان ببیین، هەر بۆیە لێرەوە لە كەركوكی چەندجار فراشراوەوە دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەرز دەكەینەوە، دەسەڵاتداری هەرێم ئاگادار دەكەینەوە كە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە و پێویستە بە ئەمانەتەوە بڕۆنە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتەوە و ئەم میلەتە لەم قەیران و نەهامتیە ڕزگا بكەن."
سەبارەت بە پاڵپشتی کردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و مامۆستیان لە هەرێمی کوردستان و داکۆکی کردن لە مافەکانیان و ئیدانە کردنی هێڕشکردنە سەر مامۆستایان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لە دهۆک، مامۆستا محەمەد جومعە وتی:"هەروەها پاڵپشتی خۆمان بۆ هەموو ئەو دڵسۆزانەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەردەبڕین کە بۆ ناڕەزایەتی دێنە سەر شەقام و داوا لە دەسەڵاتدارنی هەرێم دەكەین كە نابێت بە هیچ شێوەیەك دژ بە ڕێپوان و خۆپیشاندان بوەستنەوە، وەك ئەوەی لە دهۆك ڕوویدا كە زۆر ناشارستانی و دوور لە هەموو مافەكانی مرۆڤ بەرامبەر بە مامۆستایان وەستانەوە."
مامۆستایان لە گردبوونەوەکەدا داواکارییەکانیان لەم خاڵانەی خوارەوە کۆکردۆتەوە:
یەکەم/پێدانی موچەكانمان مانگانە لە كاتی خۆیدا.
دووەم/ گواستنەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی كورد بۆسەر میلاکی حكومەتی عێراق.
سێ-یەم/ بڕینی ئەو بەشە بوجەیەی مامۆستایان لە كۆی ئەو بوجەیەی بۆ هەرێم دەنێردێت و لە كەركوك دابەش بكرێت گواستنەوەی بۆ كەركوك.
چوارەم/ تەرخانكردنی بڕێك لە پارەی پترۆ-دۆلار بۆ مامۆستایانی خوێندنی كوردی.
مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات و چارەنووستان لە سەدام و قەزافی باشتر نابێت
مامۆستا محەمە جومعە وتیشی: " لە کۆتایدا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چێتر سەبر و تەحمولی خەلکی بەبرینی قوتی منداڵەکانیان تاقی نەکەنەوە هەرچی پارەی دزراوی ئەم وڵاتەتان لە لایە یان لە بانکەکانی وڵاتانی دەرەوە شاردوتانەتەوە بیهێننەوە و بیدەنە دەستی خەلکە ستەمدیدەکان، گەر نا ئەوە مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات و چارەنووستان لە سەدام و قەزافی باشتر نابێت."
ز.ش