مانگرتنی حسێن کەرکوکی لە رۆژی شەشەم دایە

حوسێن کەرکوکی لە رۆژی شەشەم بەردەوامە لە چالاکیی مانگرتن لە خواردن دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داوا دەکات هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بەشداری مانگرتن بن.

حوسێن کەرکوکی ئەندامی دەستەی دبلۆماسی تەڤگەری ئازادی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەم چالاکییەی ئێمە لە چوارچێوەی ئیدانەکردنی ئەو گۆشەگیرییەدایە، کە رۆژ بە رۆژ لە سەر ڕیبە ئۆجەلان زیاتر دەبێ و بەرەو مەترسیدارتربووون دەڕوات. منیش وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی دیموکراتی بۆ پشتیوانیی ئەم مانگرتنەم دەستپێکردووە، کە لە باکوور بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن لە باشووریش بە پێشەنگایەتیی ناسر یاگز و هەڤال هەرێم لە کەلار و هەولێر و ئێمەش لە کەرکوک دەستمان کرد بە مانگرتن دژی گۆشەگیری".

دەربارەی بێدەنگیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حوسێن کەرکوکی وتی: "بە داخەوە ئەو رێکخراوانەی کە باسی مافی مرۆڤ دەکەن لە سەر کەیسی گەلی کورد و رێبەر ئۆجالان نایەنە دەنگ و بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی دەربارەی ئەو کارە نا ئەخلاقی و نامرۆڤانەیە، کە لە دژی رێبەر ئۆجالان ئەنجام دەدرێت، هەیە".

ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی لە کەرکوک ئەمانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنین، کە خەڵکی ئێمە بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە دژ بە رێبەر ئۆجالان، چونکە رێبەر ئاپۆ خەتی سوورە بۆ گەلی کورد و پێویستە دوژمنان باش بزانن ئێمە دەستبەرداری ڕیبەرەکەی خۆمان نابین و فکری رێبەر ئاپۆ دەگەیەنین".

ئەوەشی وت: "دەبینین لە دەرەوەی وڵات و لە زیندانەکانی باکووری کوردستانیش چالاکیی گیانبازی دەکرێت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گەل ئامادەیە بەرخۆدان لە خۆی و رێبەرەکەی بکات، پێویستە شرۆڤەیەکی ورد بکەین کە بۆ چی ئەم چالاکییانە دەکرێت و لێیان تێبگەین. بە تایبەتی گەل پێویستە لەم قۆناغە وشیار بێتەوە و پێویستە ئەو چالاکییانە فراوان بکەینەوە تا پەیامی خۆمان بۆ دەرەوەی وڵات بگەینین، کە پەیامی کورد پەیامی ئاشتییە و رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە خەتی سوورە. رەخنەمان هەیە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەر ئەو بێ دەنگییەی بەرامبەر ئەو پێشلکارییانەی بەرامبەر گەلی کورد و رێبەر ئۆجالان و گەلانی ناوچەکە دەکرێت. لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر رۆژ بە رۆژ هەوڵدراوە گەلانی کەرکوک پارچە پارچە بکەن ئێمەش وەکو ئەو فکرەیەی هەمانە کە ئازادی بۆ گەلانە  دژی پارچە کردنی گەلانی کەرکوک تێدەکۆشین".

وتیشی: "موراڵی ئێمە بەرزە بە تایبەتی کاتێک دۆست و لایەنگران و رێکخراوەکان سەردانمان دەکەن، کە ئەمانە هەمووی بۆ ئێمە پەیامێکی گرنگە".

 لە کۆتایشدا وتی: "داوا لە هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک دەکەین کە بەشداری ئەم چالاکییە ببن، چونکە ئازادیی رێبەر ئۆجالان ئازادیی گەلانە بە تایبەتی بە پێشەنگایەتیی گەنجان و ژنان، بەم مانگرتنەمان ئەمانەوێت بە هەموو جیهان بڵێین کە رێبەر ئاپۆ بە تەنها نییە".

ر.م