ناسر یاگز: بەرخودان ژیانە!

چالاکیى مانگرتنی بێسنووری ناسر یاگز ئەندامى هەدەپە لە هەولێر لە دژی گۆشەگیری لە ٧٥هەمین رۆژدایە. یاگز رایگەیاند، تاوەکو گۆشەگیری کۆتایى پێنەیەت بەرخودان بەردەوامیى دەبێت.

چالاکییەکانى مانگرتنی بێسنوور لە باشووری کوردستان بە پێداگرییەوە بەردەوامییان هەیە. ناسر یاگز، کە بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە برابوو بۆ نەخۆشخانە دواى پشکنینى پزیشکی گەڕایەوە بۆ نوێنەرایەتیى هەدەپە لە هەولێر و بەردەوامە لە مانگرتنەکەى و رایگەیاند، تاوەکو دوا هەناسە درێژ بە بەرخودانەکەى دەدات.

رۆژ لە دواى رۆژ دۆخی تەندروستیى ناسر یاگز قورستر دەبیت. یاگز لەبارەى دۆخی خۆیەوە رایگەیاند، هەرچەند لە رووی جەستییەوە دۆخی تەندروستیى خراپە، بەڵام بە پێداگرییەوە تاوەکو دوا هەناسە بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکەى.

یاگز رایگەیاند، بێحاڵی، هیلاکى و ژانە سەرەکەى هەر وەک پێشتر بەردەوامیى هەیە. ئیتر گەدەشی تواناى وەرگرتنى ئاویشی نییە و ئازار دەکێشێت لە کاتى خواردنەوەى ئاویشدا. هەروەها لە لەبیرچوونەوە و هەستیاریى بەرامبەر بە رووناکی و بیستن و رەشانەوەشی تیادا دروستبووە.

یاگز ئەوەشی خستەڕوو، ١٢ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە و جاروبار بەرچاوى تاریک دەبن و دواى ماوەیەک تاریک بوونەکە نامێنێت و وتیشی "تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکەى بەردەوام دەبێت لە بەرخودانەکەى".

مەخموور

لە کامپى پەنابەرانى شەهید رۆستەم جودی (مەخموور) چالاکیى مانگرتنى بێسنوور لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٢٥ی سەرماوەزەوە بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیپێکردووە و ماوەى ٤٩ رۆژە مانگرتنەکە بەردەوامە. چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ١٧هەمی مانگرتووەکانەوە بەردەوامی پێدەدرێت.

چالاکیى مانگرتنى بێسنووری فەدیلە تۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنى ئیشتار کە لە رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٩ بەرفرانبار لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ١٥ رۆژە بەردەوامە. تۆک رایگەیاند، تاوەکو گۆشەگیریى کۆتایى پێنەهێنرێت بەردەوام دەبێت لە مانگرتنەکەى.

چالاکیى ئەنجوومەنى ئیشتار لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە

چالاکیى ئەندامانى ئەنجوومەنى ئیشتاری کامپى پەنابەرانى شەهید رۆستەم جودی لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٠ی رێبەندان لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر لە ٥هەمین رۆژدایە.

نوران سەزگین ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنى ئیشتار لەبارەى چالاکییەکەیانەوە بە ئاژانسى هەاڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "ئامانجی سەرەکیمان تێکشکاندنى گۆشەگیریى قورسی سەر رێبەرایەتیمانە. ئێمە بینیمان رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە داواکانى ئێمە بێدەنگە، لەبەر ئەوە بێدەنگییەش ئێمە لەبەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان دەستمان بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کرد".

سەزگین سەرنجی خستەسەر هێرشی هێزە دەمامکدارەکانى ئاسایشی هەولێر بۆ سەریان و راشیگەیاند "لە رۆژی دووەمی چالاکییەکەماندا، هێزەکانى ئاسایشی هەولێر بە شێوەیەکى دڕندانە هێرشیان کردە سەر چادری چالاکییەکە و چادرەکەیان تەختکرد. دوای سوکایەتی پێکردن سواری ئۆتۆمبێلەکانیان بوون و رۆیشتوون".

پێداگرین سەر بەردەوامیدان بە چالاکییەکەمان

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنى ئیشتار ئاماژەى بە بێدەنگیى رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە ئەوروپییەکانى بواری مافەکانى مرۆڤ و پارێزەرانى پەنابەران کرد و وتى "ئێمە ئەو بێدەنگییە قبوڵ ناکەین و بۆ ئەو مەبەسەتەش سبەی لەگەڵ رێکخراوى مافی مرۆڤ کۆدەبینەوە. یەکێک لە داواکانمان ئەوەیە، کە پێداگرین لە مانەوە لە بەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو کۆتایهاتن بە گۆشەگیری".

شەنگال

چالاکیى مانگرتنى بێسنوور لەلایەن یەکیتیى گەنجانى ئێزدی و یەکێتیى ژنانى گەنجی ئێزدی لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٦ی بەفرانبار لە خانەسۆر بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستپێکردووە و ئێستا ماوەى ٢٨ رۆژە ئەو چالاکییە بەردەوامە.

لە سبەییەوە چالاکیى مانگرتنەکە لە شەنگال بەڕێودەچێت و لە شەنگال درێژ بە چالاکییەکە دەدرێت.

سلێمانی

چالاکیى مانگرتن لە بینای کۆمەڵەى کرێکارانى میزۆپۆتامیا لە سلێمانى ماوەى ٥٠ رۆژە بەردەوامە و ئێستا چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ٢٧هەمین مانگرتوانەوە بەڕێوەدەچێت.

لە باشووریکوردستان چالاکییەکانى مانگرتن بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامیان هەیە. لە بینای کۆمەڵەى کرێکارانى میزۆپۆتامیا لە سلێمانى ماوەى ٥٠ رۆژە مانگرتن بۆ تێکشکاندنى گۆشەگیری بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ٢٧هەمی مانگرتووەکان لە دەستەى ٢٦هەمی مانگرتووەکان وەرگیرا و چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ٢٧هەمی مانگرتووانەوە بەردەوامیى هەیە.

دەستەکانى مانگرتوو لە هاووڵاتییانى هەر ٤ بەشی کوردستان پێکدێن.

ر.م