نەخۆشخانەیەك ٨ ساڵە بێ بەرامبەر خزمەت دەکات

ساڵانێکی درێژە کۆمەڵێک کارمەندی تەندروستی و پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەکانی قەندیل بێ بەرامبەر خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن. هاووڵاتییانی قەندیل و ئەندامانی نەخۆشخانەکە لە بارەی کار و خەباتی ئەم نەخۆشخانەیە بۆ ئاژانسەکەمان دوان.

نەخۆشخانەی ''شەهید حاجی ئەحمەدی قالە قەساب'' ساڵی ٢٠١٢ لە گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل دامەزراوە. بووەتە ناوەندێکی کار و خەباتی خۆبەخشانە بۆ کۆمەڵێک کارمەندی تەندروستی و پزیشک، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتەکانیان کەمە، بەڵام بەشێوەێکی زۆر باش و وریایانە کارەکانیان دەکەن. لە زاری  خەڵکی ناوچەکەوە بیستمان، کە لێیان ڕازین.

 یەکێک لەو هاووڵاتییانە بەناوی عەبدولڕەحمان ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات: ''لێرە بە شیوەێکی زۆر باش بەدەم نەخۆشەکانەوەن و  ڕێزیان دەگرن، ئەمە بووەتە هۆکار کە هەموو کەسێک بێت بۆ ئێرە، لە هەموو لاێکەوە نەخۆش دێت بۆ ئەم نەخۆشخانەیە. لە ڕابردوودا د. مێدیا هەبوو، کە زۆر بە تایبەتی ڕاوەستەی لەسەر کێشەی نەخۆشەکان دەکرد و زۆر باش بوو و ئەوانەی ئێستاش لێرەن بە هەمان شێوەن. ئەم کارمەند و پزیشکانەش بێ وەستانەوە لە کارکردندان، ئێمە زۆر خۆشحاڵین و  دەستخۆشییان لێ دەکەین''.

هەروەها هاووڵاتییەکی تر بەناوی شوکریە سەرەڕای باش هەڵسەنگاندنی کارەکانیان و ڕازیبوون لێیان دەڵێت: ''داوکاریم لە وەزارەتی تەندروستی و ئیدارەی ڕاپەڕینیش هەیە، کە لەلایەنی تەندروستی و بۆ دابینکردنی دەرمان و ئامێرەکان لەگەڵ ئەم نەخۆشخانەیەدا هاوکار ببن بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت خزمەت بکرێت''.

هاوکات ژنێکی گەنج بە ناوی ئەمیرە لەبارەی نەخۆشخانەکەوە دەڵێت: ''ئێمە دەستخۆشی لەم نەخۆشخانەیە دەکەین. خزمەتێکی زۆر گەورە بە ئێمە دەکەن و سوپاسیان دەکەین و هیچ گلەیی و گازەندەێکمان لێییان نییە، چونکە زۆر بە باشی کاری خۆیان ئەنجام دەدەن''.

ئەحمەد ڕەسوڵیش هاووڵاتیێکی تری گوندی بۆکریسکانە و دەڵێت: ''ئێرە بووەتە مایەی خۆشحاڵی بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە و تەنانەت لە شارەکانی باشوور زۆر نەخۆش هەبووە هاتووەتە ئێرە و ئێستاش زۆر کەس دێت، ئەوان بەشێوەێکی جدی کارەکانیان دەکەن و هاوکاریی خەڵکی دەکەن بەبێ ناسینی کات و شوێن بۆ هەر یارمەتی و فریاگوزاریێك ئامادەن''.

جیاواز لە وتەی هاووڵاتییان ویستمان بۆچوونی کارمەندانی نەخۆشخانەکە وەربگرین. چووینە لایان و نالین پڵنگ، کە لەو نەخۆشخانەیدا  کار دەکات لەبارەى کارەکانیانەوە وتی: ''ئێمە لە هەفتەیەکدا ٥ ڕۆژ لە نەخۆشخانەکەمان چاودێریی نەخۆشەکان دەکەین. ڕۆژانی تریش بە شێوەێکی گەڕۆک سەردانی گوندەکانی ناوچەکە دەکەین و  چاودێریی تەندروستی و  نەخۆشیی گوندییەکان دەکەین. سەرەڕای کەمیی هەندێک پێداویستی و دەرمان، بەڵام ئێمە ناوەستینەوە و بەردەوامین لە کارکردن. ئەمەش بووەتە هۆکاری هاتنی ئەم هەموو خەڵکە لە شوێنە جیاجیاکانی باشووری کوردستانەوە بۆ ئێرە. ئێمە ڕەفتار و قسەکردنمان لەگەڵ نەخۆشەکانمان و خەڵکە وەك هاوڕێەکە و  بە ڕێزەوە لەگەڵیان ڕەفتار دەکەین و پێویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین. هەوڵ دەدەین لە هاوکاریی پزیشکی زیاتر لەلایەنی دەروونی و ڕووحییەوە سەبارەت بە نەخۆشییەکانیان باوەڕیان پێ بهێنین و بەم شێوەیە چارەسەر ببن. ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەو هەموو خۆشەویستی و  ڕازیبوونەی خەڵکی ناوچەکە''.

پڵنگ لە کۆتایی قسەکانیدا داوای هاوکاریی زیاتر بۆ نەخۆشخانەکە دەکات و  دەڵێت: ''لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەنگەسەر هات و خۆی وتی 'خەمتان نەبێت چی پێویست بێت ئێمە بۆ ئەم نەخۆشخانەیەی دەکەین'، بەڵام ئەم وتانە نەبوونە کردار، هەر بۆیە داواکرین، کە خاوەندارێتی لە وتەکانیان بکەن و هاوکاربن بۆ ئێمەش بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین کاری باشتر بکەین، چونکە ناوچەکە زۆر گەورەیە و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرە. بە دڵنیاییەوە ئێمە ناوەستینەوە  و بەردەوامین لە کارکردن، چونکە ئێمە وەك خزمەتێکی گەورەی مرۆڤدۆستانە سەیری کارەکەمان دەکەین".

ژ.ت