هێزه‌كانی یه‌ژا ستار و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتوو دژی سه‌ربازگه‌یه‌ك چالاكییان كرد

هێزه‌كانی یه‌ژا ستار و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتوو له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشگێڕیدا كه‌ له‌ هه‌رێمی سه‌رحه‌د ده‌ستی پێكردووه‌، له‌ دژی سه‌ربازگه‌ی كۆرخان چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) ڕاگه‌یه‌نراوێكی ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی گه‌ریلا له‌ پارێزگه‌ی ئیدر و جۆله‌مێرگ بڵاوكرده‌وه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ژنه‌گه‌ریلاكان گورزیان له‌ ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سوپای توركیای داگیركه‌ر داوه‌ و ٢ كۆنترا (ئه‌ندامی هێزی دژه‌گه‌ریلا) كوژراون.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

«له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشگێڕیی هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد (یه‌ژا ستار YJA Star) و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتوو (KBDH) كه‌ له‌ هه‌رێمی سه‌رحه‌د ده‌ستی پێكردووه‌، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووه‌م\٢٩ی گه‌ڵاڕێزان كاتژمێر ٩ له‌ دژی سه‌ربازگه‌ی كۆرخان-ی ناوچه‌ی باشان-ی سه‌ر به‌ شاری ئیدر چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا. له‌ ٢ قۆڵه‌وه‌ له‌ سه‌ربازگه‌كه‌ی دوژمن و ئۆتۆمبێله‌ زرێپۆشه‌كان درا. له‌ ئه‌نجامدا گورز له‌ ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش درا و ٢ كۆنترا كوژران و كۆنترایه‌كیش بریندار بوو.

چالاكی له‌ شه‌مزینان

٢٠ی تشرینی دووه‌م\٢٩ی گه‌ڵاڕێزان كاتژمێر ١٨، ئۆتۆمبێلی كۆنترا محه‌مه‌د عه‌لی ئۆزتورك كه‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی دورێ-ی ناوچه‌ی شه‌مزینانی جۆله‌مێرگ به‌ره‌و كه‌مپی دێ كه‌ ناوه‌ندی كۆنترایه‌ ده‌چوو، بووه‌ ئامانجی هێزه‌كانمان. دوای ئه‌وه‌ی گورز له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ درا، كۆنتراكه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕای كرد. هێزه‌كانمان چوونه‌ لای ئۆتۆمبێله‌كه‌، ٢ ده‌مانچه‌، چه‌كێكی جۆری AK-47 (كڵاشینكۆف)، ٢ دووربینی دووریپێو، ٢ جانتا و زۆر به‌ڵگه‌نامه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كردن. دواتریش ئۆتۆمبێله‌كه‌یان به‌ته‌واوی تێكشكاند.»

s.m