هەپەگە: لە بارزان ٤ سەربازى تورکیا کوژران

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هەپەگە رایگەیاند، لە چالاکیى گەریلادا لە ناوچەى بارزان لە باشوورى کوردستان ٤ سەربازى تورکیاى داگیرکەر کوژران.

ناوەندى راگەیاندن و چاپەمەنیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لەبارەى چالاکیی هێزى گەریلا لە ناوچەى بارزان لە باشووری کوردستان و هەرێمى مێردین راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە، هێزى گەریلا لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری دا، رۆژی ١٦ی تەمووزی ٢٠١٨ و لە کاتژمێر ١٩:٠٠ دا لە نزیک چیاى بایراک لە ناوچەى بارزان لە باشوورى کوردستان گورزیان لە یەکەیەکى سوپاى تورکیاى داگیرکەر وەشاندووە.

بەپێى راگەیاندراوەکەى هەپەگە، لەو چالاکییەى هێزەکانى گەریلادا ٤ سەربازى سوپاى تورکیاى داگیرکەر کوژراون.

هاوکات هەپەگە لە راگەیاندراوەکەیدا لەبارەى چالاکیى هێزى گەریلا لە مێردین رایگەیاندووە "هێزەکانمان لە چوارچێوەى هەڵمەتى شۆڕشگێڕیى شەهید دەلال ئامەد و شەهیدانى بەستادا، لە دژی تۆڕى دابەشکردنى گازی سروشتی لە نێوان ناوچەکانى میدیات و کەربۆرانی مێردیندا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامى ئەو چالاکییەدا تۆڕى دابەشکردنى غازى سروشتى تێکشکا".

ر.م