هەپەگە: لە باکوور وباشووری کوردستان ۱۰سەربازی سوپای تورکیا کوژران

هەپەگە ئاشکاری کرد، لە ئەنجامی چالاکی گەریلا لە هەرێمی برادۆست وبازرانی باشووری کوردستان ٤سەرباز و لە سێرتی باکووری کورستان ٦ سەربازی سوپای تورکیا کوژرون.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە دەربارەی چالاکییەکانی گەریلا ڕاگەیەنراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە:

" لە چۆارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی شەهید پیرۆز وشەهید ئاگریدا هێزەکانمان لەدژی سوپای داگیرکەری تورکیا چالاکیی ئەنجامدا. زانیاری لەوبارەیەوە:

'چالاکی لەگەڤەر'

سوپای داگیرکەری تورکیا ماوەیەکە لە نێوان مەرگێزەرو شیتازان-ی ناوچەی گەڤەر-ی جولەمێرگ خەریکی دروست کردنی ڕێگەی سەربازییە، هێزەکانمان لە ڕۆژی ٨ی تەمووز/١٧ی پووشپەردا لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەکدا لە دژی ئامێرەکانی ڕیگەوبانی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا ٤ بۆلدۆزەر و چەند کامیۆن بەتەواوی تێکشکا. دوای ئەو چالاکییە سوپای تورکیا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەری کۆبراوە ناوچەکەی تۆپباران کرد.

' لە باشووری کوردستان ٤ سەربازی سوپای تورکیا کوژران'

لە ڕێکەوتی ٨ی تەمووز/١٧ی پووشپەڕ لە کاتژمێڕ ١٧:٣٠ خولەکدا، هێزەکانمان سوپای داگیرکەری تورکیایان لەسەر گردی لێلیکان-ی هەرێمی برادۆست-ی باشووری کوردستان کردە ئامانج.لە دوو قۆڵەوە هێرشی سەنگەرەکانی دوژمن کرا و سەربازێکی سوپای تورکیا کوژرا.

هێزەکانمان لە هەمان ڕۆژدا لەکاتژمێر ١٩:٤٥  لەدژی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەی گردی خودێ-ی هەرێمی بارزان لە باشووری کوردستان چالاکییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا  ٤ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.

' لە سێرت ٦ سەربازی سوپای تورکیا کوژران'

لە ڕێکەوتی ٧ی حوزەیران/٢٦ی جۆزەردان لە کاتژمێر ١٧:٠٠ گەریلاکانمان لە دژی بنکەیەکی سەربازی سوپای تورکیا لە  گردی شۆخا-ی ناوچەی بەروار-ی سێرت چالاکییان ئەنجامدا. گورزێکی سەخت لە سەنگەرەکانی دوژمن درا و ٦ سەربازی سوپای تورکیا کوژران.دوای ئەو چالاکییە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد و دوای چەند کاتژمێر بەبێ ئەنجام  کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنا."

ک-ش