هەپەگە : لە زنجیرە چالاکی گەریلا لە باشوورو باکووری کوردستان ٧ سەربازی سوپای تورکیا کوژران

هەپەگە ڕایگەیاند کە گەریلاکانی لە باشووری کوردستان، جولەمێرگ، ئاگری و وان لەدژی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجامداوە و لەو چالاکییانەدا ٧ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە دەربارەی ئەو چالاکییانە ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە. هەپەگە دەستنیشانی کرد کە " گەریلاکانمان لە چۆارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهید پیرۆز وشەهید ئاگریدا لە ٢١ی تەمووز/٣٠ی پووشپەڕدا لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەرچالاکییان ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگەدا هاتووە :

هێزەکانمان لە کاتژمێر ٠٨:٥٠ خولەکدا لە دژی یەکینەیەکی سوپای تورکیا لەسەرگردی شەهید زەردەشت-ی ناوچەی گەڤەر-ی جولەمێرگ چالاکییان ئەنجامدا. گورزی سەخت لە سەنگەرەکانی دوژمن درا ، بەڵام ژمارەی کوژراوانی دوژمن نەزانراوە.

لە کاتژمێر ١٣:٠٠ هێزەکانمان لە هەرێمی  نێوان گوندی شەواتا و شەڕڤانێ-ی گەڤەر لەدژی سوپای دوژمن چالاکییان ئەنجامدا. ژمارەی کوژراوانی دوژمن نەزانراوە.

کاتژمێر ١٥:٠٠ هێزەکانمان لە سەرگردی لێلیکان-ی هەرێمی برادۆست-ی باشووری کوردستان  سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج.چالاکییەکە لە دوو قۆڵەوە ئەنجامدرا . لەو چالاکییەدا ٣ سەربازی سوپای تورکیا کوژران وسەربازێکی دیکەش بریندار بوو.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە گەریلاکانمان لە دەوروبەری شارۆچکەی بازیدی سەربە ئاگری گورزی توندیان لە سوپای تورکیا وەشاندووە  ، لەو چالاکییەدا ٢ سەرباز کوژران و یەکی دیکەش برینداربوو.

لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە وانیش ڕایگەیاندووە: دوێنێ کاتژمێڕ ١٩:١٥ خولەکی ئێوارە لە دژی بارەگای سەربازیی گوزەلدەرەی سەربە ئەلبەکی وان چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا دوو سەرباز کوژران و دووان برینداربوون.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر ١٥ :٠٠ی پاش نیەوڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی سیدەی سەربە چەمچۆی هەرێمی  زاپی  سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردوومانکرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.

ک-ش